نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو هاووڵاتییانە دەکات کە لە ئەنجامی ئاگری هۆتێلەکەی پارێزگای بۆڵۆی تورکیا گیانیان لەدەستدا.
رۆژی سێشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی ئاگرەکەی بۆڵۆی تورکیا نووسی: "ئاگرە تراژیدییەکەی هۆتێلەکەی بۆڵۆی تورکیا خەمباری کردم."
نێچیرڤان بارزانی هاوسۆزی خۆی بۆ کەسوکاری مردووانی ئاگرەکە دەردەبڕێت و دەڵێت: "بیرم لای قوربانییەکان، کەسوکاریان و خەڵکی تورکیایە لەم کاتە سەختەدا".
بەیانیی ئەمڕۆ بە هۆکارێكی نادیار ئاگر لە نهۆمی چوارەمی هۆتێلێکی گەشتیاریی پارێزگای بۆڵوی تورکیا کەوتەوە.
هۆتێلەکە لە ناوەندی خلیسکێنەی سەر بەفری کارتاڵکایایە کە دەکەوێتە چیای کۆرۆغڵو.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری نێوخۆی تورکیا رایگەیاند، ئاگرەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 66 کەس و برینداربوونی 51ـی دیکە.
بە گوتەی پارێزگاری بۆڵو، 234 میوان لە هۆتێلەکەدا بوون، ئاگرەکە کاژێر 3:30 خولەکی بەرەبەیان کەوتووەتەوە، بەپێی زانیارییەکان، ئاگرەکە لە خواردنگەوە دەستیپێکردووە.