بۆچی دابەزاندنی كێش بە خێرایی باش نییە؟

دابەزاندنی كێشی لەش مەسەلەیەكی ئاڵۆزە، چونكە جگە لە ڕیجیم و مەشقی وەزرشی، پەیوەندی هەیە بە: بۆماوە (جینەكان)، سرووشتی خەو، سترێس، بەكارهێنانی دەرمان، لەگەڵ تەندروستیی كەسی. هەر كەسێك هۆكاری تایبەت بە خۆی هەیە بۆ دابەزاندنی كێشەكەی، بەڵام دابەزاندنی خێرا ئاكامی نێگەتیڤی دەبێت. دابەزاندنی زانستییانە و لەسەرخۆی كێشی لەش، نەك نابێتە هۆی ئاكامیی تەندروستیی خراپ، بەڵكو بە پێچەوانەوە هاندەرە بۆ باشتربوونی تەندروستی. ئاكامەكانی دابەزاندنی كێش بە خێرایی: ونكردن یان كەمبوونەوەی بارستایی ماسوولكە و زیاد وونكردنی ئاو نەك چەوری، بەتایبەتی لەكاتی پەیڕەوكردنی ڕیجیمێكی زۆر توندی خۆراك، دووبارە زیادبوونەوەی كێشی لەش لە ئەنجامی دابەزینی ئاستی تێكڕای میتابۆلیزمی بنەڕەتی BMR كە بریتییە لە خێرایی سووتاندنی كالۆری لەكاتی حەسانەوەدا، زیادبوونی ئەگەری دروستبوونی بەردی زراو، هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكیی جەستەیی، كاردانەوەی دەروونیی نێگەتیڤ، هەروەها تووشبوون بە كەمیی ماددە خۆراكییە گرنگەكان كە دەبێتە ئەگەری: كەمخوێنی، پووكانەوە و بێهێزبوونی ئێسك، زیاد هەڵوەرینی قژ، هەروەها بێهێزیی گشتی لەش.