قەڵەوی ئەگەری خەمۆكی زیاد دەكات
ئەمە ڕوونە كە قەڵەوی ئەگەری تووشبوون بە گەلێك حاڵەت و نەخۆشی زیاد دەكات، كە باری دەروونییش دەگرێتەوە، بۆنموونە هەوكردنی درێژخایەن، پرخە، ڕەقبوونی خوێنبەرەكان، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم، نەخۆشیی دڵ، داڕووشانی جومگە، هەروەها هەندێك جۆری شێرپەنجە. جگە لەمانە قەڵەوی پەیوەندیی بەهێزی هەیە بە زیادبوونی ئەگەری خەمۆكی Depression،پەستی، لەگەڵ ناجێگیریی مەزاج. لە لێكۆڵینەوەیەكی سەنتەری پزیشكیی زانكۆی لایدن/ هۆڵەندا هاتووە كە زیادبوونی كێش و قەڵەوی ئەگەری خەمۆكی بەرزدەكەنەوە بە شێوەی دابەزین مەزاج بۆ ماوەیەكی زۆر، بە پێچەوانەشەوە وەكو ئەڵقەیەكی نەپچڕاو خودی خەمۆكی ئەگەری زیادبوونی كێشی و قەڵەوی زیاد دەكات. لە لێكۆڵینەوەیەكی دیكەی پەیمانگەی ڕایس كیندەر Rice›s Kinder Institute لە هیوستن/ تێكساس هاتووە كە ئەو ئافرەتانەی تێكڕای ڕاستایی لەشیان BMI لە نێوان 30-34.9 كگم/مەتر2 دایە، بە بەراورد لەگەڵ ئەو ئافرەتانەی كە خاوەن كێشی ئاسایی لەشن، ئەگەری تووشبوونیان بە خەمۆكی تا دوو هێندە بەرز دەبێتەوە.