د. نەجمەدین قەراجی  ڕۆژنامەنووس: سەرۆك بارزانی توانیویەتی سەركەوتووانە ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی كوردستان بپارێزێت و دیپلۆماسییەكی سەركەوتوو پەیڕەو بكات

د. نەجمەدین قەراجی   ڕۆژنامەنووس:  سەرۆك بارزانی توانیویەتی سەركەوتووانە ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی كوردستان بپارێزێت و دیپلۆماسییەكی سەركەوتوو پەیڕەو بكات

 

دامەزراندنی عێراق لەسەر بنەمای بە زۆر لكاندنی كورد بووە بە عێراقی عەرەبی سوننە و شیعەوە. بە درێژایی مێژووی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق ئەم وڵاتە لەناو گێژاوی ململانێی خوێناوی و كودەتا و پیلانی دڕندانە بووە. كێشەكانی نێوخۆی عێراق ڕەگ و ڕیشەی قووڵی مێژوویی هەیە و چارەسەركردنی هەر وا بە ئاسانی نابێت. ئەم وڵاتە لەوەتەی هەیە، لە دژی ماف و دەستكەوتە نەتەوەییەكانی گەلی كورد ڕاوەستاوەتەوە. عێراق كێشەی لەگەڵ كورد و نەتەوە و پێكهاتە ئایینییەكانی دیكەی نێوخۆی هەیە و لەسەر ئاستی ناوچەكەش بە دەگمەن وڵاتێك دەدۆزیتەوە كە پەیوەندیی مێژوویی و قووڵ و بەرژەوەندیی هاوبەشی لەگەڵ عێراق هەبێت، بە هەرێمی كوردستانیشەوە. لەوەتەی ئەم وڵاتە دروست بووە، كورد لەناو گێژاوی شۆڤێنی و دژایەتی ئەم و ئەودایە. ئەوەی جێگای ئومێدو دڵخۆشیی هەمووانە ئەوەیە كە ماوەیەكە بەتایبەتی لە كابینە وەزارییەكەی محەمەد شیاع سوودانی، ترووسكاییەك بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان بەدی دەكرێت، لە نێوخۆی هەرێمیشدا دەسەڵاتی سیاسیی كوردستان بەتایبەتی ڕێزدار سەرۆك بارزانی و پاڵپشتیكردنی هەردوو ڕێزداران سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان توانیویانە سەركەوتووانە ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی كوردستان بپارێزن و دیپلۆماسییەكی سەركەوتوو جێبەجێ بكەن. كورد سەركەوتووانە توانیویەتی سیاسەتی خۆگونجاندن پەیڕەو بكات و بەردەوام لەهەوڵی چارەسەركردنی كێشەكاندا بووە. لەڕووی دەستووریشەوە كە هاووڵاتیانی عێراق بە زۆرینە دەنگیان بەم دەستوورە داوە، بۆیە دەبێت هەوڵەكانی دیپلۆماسبی كورد لەوەی ئێستا زیاتر بكرێت.

 

Top