بوونی ئیرادە بەدەستهێنانی ئامانجە

(بوبلیلیوس سیروس ) فەیلە سوف و نوسەر و شاعیری ئیتالی كۆن دەڵێ "ئەوەی ئیرادەی هەبێت هێزی دەبێت".
بێگومان هەر مرۆڤێك لە سەر گۆی زەوی چەندین خەون و مەبەست و ئامانجی هەیە لە ژیانی خۆیدا ئارەزویەتی بۆی جێبەجێ ببێت و بە هەموو هێز و بیركردنەوەی جۆراوجۆر هەوڵی جێبەجێكردنیان دەدات. بەڵام لەوانەیە ئامانجەكەی بەدی نەیەت و زۆر جاریشە خەونەكانی دەبنە ڕاستی و ئامانجەكانی بەدی دێت تایبەت بۆ ئەو كەسانەی كە هەردەم خاوەن ئیرادەیەكی بەهێزن، چونكە هەبوونی ئیرادە لە ناخی هەر كەسێك دەبێتە پاڵنەرێكی بەهێز بۆ جێبەجێكردنی ئامانجەكان. لە بیرمان نەچێت هەموو ئەوانەی كە بە چاوی گەشبینی وئەرێنی سەیری ژیان دەكەن و ئەو كەسانەی كە لە دوورەوە هەست بە تارمایی ئامانجەكانیان دەكەن، چونكە لە ناخیاندا ئیرادەیەكی نەگۆڕ و بەهێز هەیە و هەمیشە سوورن لە سەر هەوڵەكانیان و هەرگیز خۆیان بەدەستەوە نادەن و بەردەوامن لە سەر تێكۆشان و هەوڵەكانیان بەبەردەوامی تەنگژە و بەربەستەكانی كە دێنە پێشیان دەیكەن بە دەرفەت بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكان. لێرەدا ڕۆڵی مامۆستایان گرنگە كە هەمیشە قوتابیەكانیان ڕابهێنن لە سەر ئەوەی بەردەوام ئیرادەیان هەبێت و نەترسن و خۆیان بە دەستەوە نەدەن، بابەتەكانیان بە قورس و سەخت نەبینن و قوتابخانە و پۆڵ و بابەت بە هۆكاری دڵخۆشی و گەیشتن بۆ ئامانجەكانیان تەماشا بكەن و بتوانن خۆیان بگونجێنن لەگەڵ بابەت و وانەكان و ساڵەكان بە سەركەوتوویی تێپەرێنن.
مامۆستایەك گێڕایەوە كە مامۆستای زمانی عەرەبی بوو گوتی" ساڵێكیان وانەی زمانی عەرەبیم بە قوتابیان دەگوتەوە لە قوتابخانە كە دوو سەپەرشتیار لە وەزارەت هاتبوون بۆ سەردانی هەڵسەنگاندنی من كاتەكەش چەند هەفتەیەك پێش كۆتایی ساڵی خوێندن بوو، كە من خەریكی باس كردنی بابەتەكە بووم لە ناكاو قوتابییەك قسەكانی بەمن بڕی و گوتی مامۆستا بابەتی زمانی (عەرەبی) زۆر قورسە و لێی تێناگەین و هێشتا ئەو قوتابیە قسەكانی تەواو نەكردبوو هەموو قوتابیەكانی تریش هەمان قسەیان كردوو هەموویان بوونە ئۆپۆزسیۆن و دژی بابەتەكە و دەنگە دەنگ بەرز بووە وە هەریەكە و لە شوێنی خۆی قسەی دەكرد و دەیانویست ژاوە ژاو دروست بكەن و كات بە فیرۆبدەن و ئەو بەزمەیان دروست كرد لە پێش ئەو دوو سەرپەرشتیارەی وەزارەت كە بۆ هەڵسەنگاندنی ساڵانەی من هاتبوون، دەڵێ منیش كەمێك بێ دەنگ بووم و دواتر گوتم زۆر باشە ئەورۆ وانە ناخوێنین دەیگۆرینەوە بە یارییەك. قوتابیەكان دڵیان خۆش بوو، دوو سەرپەرشتیارەكە حەپەسان و ڕوویان گرژ و تورە بوون، مامۆستاكە لە سەر تەختە ڕەشەكە وێنەی كەمولەیەكی كرد شووشەیەكی مل باریك و ژێرەوەی فراوان بوو، وە وێنەی مریشكێكی لە ناو شووشەكە كێشا ، دواتر گوتی كێ دەتوانی ئەو مریشكە لە ناو ئەو شووشەبە دەربكات؟ بە مەرجێك نە شووشەكە بشكێ نە مریشكەكەش بمرێ، قوتابیەكان زۆر هەوڵیاندا هەموو هەوڵەكانیان شكستی هێنا و هەروەها دوو سەرپەرشتیارەكەش قوول بوونەوە لەگەڵ ئەو مەتەلە و هەوڵەكانی ئەوانیش سەركەوتوو نەبوو، لە دواوە قوتابییەك بە نائومێدی گوتی مامۆستا ئەو مریشكە دەرناكرێ لەو شووشەیە یان شووشەكە بشكێنین یان مریشكەكە بكوژین. مامۆستا كە گوتی نابێ لە مەرجەكە سەرپێچی بكرێ، دواتر قوتابییەك بە شەكەتی گوتی مامۆستا بەو كەسە بڵێ كە مریشكەكەی لە ناو شووشەكە داناوە، چۆن دایناوە با هەر ئەو دەریبكات. قوتابیەكان هەموو پێكەنین دەنگی مامۆستاكە پێكەنینی قوتابیەكانی بڕی و گوتی ڕاستە زۆر ڕاستە ئەوە وەڵامەكەیە، ئەو كەسەی مریشكەكەی لە ناو شووشەكە داناوە هەر ئەو دەتوانی دەریبكات وەكو ئێوە چۆن ئەو تێگەیشتنەتان خستۆتە ناو بیرو و هۆشتان كەوا بابەتی (زمانی عەرەبی) قورسە. هەر چەندە باسی بكەم بۆ ئێوە و هەوڵ بدەم ئاسانی بكەم بێ سوودە و ئەنجامی نابێت، تەنها ئەگەر ئێوە ئەو تێگەیشتنەتان لە بیری خۆتان دەركرد بێ یارمەتی هەر وەكو چۆن خستوتانە بیر و هزرتان بێ یارمەتی.
مامۆستا گوتی وانەكە كۆتایی هات و دوو سەرپەرشتیارەكە بەمن زۆر سەرسام بوون، وە منیش سەرم سورما لە قوتابییەكان دوای ئەو وانەیە چوونە پێشی زۆریان لێ بەدی كرا و بابەتی (زمانی عەرەبی) یان بە ئاسان و سادەیی وەرگرت.
لێرەوە ئەو تێگەیشتنە دەردەكەوێ لە بیرو هزری هەریەكێكمان كەوا قورسە ئەگەر بە خۆمان بە ئیرادەی خۆمان قورسمان كردبێت، وە هەروەها بە ئیرادەی خۆمان دەتوانین ئاسانی بكەین و بەدەستی بهێنین بەبێ هیچ گرفت و ئاستەنگێك.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی