كەمیی ڤیتامین و گرفتەكانی پێست

كەمیی ڤیتامین و گرفتەكانی پێست

ڤیتامینەكان گرنگیی زۆریان بۆ تەندروستیی پێست هەیە، كەمبوونیان هۆكارە بۆ گەلێك حاڵەت و گرفتی پێست. ڤیتامین A هاندەرە بۆ دروستبوونی پرۆتینی كۆلاجین و نوێبوونەوەی خێرای خانەكانی پێست، كەمیی ئەم ڤیتامینە دەبێتە هۆی زیادبوونی ئەگەری ئەكزیمای پێست. ڤیتامین E دژەئۆكسانێكی بەهێزە، پێست لە زیانەكای كرداری ئۆكسان Free radicals دەپارێزێت، كە لە ئەنجامی بەركەوتنی پێست بە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی و پیسبوونی هەوا ڕوو دەدات، هەروەها پیربوونی پێست یان لۆچبوون دوا دەخات، شێداریی پێست دەپارێزێت، كەمیی ڤیتامین E هۆكارە بۆ زبربوون و وشكبوونی پێست، سووتانەوە لەگەڵ زیادبوونی ئەگەری هەوكردن. ڤیتامین C سیفەتی دژەئۆكسانی هەیە، پێست لە كاریگەرییەكانی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی دەپارێزێت، پێكهاتەكانی پێست دەپارێزێت و ڕۆڵی هەیە لە دروستبوونی پرۆتینی كۆلاجیندا، كەمیی ڤیتامین C دەبێتە هۆی ناسكبوون و وشكبوونی پێست لەگەڵ لوولبوونی قژ. ڤیتامین D هاندەرە بۆ كەمكردنەوەی هەوكردنی پێستدا، هەروەها چاكبوونەوەی برینەكانی پێست و نوێبوونەوەی خانەكانی، كەمیی ڤیتامین D هۆكارە بۆ سەختبوونی هەوكردنەكانی پێست بەتایبەتی زیپكە، ئەكزیما، لەگەڵ نەخۆشیی سەدەف. ڤیتامینەكانی B گرنگن بۆ پاراستنی پێست لە وشكبوون، دروستبوونی پرۆتینی كۆلاجین و نوێبوونەوەی خانەكان، كەمكردنەوەی ئەگەری هەوكردن و زیپكە، كەمیی ڤیتامینەكانی B هۆكارە بۆ زیپكە، قڵیشانی لێوەكان، وشكبوونی پێست، قانی سوور لەسەر پێستدا، هەروەها لۆچبوونی پێست.

 

 

Top