سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی جەختیان لەوە کردەوە، پێویستە لە هەنگاوەکانی داهاتووی پڕۆسەی سیاسیی سووریادا هەڵوێستی کوردی یەک بێت.

سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی جەختیان لەوە کردەوە، پێویستە لە هەنگاوەکانی داهاتووی پڕۆسەی سیاسیی سووریادا هەڵوێستی کوردی یەک بێت.

بارەگای بارزانی بڵاوی کردووەتەوە "ڕۆژی چوارشەممە 12ی ئاداری 2025، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بارودۆخی سیاسی و دوایین گۆڕانکارییەکانی سووریا تاوتوێ کرا."

بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە "لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا مەزڵووم عەبدی وردەکاریی و دەرئەنجامی سەردانی خۆی بۆ دیمەشق و لێکگەیشتنیان لەگەڵ حکوومەتی سووریا بۆ سەرۆک بارزانی شی کردەوە."

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا  جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە پاڵپشتیی لە هەر هەنگاوێک بکرێت کە ببێتە هۆی ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا و هەروەها ئەوەش دووپات کرایەوە، پێویستە لە هەنگاوەکانی داهاتووی پڕۆسەی سیاسیی سووریادا هەڵوێستی کوردی یەک بێت."

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 10-03-2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، ڕێککەوتنێکی هەشت خاڵییان ئیمزا کرد. 

ئەو خاڵانەی ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە:

1- گەرەنتیکردنی مافی هەموو سوورییەکان لە نوێنەرایەتی و بەشداریی لە پرۆسەی سیاسیدا و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی بێ گوێدانە پاشخانە ئایینی و نەتەوەییەکانیان.

2- کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتییبوونیان دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانیان بۆ دابین دەکات.

3- ڕاگرتنی شەڕ لەنێو هەموو خاکی سووریادا.

4- تێکەڵکردنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای کوردستان) لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتیی دەوڵەتی سووریا، لەنێویاندا دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، کێڵگە نەوتی و گازییەکان.

5-گەرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە و پەنابەرە سوورییەکان بۆ شارۆچکە و گوندەکانیان و پاراستنیان لە لایەن دەوڵەتی سووریاوە.

6- پشتیوانیی دەوڵەتی سووریا لە ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی ئەسەد و هەموو ئەو هەڕەشانەی کە مەترسین لەسەر ئاسایش و یەکپارچەیی خاکەکەی.

7-ڕەتکردنەوەی بانگەشەکانی دابەشبوون و ڕق و کینە و هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشووب لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا دا.

8- لیژنە جێبەجێکارەکان کار و هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەدەن بە شێوەیەک کە لە کۆتایی ئەم ساڵ تێ نەپەڕێت.

Top