هاوڕێ كاسترۆ چاودێری سیاسی: ململانێی ناتەندروستی نێوان لایەنە سیاسییەكان وای كردووە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان بكەینە قوربانی
پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ پەیوەندییەكی ئاسایی و سرووشتی نەبووە. خۆ ئەگەر لاپەڕەكانی مێژوو هەڵبدەینەوە و بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو، ئەوا بە ڕوونی ئەم پەیوەندی و گرژی و ململانێ و بگرە قەیران و جینۆساید و كوشتار و ناكۆكییە دەبینین، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە دوو نەتەوەی جیاواز لە كەلتوور و جوگرافیا و بە زۆر لێكێنراو بەیەكەوە عێراقی دروست كردووە. بۆیە ڕەنگە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ لە دۆخێكی ئاساییدا نەبێت، بەڵام ئەو گرژی و نائارامی و دۆخانەی كە ڕوویان داوە، تاچەند سەركەوتوو بووین كە چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە، یان مامەڵەیەكی سیاسی و دیپلۆماسییان لەگەڵ بكەین. بێگومان تا ئەو شوێنەی پێی دەڵێن هونەری سیاسی دەتوانم بڵێم سەركەوتوو نەبووین. بە واتایەكی دیكە دەمانتوانی بە شێوەیەكی ژیرانە و بە بڕیاری سیاسییانەتر ڕووبەڕووی نەیاران و هەموو ئەو گرژی و قەیرانانە ببینەوە كە دژ بە هەرێمی كوردستان دەكرێن، كە زۆرجار بۆ كاریگەریی و هۆكاری هێزە ئیقلیمییەكان و بەرژەوەندیی وڵاتانی زلهێزی ناوچەكە خوڵقێنراون.
هەرێمی كوردستان و بەغدا هەمیشە پێویستە لەسەر ئەوە كۆك بن و باشترە بۆیان كێشەكانیان لەسەر بنەمای گفتوگۆ و دانوستاندن چارەسەر بكەن. بەڵام ڕاستییەك هەیە، دەبێت هەمووان بیزانین، گفتوگۆ و دانوستاندن و كاری دیپلۆماسی تا ئەو شوێنە كار دەكات، كە مەترسی بۆ سەر ئەجیندەی سیاسیی نێوان هەردوو لا نەبێت، لەبەر ئەوەشی عێراق یان بەغدا لە چوارچێوەیەكی سیاسیی ئایینی مامەڵە لەگەڵ جومگە سیاسی و سەرەكییەكان و كایەكانی دیكەی بەردەستیدا دەكات، بۆیە زۆربەی جار ئەم بابەتە لەوە دەچێتە دەرەوە كە بە شێوەیەكی دیپلۆماسی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. ئەمە بۆ هەرێمی كوردستان و بەغداش ڕاستە، لە كاتێكدا كێشەی كورد بە كێشەیەكی سەرەكی و بنەڕەتی لە عێراق و دەتوانم بڵێم لە ناوچەكەشدا دادەنرێت، زۆرجاریش كەسێكی سیاسی لەهەردوو لا كەشوهەوایەكی گرژی و ئاڵۆزیی وا دروست دەكات، ڕەنگە لە مەودای چارەسەری دیپلۆماسی تێپەڕێت و نەتوانرێت بە شێوەی دیپلۆماتی گفتوگۆی لەسەر پرسەكە یان كێشەكەدا بكرێت.
بە بڕوای من یەكێك لە هۆكارە هەرە سەرەكییەكانی لاوازیی پێگە و ڕۆڵی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی چ لەنێوخۆ یان لەگەڵ عێراق، یان لەسەر ئاستی ناوچەكە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەو ململانێ و ناكۆكییە ناسرووشتی و توندە دەگەڕێتەوە، كە لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستاندا هەیە. ئێمە نەمانتوانیوە ئەو مامەڵە و دۆخە سیاسییە تێپەڕێنین، لە كاتێكدا جیاوازیی بیروبۆچوون و بیركردنەوە لەنێوان پارتە سیاسییەكان لە دنیای دەرەوەی پێشكەوتوو زۆر ئاساییە، بەڵام دەبێت لە چوارچێوەیەكدا مامەڵە لەگەڵ ئەم چەمكە بكرێت و ناكرێت.
ئەم ململانێ ناتەندروستە وای كردووە كە نەتوانین گوتارێكی نیشتمانی دروست بكەین و بۆ چارەسەری كێشەكانمان و لە دانوستان و گفتوگۆكانمان سەركەوتوو بین. ئێمە ناتوانین لەناو هەموو ئەم ناتەبایی و ناكۆكییە سیاسییانەدا ببینە خاوەنی گوتارێكی نیشتمانی كە تێیدا وەڵامی پرسیارە قووڵەكەی نەتەوە بە شێوەیەك بدەینەوە كە داكۆكی لێ بكەین و بیگەیەنینە كەناری ئارامی.