سەرۆک بارزانى ، ڕەشماڵێک بۆ تەبایی و کوردایەتی

زیاتر لە سەدەیەکە دۆزى کورد لە ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست وەک نەتەوەیەکى ئاشتیخواز ، خاوەن مێژو و و شوناس و زمان و خەسڵەتى ئاشتیخوازى وپێکەوەژیان بە بێ چارەسەرى ماوەتەوە ، لەگەڵ ئەوەى زڵهێزان و داگیرکەران باش دەزانن کە خاک و مافى کوردستانیان دەستبەسەر کردووە ، بەڵام هەموو جۆرە سیناریۆ و چەکیان بۆ ڕێگریکردن لە گەڕاندنەوەى مافەرەواکانى گڕتۆتەبەر ، ئەوەش وایکردووە کە دۆزى کورد وەک ئاڵۆزترین ململانێ و دۆسیە لە ناوچەکەدا بە بێ چارەسەرى بمێنێتەوە.
لەگەڵ هەموو ئەو ڕێگریانە و پەراوێزخستنانەى بەرامبەر بە کورد و ستەمکارى بێ سنوور ، بەڵام گەلى کورد دواى دەیان ساڵ شۆڕش وخەباتى چەکدارى ئێستا لە باشوورى کوردستان ، خاوەن قەوارەیەکى یاسایی و دانپێنراوى دەستوورییە لە ناوچەکەدا ، بەتایبەتى خاوەن ڕابەر و کەسایەتییەکى کارێزما و پێشمەرگە و کوردپەوەرو ونیشتمانپەوەرە کە لە هەموو قۆناغەکاندا بەرپرسانە و کوردانە پشت و پەناى نەتەوەکەى بووە ، بە زانایایی و دیپلۆماسى خۆى توانیوێتى بەرگریی لە پرسى کورد لە سەر ئاستى هەر چوار پارچەى کوردستان بکات .
هەوڵەکانى جەنابى سەرۆک بارزانى یەک رۆژ و دوو رۆژ نییە ، بەڵکو مێژووییەکى پرشانازییە بۆ پارێزگاریکردن لە دۆزى نەتەوەکەى لە کاتە سەخت و هەستیارەکاندا ، کە ئامانجى سەرەکیی گەیاندنى پرسى کورد بووە بە ئامانجەکانى و رزگارکردنى بووە لە پیلانگێرى و خەونى لەناوبردنى لەلایەن دوژمنانییەوە .
سەردان و دیدار و کۆبوونەوەى سەرۆک بارزانى لەگەڵ سەرکردە و لایەنەکانى رۆژئاواى کوردستان و باکوورى کوردستان لە قۆناغێکى هەستیارى وەک ئێستاى گۆرانکارییەکانى ناوچەکە و ئاماژەن بە ڕۆڵە گرنگەى ، کە سەرۆک بارزانى بۆ پشتیوانى دۆزى کورد لە ناوچەکەدا دەگێرێت ، ئەوەش ئاماژەیە بەوەى کە کوردستان و کورد یەک سنوور و یەک نەتەوەن لە هەر شوێنک کوردێک ڕووبەڕووى کێشەیەک بێتەوە ، پرسى هەووانە ، هەر لەو ڕوانگەیەوە هەوڵەکانى بارزانى لە پێناو گەیاندنى پرسى کورد و چارەسەرکردنێتى بە کەنارى ئارامى.
دەتوانین ستراتیژى و کەسایەتیی سەرۆک بارزانى لە چەند خاڵێکدا بەرامبەر پرسە نەتەوە و نیشتیمانییەکان و هەڵگرتنى بەرپرسیاریەتى مێژوویی ئاماژە پێبکەین :
یەکەم ،، ڕۆڵ و خەباتى بێ وچان و نەپساوەى بارزان و رێبازى بارزانى لە بزاڤى رزگاریخوازى گەلى کورد ، هەر لە سەردەمى شێخ عەبدولسەلام بارزانى ، شێخ ئەحمەدى بارزانى و مستەفا بارزانى و سەرۆک بارزانى وەک زنجیرەیەکى پتەو و بەهێز بووە کە لە ماوەى زیاتر لە یەک سەدە تێکۆشاوە و قوربانی داوە لە پێناو ئازادى و سەربەستى کوردستان و گەیاندنى نەتەوەکەى بە مافى سەربەخۆیی ودەوڵەتبوون.
دووەم ،، سەرۆک مسعود بارزانى ، تەنها سەرۆکى حزبێک و لە سنوورى جوگرافیاییەکى دیاریکراو نییە ، بەڵکو بە کردەوە و خەسڵەت و فیداکارییەکان ، رەمز و هیوا و نەتەوەەکە کە خەباتى لە پێناو چارەنووس و دانپێندانان مافەرەواکانى کورد وکوردستان کردووە هەر چەند باج و ئەنجامەکەى قورسیش بوو بێت .
سێیەم ،، سەرۆک بارزانى، خاوەن پێگە و کەسایەتییەکى کاریگەرە چ لە سەر ئاستى هەرێمایەتى و چ نێودەوڵەتیی کە حیساب و هەنگاو و ووتەکانى دەکرێت .
چوارەم ،، ئەو متمانەپێکردن و کەسایەتییە خاوەن ئەزموون وکارێزماتێکە هەر لەخۆوە دروستنەبووە و نەبەخشراوە ، بەڵکو بەهۆى ئەو پاشخانە مێژووییە ، بارزانى قۆناغ بە قۆناغ لە ناو ناسەقامگیرترین ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەدەستهاتووە کە لە سەختترین هەڵومەرجەکاندا پشتیوانى دۆزى نەتەوەکەى و سازشى لە سەر بچووکترین ماف و بستێک خاک نەکردووە .
پێنجەم ،، رۆڵ و هەنگاوەکانى سەرۆک مسعود بارزانى ، لە دوێنى و ئەمڕۆ و سبەیش بۆ دروستکردنى کۆدەنگى و تەبایی نەتەوەیی کورد و گشت هێزولانە سیاسییەکان بووە لە ژێر یەک ڕەشماڵ ئەویش ڕەشماڵى کوردایەتی بووە ، چونکە بە بێ یەکهەڵوێستى ئەستەمە بتوانرێت لە ناو چوار وڵاتى داگیرکەر بە ماف و ئامانجەگان بگەیت ، بۆیە ، سەرۆک بارزانى ، بە توانایی و دانایی خۆى توانی هەمووان لە ژێر ئەو ڕەشماڵە دا کۆبکاتەوە پێیان بڵێن کە هەمووان یەک چارەنووسمان هەیە ، ئەویش کوردایەتییە باوەربوونە بە ئاشتى و لۆژیکى چارەسەرى.
شەشەم ،، سەرۆک بارزانى و هەوڵەکانى لە پێناو چارەسەرى و کۆتایی هێنان بە شەڕ بۆ ساڵانى 2013 و دواتر 2015 وچەند ساڵى رابردووش بەردەوام و ئێستاى 2024 و 2025 بەردەوامە ، لێرەشدا بارزانى بە هەوڵ و تێکۆشان و دیپلۆماسى خۆى ئامادەیە تا دۆزى کورد بە شێوەیەکى باش چارەسەر بکرێت و ئاشتى شوێنى شەڕ بگرێتەوە ، هەروەها ڕەچاوى تایبەتى مەندى پرسى کورد لە وڵاتانەى کە کورد و جوگرافیایی کوردستانى پێوە لکێنراوە بکرێت و ڕێزیش لە مافەرەواکانى گەلى کورد بگێرێت ، لەو پێناوشدا هەوڵە دیپلۆماسى و سیاسییەکانى وەک کەسایەتییەکى کاریگەرى و بەهێز لە سەر ئاستى ناوچەکە و نێودەوڵەتیی خستۆتەگەڕ
حەوتەم،، دیدارى سەرۆک بارزانى، لەگەڵ شاندى ئیمراڵى و گەیاندنى نامەى عەبدوڵڵا ئۆجەڵان و جەختکردەنەوەیان بۆ گەیشتن بە چارەسەرى ئاشتیانەى پرسى کورد لە باکوورى کوردستان ، ئاماژەیەکى روونە ، بۆ هەوڵەکانى بارزانى وەک رابەرێکى بەهێز و سەرکردەیەک کە هەوێنى کۆکەرەوەى هێزولایەنە کوردستانییەکانە لە پێناو چارەسەرى دۆزى کورد چەندە گرنگە.
هەشتەم،، ئەوەى جێگەى هەڵوەستەکردنە و دەبینرێت ، هەنگاوەکانى سەرۆک بارزانى و مامەڵەکردنى لەگەڵ گشت هێزولایەنە کوردییەکان لە سەر ئاستى هەر چوارپارچەى کوردستان و بەتایبەتى باکوور و رۆژئاواى کوردستان ، چەندە گرنگ و ستراتیژیی و مێژووییە ، چەندە بوێرانە و بەرپرسیارانە و کوردپەوەرانە و نیشتمانپەوەرانەیە لە پێناو دۆزینەوەى چارەسەرییەکى گونجاو بۆ دۆزى نەتەوەکەى لە کوردستان .
نۆیەم،، لە ناو گۆرانکارى و پێشهاتە نوێیەکانى ناوچەکە دا ، کە رۆژ بە رۆژ ململانێەکان دەچنە قۆناغێکى تازەترەوە، رۆڵ و پێگە و سەرکردایەتى سەرۆک بارزانى لە هاوسەنگى هێز و مامەڵەکردنێکى ژیرانە لەگەڵ هاوکێشەکان و چارەسەرى پرسى کورد لەگەڵ ئەو وڵاتانەى کە خاک و نەتەوەى کوردیان دابەشکراوە و دانپێندان بۆ مافەکانیان ڕۆڵ و توانا و کارێزماتیکى و ئاشتیخوازى سەرۆک بارزانى ،هەروەها هونەرى دروستکردنى یەکدەنگى و تەبایی گشت هێزولایەنەکان لە ناوچەیەکى ناسەقامگیر و ئاڵۆز پیشان دەدات.
بە گشتى دەتاونین بڵێن کە ، رابەرایەتى و مامەڵەکردنى سەرۆک بارزانى لە هەموو قۆناغەکانى خەباتى نەتەوەیی وەک سەرکردەیەکى کارێزما لە پێناو تەبایی و یەکدەنگى هێزولایەنە کوردستانیەکان هەمیشە هیوا و ئاسۆیەکى گەشى بۆ پرسى کورد ، بە شێوەیەکى ئاشتیانە و لۆژیکانە دروستکردووە لە ستەمکارى و پەراوێز خستن و ڕەتکردنەوەى شوناس و مافەرەواکانى پارێزراو بێت .