نیشانەكانی كەمیی ڤیتامین D لە منداڵدا

نیشانەكانی كەمیی ڤیتامین D لە منداڵدا

ڤیتامین D زۆر گرنگە بۆ تەندروستی و گەشەی منداڵ. حاڵەتەكانی كەمیی ڤیتامین D لە منداڵدا لە زیادبووندایە، بۆیە پێویستە لەسەر دایك و باوكان كە بە نیشانەكان ئاشنا بن بە مەبەستی زوو دەستنیشانكردن و چارەسەركردن، هەروەها پێویستە كە پەیڕەوی هەنگاوەكانی پاراستنی منداڵ لە كەمی ڤیتامین D بكەن. نیشانە باوەكانی كەمیی ڤیتامین D لە منداڵدا بریتین لە: دواكەوتنی گەشە و باڵاكورتی، ئازاری ئێسك و لاوازبوونی ئێسكەكان، زیاد تووشبوون بە هەوكردنە میكرۆبییەكان لەبەر لاوازبوونی سیستمی بەرگریی لەش، بێهێزبوونی ماسوولكەكان، هەستكردن بە ناڕەحەتی، گرفت لە تەركیزكردندا، لەگەڵ هەستكردن بە ماندووبوون و دابەزینی ئاستی وزەی لەش. یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی كەمیی ڤیتامین D لە منداڵدا بریتییە لە بەركەوتنی كەم بە تیشكی خۆر، هۆكاری دووەم بریتییە لە كەمیی ڤیتامین D لە خۆراكدا. سەرچاوە خۆراكییە دەوڵەمەندەكانی ڤیتامین D ئەمانەن: زەردێنەی هێلكە، شیرەمەنی دەوڵەمەندكراو بە ڤیتامین D، لەگەڵ ماسی بەتایبەتی لە جۆری سالمۆن، ماكارێل Mackerel، یان تونە. كەمیی ڤیتامین D چارەسەردەكرێت بە خۆدانە بەر تیشكی خۆر، هەڵبژاردنی خۆراكی دەوڵەمەند بە ڤیتامینەكە، لەگەڵ بەكارهێنانی ڤیتامین D بە شێوەی دەنك، كەپسول یان شرووب تەنیا بە ڕێنمایی دكتۆر.

Top