شیرەی چەوەندەر پەستانی خوێن دادەبەزێنێت

لە لێكۆڵینەوەیەكی پەیمانگەی بەریتانی بۆ توێژینەوەكانی تەندروستیی دڵ BHF هاتووە كە شیرەی چەوەندەر Beetroot juice پەستانی خوێن دادەبەزێنێت، چونكە دەوڵەمەندە بە نایترەیتەكان كە لە لەشدا دەگۆڕێن بۆ ئۆكسیدی نایتریك، كە بۆڕییەكانی خوێن فراوان دەكاتەوە و سووڕی خوێن باشتر دەكات، بەمەش پەستانی خوێن دادەبەزێت، هەروەها شیرەی چەوەندەر پۆتاسیۆم و ماددەی دژەئۆكسان لە جۆری فلاڤۆنۆیدەكان و پۆلیفینۆلەكان لەخۆدەگرێت كە ڕۆڵیان هەیە لە كۆنتڕۆڵكردنی پەستانی خوێندا. ئاماژە بەوەش كراوە كە پێویستە لەسەر تووشبووانی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن كە دەرمان وەردەگرن ئاگاداری دكتۆر بكەنەوە ئەگەر شیرەی چەوەندەر بە بڕی زیاد بخەنە خۆراكی ڕۆژانەیان. شیرەی چەوەندەر سوودی تەندروستیی تریشی هەیە وەكو: سووككردنی پەستی و سترێس، پاراستنی تەندروستیی مێشك، باشتركردنی سووڕی خوێن و باشتركردنی توانای بەرگەگرتن لە وەرزشواناندا، پاراستنی تەندروستیی دڵ، باشتركردنی فرمانەكانی جگەر، باشتركردنی تەندروستیی ڕیخۆڵە بەهۆی ڕێژە بەرزەكەی ڕیشاڵ، هەروەها خۆپاراستن لە چەند جۆرێكی شێرپەنجە بەوەی كە ماددەی بیتانین Betanin لەخۆدەگرێت.