فەرهاد حاجی نووسەر و ڕۆژنامەنووس: عێراق و ئەو عەقڵییەتەی حوكمڕانی تێدا دەكات، هێشتا بابەتی فیدڕاڵییەت و هاوبەشی و دیموكراتی و فرەیی تێدا هەزم نەكراوە

فەرهاد حاجی  نووسەر و ڕۆژنامەنووس:  عێراق و ئەو عەقڵییەتەی حوكمڕانی تێدا دەكات، هێشتا بابەتی فیدڕاڵییەت و هاوبەشی و دیموكراتی و فرەیی تێدا هەزم نەكراوە

 

هونەری دانوستاندن و گفتوگۆ لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی لەبەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان و جێبەجێكردنی ماددە دەستووری و یاساكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستان، بە یەكێك لەو بنەما سەرەكییانە دادەنرێت بۆ بەدیهێنانی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان. بەهێزكردنی ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی كوردستان لە عێراقدا كارێكی ئاسان نییە، چونكە عێراق و ئەو عەقڵییەتەی حوكمڕانی تێدا دەكات، هێشتا بابەتی فیدڕاڵییەت و هاوبەشی و دیموكراتی و فرەیی تێدا هەزم نەكراوە. من وەكو هاووڵاتییەكی كوردستانی ئەو ڕاستییە باش دەزانم كە پشوودرێژی و خۆڕاگریی سەرۆك بارزانی نەبووایە پیلان و مەرامی نەیارانی كورد لە عێراق و ناوچەكە دەمێكە دەهاتە دی و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقیان بە شێوەیەك تێك دەدا بارگرژی و نائارامی بۆ تەواوی خەڵكی عێراق و كوردستان لێ بكەوێتەوە. هەر خۆی لە خۆیدا خەباتی كورد شۆڕشی ئەیلوول و جێبەدێكردنی پرۆسەی ڕیفراندۆم بە هۆی ئەو عەقڵییەتەوە دروست بووە كە لە عێراق بڕوای بە هاوبەشی و بەشداریكردنی حوكمڕانی نییە و مۆركێكی پاوانخوازی و دیكتاتۆری زاڵە بەسەریدار. من پێم وایە دیپلۆماسییەتی كورد چ لەلای سەرۆكی هەرێمی كوردستان بێت، یان لەلای سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت، ڕۆڵێكی گەورەی لە ڕاستكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا هەبووە. نییەت و خۆڕاگری و پشوودرێژیی ئەم دوو سەركردەیە وای كردووە، هەرێمی كوردستان لە عێراق و ناوچەكە و جیهان پێگە و مەكانەتی خۆی بپارێزێت، سەردانەكانی ڕێزداران بۆ بەغدا گەشبینی لای هاووڵاتیانی كوردستان دروست دەكات.

لایەنێكی دیكەی ئەم بابەتە پەیوەندی بە حزبە كوردستانییەكانەوە هەیە، ئەوانەی ساڵانێكە لەناو گێژاوی دووبەرەكی و ناتەبایی و ململانێیەكی توندان و زیانی گەورەیان بە سەقامگیری نێوماڵی كورد و ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی كوردستان لە عێراقدا گەیاندووە. ئەم حزبانە پێویستیان بە مەرجەعێكە بۆ ئەوەی بتوانن لەژێر ئەو چەترەدا كۆ ببنەوە، لەمەشدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەتوانێت بەم ڕۆڵە هەڵسێت و یەكڕیزیی لایەنە سیاسییەكان و یەكگرتوویی گوتاری نەتەوەیی و نیشتمانییان زامن بكات. خۆ ئەگەر ئەم حزبە كوردستانییانە هەر لەسەرەتاوە یەكڕیز و یەكگرتوو بوونایە، وێڕای جیاوازیی بیروبۆچوونی سیاسی و ئایدیۆلۆژییان، بەڵام خۆ دەبوو لە بابەتە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا لەم قۆناغەدا یەكگرتوو بوونایە. بە هۆی ئەم پەرتەوازەیی و ناكۆكییانەوە نەیاران و دوژمنانی كورد توانیویانە زیانی گەورە بە دۆزی ڕەوای كورد بگەیەنن و لە ڕێگەی موشەك و داگیركردنی خاك و جێبەجێ نەكردنی ماددە دەستوورییەكان پێگەی هەرێمی كوردستانیان بەرەو لاوازی بردووە. بەداخەوە كورد نەیتوانیوە لە پرۆسە دیموكراتییەكە و دەستاودەستكردنی دەسەڵات سەركەوتوو بێت، لەمەشدا حزبە سیاسییەكان هۆكار بوون كاتێك پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگی زۆرینە دەهێنێت و حزبەكانی دیكە چ ئەوەی لە دەسەڵاتە و بەشدارە لە پێكهێنانی حكومەت، چ ئەوەی بە ئۆپۆزیسیۆن ماوەتەوە هاوكار و یارمەتیدەر نەبوون بۆ دروستبوونی گوتاری یەكگرتووی نەتەوەیی و نیشتمانی. بۆیە بە قەناعەتی من ئەگەر هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان یەكڕیز و تەبا و خاوەنی ئەو گوتارە نیشتمانییە نەبن، هەرگیز هەرێمی كوردستان ناتوانێت لەبەغدا ئەو هێزە بێت كە بتوانێت لە ڕێگەی كارە دیپلۆماسییەكانەوە لە دانوستان و گفتوگۆكان سەركەوتوو بێت. بۆیە كاتی ئەوە هاتووە هەمووان پاڵپشتی سەرۆك بارزانی بین بۆ بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان.

 

Top