ژاراویبوون بە كانزای قورقوشم
ژاراویبوون بە قورقوشم Lead poisoning ڕوو دەدات پاش بەركەوتن بە ڕێژەی بەرزی قورقوشم. قورقوشم كانزایەكی قورسی ژەهراوییە، بە شێوەیەكی سرووشتی بە بڕی كەم لە توێكڵی زەویدا هەیە. سەرچاوە دسەتكردەكانی قورقوشم: بۆیە، شووشەی بۆیەكراو، شووشەی كریستاڵی، قاپوقاچاغی سیرامیك، لوولەی قورقوشمی. لەوانەیە كە هەر كەسێك تووشی ژاراویبوون بە قورقوشم ببێت، بەڵام منداڵانی ژێر شەش ساڵی زیاتر تووشی دەبن لەوكاتەی كە لەشیان لە گەشە و پەرەسەندندایە. هەندێك جار ژاراویبوون بە قورقوشم لە منداڵ و گەورەكاندا بێ نیشانەیە، نیشانەكان پاش بەركەوتن بە ڕێژەی بەرزی قورقوشم بە چەند هەفتەیەك تا چەند مانگێك ئینجا دەردەكەون. نیشانەكانی ژاراویبوون بە قورقوشم لە منداڵدا: سك ئێشە، ڕشانەوە، ناڕەحەتیی جەستەیی و زیادبوونی چالاكیی جەستەیی، گرفت لە فێربووندا، گۆڕن لە ڕەوشت، سەرئێشە، هەستكردن بە ماندووبوون، هەروەها كەمخوێنی. نیشانەكانی ژاراویبوون بە قورقوشم لە گەوراندا: سەرئێشە، سك ئێشە، گۆڕان لە كەسێتیدا، كەمخوێنی، هەروەها نەزۆكی.