لە كاندیدكردن بۆ پەرلەمانی كوردستان ئەزموونەكانی ڕابردوو دووبارە مەكەنەوە

لە كاندیدكردن بۆ پەرلەمانی كوردستان ئەزموونەكانی ڕابردوو دووبارە مەكەنەوە

 

زۆری نەماوە پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت. دیارە ئەم پرۆسەیە بەرپرسیارێتییەكی گەورە و هەستیار دەخاتە سەرشانی هەموو ئەو حزب و لایەنانەی بەشداری تێدا دەكەن، ئەویش لەوەدا خۆی دەنوێنێت، كە نەكەن ئەزموونەكانی خولەكانی پێشتر دووبارە بكەنەوە، لە ڕووی ناونان و كاندیدكردنی ئەو كەسانەی دەتانەوێت بیاننێرنە پەرلەمانی كوردستان، ئاگاتان لێ بێت ئەوانە مەنێرنە پەرلەمان كە شارەزاییان نییە، یان ڕابردووی پاك و بێگەردی نیشتمانپەروەری و سیاسی و ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتییان نییە، ئەوانە كاندید مەكەن بە پشتبەستن بە پەیوەندیی تایبەتی، یان حزبایەتیی تەسك، یان پەیوەندیی خێزانی و عەشایری، چونكە ئاگاتان لێ بێت، سەدان كادیری حزب هەن كە شیاو و بەهرەمەند و بەتوانان، كە بەردەوام لەبەر ئەو هۆكارانەی باسم كردن، دوور خراونەتەوە، ئەمە جگە لە كەسانی دڵسۆز و سەربەخۆ و بێلایەنی نیشتمانپەروەر كە پسپۆڕن لە زۆر بواری پێویستدا.

لە ڕاستیدا، ئەگەر ئەو حزبە كوردستانییانە هەمان ئەزموونەكانی پێشوو دووبارە بكەنەوە، ئەمە كاریگەری و دەرهاویشتەی زۆر نەرێنی دەبێت، بەتایبەتی پەرلەمان كە دامەزراوەیەكی یاسادانان و چاودێرییە، لەو حاڵەتەدا دەبێتە دامەزراوەیەكی پاشكۆی حزبەكان و ناتوانێت چاودێری و لێپرسینەوە لە حكومەت بكات، واتا ئەو پەرلەمانە هیچ ڕۆڵێكی لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی نابێت و، بە دامەزراوەیەكی سەربەخۆی یاسادانان و چاودێریی هەژمار ناكرێت، بەڵكو دەبێتە دەزگایەك بۆ ئەركی تایبەت و هەر پەرلەمانتارێكیش كار بۆ حزبەكەی خۆی دەكات و بە ڕێنمایی و داخوازیی حزبەكەی هەڵسوكەوت دەكات و، هیچ خزمەتێك بە خەڵك ناكات و بەرژەوەندیی گەل و وڵات پشتگوێ دەخات، ئەمەش بەو واتایەیە كە پەرلەمان گرنگی بە پێشخستنی كۆمەڵگە نادات لە ڕووی ئابووری و كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و تەندروستییەوە، بەڵكو ڕۆڵی ئەو پەرلەمانە تەنیا پشتیوانی و پاڵپشتیكردن دەبێت لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن، چونكە لەو حاڵەتەدا پێی وایە كە بەو ئەركە تەنیا حكومەت هەموو شتێكە و هەرچی فەرمووی، دەست بە سینگەوە دەگرێت.

بەم بۆنەیەوە لەلای خۆمەوە بە خۆنەویستییەوە پێشنیار دەكەم كە كاندیدی پەرلەمانی كوردستان ئەم بنەمایانەی تێدا بێت، تاكو لە كارەكەیدا سەربكەوێت:

1- دەستپاك بێت و پابەند بێت بە بەها كۆمەڵایەتی و پرەنسیپەكانی ڕەوشت و مۆراڵەوە، مێژوویەكی نیشتمانیی سەربەرزی هەبێت، ئامادە بێت بەرپرسیارێتی بە هەموو شەفافییەتێك و بێ پێچ و پەنا لەهەمبەر كۆمەڵگەكەی لەئەستۆ بگرێت.

2- پێویستە شارەزا و پسپۆڕ بێت لە یەكێك لەم بوارانەدا، یاسا، كشتوكاڵ، پیشەسازی، بازرگانی، تەندروستی، پەروەردە، گەشتوگوزار، ژینگە و.. تاد.

3- پێویستە ئاستێكی بەرزی پێگەیشتن و تێگەیشتن و هۆشیاری و ڕۆشنبیریی سیاسی هەیێت، تاكو بتوانێت بە تێروتەسەلی لە هەموو پرس و كێشەكان بگات و، شیكردنەوەی تەواویان بۆ بكات، ئاگاداری پەرەسەندنەكانی ناوخۆ و دەوروبەر و جیهان بێت، شارەزای سیستەمی سیاسی و دەستووری بێت لە عێراق و كوردستان.

4- توانای پیشەیی هەبێت كە بتوانێت لە كاتی ڕوودان و هاتنە پێشەوەی هەر پرس و كێشەیەك، بەشداری بكات لە خستنەڕووی پێشنیار و چارەسەری پراكتیكی بەپێی ئەو پسپۆرییەی هەیەتی.

5- بتوانێت لەنێو یەك تیمدا كاربكات بۆ وەدیهێنانی ئامانج و داخوازییەكان و جێبەجێكردنی پلانەكانی گەشەپێدان بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵگەی كوردستانی، بەبێلایەنی، واتا جیاوازی لەنێوان ناوچەیەك و ناوچەیەكی دیكەدا نەكات.

6- توانای ئەوەی هەبێت دەستپێشخەری و پڕۆژە بخاتە ڕوو بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵگەی كوردستانی بەو پێیەی كە نوێنەری خەڵكە، تاكو بێ جیاوازی داكۆكی لە هەموو پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی بكات.

7- سیما و خەسڵەتەكانی سەركردایەتی تێدا بێت، تێكەڵی هاووڵاتیان بێت، مەینەتی و داواكاری و پێداویستییەكانیان لە كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بخاتە ڕوو.

8- شارەزا بێت لە كار و ڕێكار و ڕێوشوێنەكانی نێو پەرلەمان، هەروەها لە ڕووی قسەكردن و دانوستان و گفتوكۆكردن لەگەڵ هاوپیشەكانی بۆ خزمەتكردن و بەرژەوەندیی كۆمەڵگە.

پشتبەستن بەو خاڵانەی خرانەڕوو، یارمەتیی حزبەكانی بەشدار لە هەڵبژاردن دەدات، تاكو بزانن كێ كاندید دەكەن، ئەوانەی لێهاتوو و كارامە و شارەزا و پسپۆڕن لە بوارەكانی خۆیاندا، بۆ ئەوەی بە دڵسۆزی و دەستپاكی خزمەت بكەن.

هەندێ حزب پێی وایە هەمیشە پشت بە توێژی گەنجان ببەسترێت، ڕاستە، ئەمە شتێكی ئەرێنییە، بەڵام سوودوەرگرتن لەو كەسانە تەنیا بڕوانامە و شایستە ئەكادیمییەكان نییە، بەڵكو پێویستە ئەو گەنجانە ڕابهێنرێن و خولی شیاندنیان بۆ بكرێتەوە، بەپێی ئەو پسپۆڕییەی كە هەیانە، تاكو شارەزایی و ئەزموونی زیاتر بەدەست بهێنن، دواجار سوودیان لێ وەربگیرێت.

لێرەدا حەزدەكەم هەر بۆ بیرهێنانەوە، پەیامێك ئاراستەی كاندیدانی پەرلەمانی كوردستان بكەم، ئەویش ئەوەیە كە پێویستە ئەندام پەرلەمان پابەند بێت بە كۆمەڵێك ئەركی هەمەجۆر، لەوانە بەشداریكردنی كارا لە دەركردنی یاسا و بڕیاری سیاسی، جگە لە چاودێری كردن و لێپرسینەوە لە حكومەت، بۆ ئەمەش ئەم خاڵانە پێویستن:

1- پێویستە ئەندام پەرلەمان دەستبەرداری وەلای حزبەكەی بێت، وەلای زۆری بۆ گەلەكەی بێت، نەچێتە ژێر باری فەرمان و داخوازییەكانی حزبەكەی، بەڵكو بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتی بخاتە لاوە و، هیچ ئاستەنگێك بۆ دەركردنی هیچ یاسایەك دانەنێت بە بیانووی ئەوەی خزمەت بە بەرژەوەندیی حزبەكەی ناكات.

2- پێویستە ئەندام پەرلەمان ڕۆڵی بەرچاوی هەبێت لە چاودێریكردنی ئەدای دامەزراوەكانی حوكمڕانی بە هەموو جۆری شەفافییەت و دادپەروەری و یەكسانی، دوور بكەوێتەوە لە لێپرسینەوەی سیاسی كە بەدەر بێت لە پیشەگەری بە ئامانجی ناوزڕاندن.

3- خستنەڕووی كێشە ئابووری و كۆمەڵایەتی و پەروەردەییەكان و پێشنیاركردنی ڕێگەچارەی گونجاو و پراكتیكی بۆ هەموو ئەو كێشانەی دەخرێنە ڕوو.

4- بەشداریكردنی كارا لە پێشنیار، یان هەمواركردنەوە، یان دەركردنی یاسا.

5- بەشداریكردن بە دەستپاكی و شەفافییەت و بێلایەنی لە لێژنەكانی لێكۆڵینەوەی نێو پەرلەمان سەبارەت بە كێشەكانی گەندەڵیی دارایی و كارگێڕی.

6- بەشداریكردن لە لێژنەكانی پەرلەمان بەپێی پسپۆڕییەكەی خۆی، بە هەموو كارامەیی و بێلایەنی، پلانی ستراتیژی بۆ وەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام بخاتە ڕوو.

7- پێویستە ئەندام پەرلەمان ڕۆڵی بەرچاوی هەبێت لە گفتوگۆكانی نێو پەرلەمان، لەبارەی دەركردنی بڕیار لە پرسە نیشتمانییەكان، هەروەها داكۆكیكردن لە بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان.

8- پێویستە ڕاوێژ بكات لەگەڵ ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ئابووریناسان و پسپۆڕانی دارایی و شارەزایانی دیكە لە خاوەن بڕوانامەی ئەكادیمیی تایبەت بەو یاسا و بڕیارانەی كە پەرلەمان بەنیازە دەریان بكات.

9- پێویستە ئەندام پەرلەمان بەشدار بێت لەو كۆنگرە و سیمینارانەی كە پەرلەمانە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەكان سازی دەكەن، بۆ بەتینكردنی هاوكاری و ئاڵوگۆڕی شارەزایی لە پێناو خزمەتی بەرژەوەندیی كۆمەڵگەی كوردستانی.

10- پێویستە ئەندام پەرلەمان كاربكات بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ئەوانەی داكۆكی لە مافی مرۆڤ دەكەن و ڕووبەڕووی گەندەڵی دەبنەوە.

 

شرۆڤەكاری سیاسیی سەربەخۆ

 

Top