خۆراكی ڕووەكی ئەگەری شێرپەنجە كەم دەكاتەوە

خۆراكی ڕووەكی ئەگەری شێرپەنجە كەم دەكاتەوە

 لێكۆڵینەوەكان جەخت دەكەنەوە كە خۆراكی دەوڵەمەند بە بەرهەمی ڕووەكی Vegetarian یان خۆراكی ڕووەكیی تەواو كە هیچ بەرهەمێكی ئاژەڵی لەخۆ نەگرێت Vegan، ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە و نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان كەم دەكاتەوە. دوو هۆكاری گەورەی مردن لە سەرتاسەری جیهاندا بریتین لە شێرپەنجە و نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان، بەڵام چەندین لێكۆڵینەوە جەختیان كردووەتەوە كە لە ڕێگەی هەڵبژاردنی جۆری خۆراكەوە دەتوانرێت تا ڕادەیەكی زۆر خۆمان لەم نەخۆشییانە بپارێزین. خۆراكی ڕووەكی وەكو سەوزە و میوەی جۆراوجۆر، پاقلەمەنییەكان، هەروەها دانەوێڵەی تەواو لە لایەن پسپۆرانی تەندروستی ڕێنمایی دەكرێت وەكو هەنگاوێكی سەرەكیی چارەسەر یان كۆنترۆڵكردنی گەلێك نەخۆشیی وەكو: نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم، قەڵەوی، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، هەروەها ڕەقبوونی خوێنبەرەكان و نەخۆشیی دڵ. كەچی بڕی زیادی شەكر، خوێ، دانەوێڵەی سافكراو، لەگەڵ گۆشتی سووری پرۆسێسكراو زیانی زۆر بە تەندروستی دەگەیەنن. خۆراكی ڕووەكی هاندەرە بۆ باشتركردنی پرۆفایلی چەوریی خوێن، كۆنترۆڵكردنی كێشی لەش، كۆنترۆڵكردنی پەستانی خوێن، ڕێكخستنی ئاستی شەكری خوێن، باشتركردنی تەندروستیی كۆئەندامی هەرس، لەگەڵ كەمكردنەوەی ئاستی هەوكردن لە لەشدا.

Top