شەكری سپی، شەكری قاوەیی!

شەكری سپی، شەكری قاوەیی!

ئایا جیاوازی لە نێوان شەكری سپی White sugar و شەكری قاوەییدا Brown sugar هەیە؟ لە ڕاستیدا جگە لە جیاوازیی ڕەنگ هیچ جیاوازییەكی ئەوتۆ لە نێوان شەكری سپی و شەكری قاوەییدا نییە، بۆنموونە لە ڕووی پێكهاتنەوە وەكو یەكن، بەڵام شەكری سپی مامەڵە یان پرۆسێسكردنی زیاتری لەگەڵدا كرواە بەراورد بە شەكری قاوەیی. ڕەنگی شەكری قاوەیی لەوەوە هاتووە كە تێكەڵە لەگەڵ دۆشاوی شەكر Mollasse یان شیرەی چڕی قاوەیی شەكر، كەچی ئەم دۆشاوە لە كریستاڵەكانی شەكری سپیدا جیا دەكرێتەوە كە لە ئەنجامی گەرمكردنی شیرەی قامیشی شەكر یان چەوەندەردا پەیدا دەبێت. كەواتە دەتوانرێت كە شەكری سپی بە تێكەڵكردنی لەگەڵ دۆشاوی شەكردا بگۆڕدرێت بۆ شەكری قاوەیی. ڕێژەی كانزاكانی وەكو كالسیۆم، ئاسن، پۆتاسیۆم لە شەكری قاوەییدا تا ڕادەیەكی كەم بەرزترە بە بەراورد لەگەڵ شەكری سپیدا، لە لایەكی دیكە ڕێژەیەكی كەمی ماددە دژەئۆكسانەكان لەخۆدەگرێت كە بایەخی تەندروستییان هەیە، هەروەها یەك كەوچكی چای یان چوار گرام شەكری قاوەیی 15 كالۆریی وزە بە لەش دەدات، كەچی یەك كەوچكی چای لە شەكری سپی 16.3 كالۆری وزە دەدات.

 

Top