ناهاوسەنگیی هۆرمۆنی لە نەوجەواناندا

ناهاوسەنگیی هۆرمۆنی لە نەوجەواناندا

سیستمی كوێرەگلاندەكان Endocrine و هۆرمۆنەكانی زاوزێ دوو سیستمی سەرەكیی بەرپرسن لەو هۆرمۆنانەی كە گۆڕانی فسیۆلۆژی لە نەوجەواناندا پەیدا دەكەن. ئەم هۆرمۆنانە كاریگەری دەكەنە سەر نزیكەی هەموو كۆئەندام و ئەندامەكانی لەش، ناهاوسەنگیی هۆرمۆنی بە شێوەی زیاددەردان یان كەم دەردانی هۆرمۆنێك یان زیاتر، كاریگەریی بەرچاو پەیدا دەكات لە تەمەنی نەوجەوانیدا. هۆكارەكان: بۆماوە، ستایلی ژیان، خۆراكی ناهاوسەنگ، سترێس بەتایبەتی كە درێژخایەن بێت كە دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی هۆرمۆنی كۆرتیزۆل، كەم خەوی یان كوالێتیی خراپی خەو، هەروەها بەركەوتن بە كانزا قورسەكانی وەكو قوڕقوشم و جیوە یان ئەو ماددە كیمیاییە دەرەكییانەی كاریگەریی نەرێنی دەكەنە سەر كوێرەگلاندەكان. نیشانەكانی ناهاوسەنگیی هۆرمۆنی لە كوڕ و كچی نەوجەواندا: هەستكردن بە ماندووبوون، زیادبوون یان كەمبوونەوەی كێشی لەش، تەنكبوونی قژ، زیاد هەستیاربوون بە گەرمی و ساردی، هەڵبەزین و دابەزینی بەرچاوی مەزاج هاوكات لەگەڵ پەستی یان خەمۆكیدا، هەروەها موودەردان Hirsutism یان ناڕێكبوونی سووڕی مانگانە لە كچدا.

 

Top