پەتاتەی شیرین.. سەرچاوەیەكی گرنگی دژەئۆكسانەكان
پەتاتەی شیرین Sweet potatoes بەهایەكی خۆراكیی بەرزی هەیە، چونكە دەوڵەمەندە بە ماددە دژەئۆكسانەكانی كارۆتینۆیدەكان، بەتایبەتی بیتا كارۆتین، بۆنموونە هەر 100 گرام پەتاتەی شیریندا نزیكەی 9440 مایكرۆگرام بیتا كارۆتین لەخۆدەگرێت، هەروەها ئەنتۆسیانینەكان Anthocyanins كە ڕۆڵی بەرچاویان هەیە بۆ پاراستنی تەندرستی. جگە لەمانە پەتاتەی شیرین ماددەی خۆراكیی گرنگی دیكەش لەخۆدەگریت، وەك: ڕیشاڵ، ڤیتامینەكانی A، E، C، B9 (فۆلەیت)، لەگەڵ كانزاكانی پۆتاسیۆم، فۆسفۆر، مەگنسیۆم، كالسیۆم، ئاسن. سوودە تەندروستییەكانی پەتاتەی شیرین: بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی لەش، خۆپاراستن لە هەندێك جۆری شێرپەنجە، پاراستنی تەندروستیی چاو، كۆنتڕۆڵكردنی كێشی لەش بەوەی كە هەستی تێربوون بۆ ماوەیەكی زۆر دەهێڵیتەوە بە هۆی ڕێژە بەرزەكەی ڕیشاڵ، كۆنتڕۆڵكردن پەستانی خوێن، ڕێكخستنی ئاستی شەكری خوێن، خۆپاراستن لە نەخۆشیی دڵ، پاراستنی تەندروستیی پێست، بەتایبەتی ڕێگرتن لە لۆچبوونی پێست، باشتركردنی تەندروستیی كۆئەندامی هەرس، هەروەها خۆپاراستن لە چەند جۆرێكی شێرپەنجە بەتایبەتی شێرپەنجەی پرۆستات.