نیشانەكانی كەمی ئاسن لە لەشدا

نیشانەكانی كەمی ئاسن لە لەشدا

 ئاسن Iron كانزایەكی گرنگە بۆ گەشە و پەرەسەندنی لەش، هەروەها بۆ باشیی مەزاج و ئاستی وزەی لەش، ئاسن گرنگە بۆ دروستبوونی پرۆتینی هیمۆگلۆبینی ناو خڕۆكە سوورەكانی خوێن و گواستنەوەی گازی ئۆكسجین بۆ هەموو بەشەكانی لەش، لەگەڵ دروستبوونی ترشی DNA و میتابۆلیزمی ماسوولكەكان. كەمیی ئاسن دەبێتە هۆی گرفتی دەروونی و جەستەیی، بەتایبەتی كەمخوێنی. هۆكارەكانی كەمیی ئاسن لە لەشدا: هەوكردنی ڕیخۆڵە، كەمیی ئاسن لە خۆراكدا، ونكردنی خوێن لەكاتی خوێنبەربوون یان سووڕی مانگانەی ئافرەتدا. نیشانەكانی كەمیی ئاسن لە لەشدا: هەناسەتەنگی لەبەر كەم گەیشتنی ئۆكسجین بە ماسوولكە و شانەكانی لەش كە كۆئەندامی هەناسە وەكو قەرەبووكردنەوە خێرایی هەناسە زیاد دەكات، هەستكردن بە ماندووبوون و بێهێزیی گشتی، یان كەم وزەیی هەر لە ئەنجامی كەم گەیشتنی ئۆكسجین بە شانەكانی لەش، كەمبوونەوەی ئاستی تەركیز، هەستكردن بە سووكبوونی سەر Lightheadedness، سەرئێشە هەر لەبەر كەم گەیشتنی گازی ئۆكسجین بە خانەكانی مێشك كە دەبێتە هۆی ئاوسانی بۆڕییەكانی خوێنی مێشك و زیادبوونی فشار، وشكبوونی پێست و وشكبوونی قژ هاوكات لەگەڵ گرفت لە گەشەی قژدا، كە دەبێتە هۆی هەڵوەرین یان تەنكبوونی قژ، ئاوسانی دەم و زمان، قڵیشانی گۆشەكانی دەم، وشكبوون و كولبوونی ناوپۆشی دەم، هەستكردن بە ناڕەحەتی لە قاچەكاندا، دڵەكوتێ یان ناڕێكبوون و خێرابوونی لێدانەكانی دڵ، هەروەها كاڵبوون یان زەردبوونی ڕەنگی پێست.

Top