د.جەلال ئەحمەد ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: ئەگەر كەرتی تەندروستی كەموكووڕیی نەبوایە، ئەو هەموو نەخۆشخانە ئەهلییانە دروست نەدەكران و كەرتی تەندروستی نەدەبووە بوارێك بۆ وەبەرهێنان و سەرمایەگوزارییەكی بێ پلان و لێوانلێو لە چڵێسی  

د.جەلال ئەحمەد ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:  ئەگەر كەرتی تەندروستی كەموكووڕیی نەبوایە، ئەو هەموو نەخۆشخانە ئەهلییانە دروست نەدەكران و كەرتی تەندروستی نەدەبووە بوارێك بۆ وەبەرهێنان و سەرمایەگوزارییەكی بێ پلان و لێوانلێو لە چڵێسی   

 

د.جەلال ئەحمەد، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و بەرپرسی بنكەی توێژینەوە و ڕاپرسیی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و مامۆستای كۆمەڵناسیی كۆلیژی ئەدەبیاتی زانكۆی سەلاحەدین – هەولێرە، لە گفتوگۆی ئەمجارەی یازنەی گفتوگۆ «خزمەتگوزاریی تەندروستی لە نێوان كەرتی گشتی و تایبەتدا» بەمجۆرە دید و تێڕوانین و بۆچوونەكانی خستە ڕوو.

 

لە سەردەمێكدا دەژین، كە خراپ بەكارهێنانی سۆشیال میدیا و پلاتفۆڕمەكانی لە ململانێی سیاسیدا، ڕەنگدانەوەی خراپیان بەسەر دەرخستنی ڕووی ڕاستەقینەی ڕەوشی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان بەگشتی و، بواری تەندروستی بەتایبەت هەبووە، هەرچەندەش سۆشیال میدیا و ڕاگەیاندن تا ڕاددەیەكی باش ڕۆڵی چاودێر و جووڵاندنی ڕای گشتیشییان بینیوە، بە جۆرێك كە زۆر جار بوونی كەموكووڕی و گلەیی خەڵكیان لە ئاست و جۆری خزمەتگوزاریی تەندروستی، بە ڕای گشتی و ناوەندەكانی بڕیار گەیاندووە. لەگەڵ ئەوەشدا زەقكردنەوەی ڕووداوێك، یا بوونی كەموكووڕی و ئاستەنگێك زیاد لە پێویست و قەبارەی خۆی، لە دوو لایەنەوە ڕەنگدانەوەی نەرێنی هەبووە، لە لایەكەوە وێنەیەكی ناشیرینی كەرتی تەندروستیی حكوومی نیشان دەدات، كە ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی متمانەی هاووڵاتیان بەو كەرتە و، سەرەنجام زۆربەیان ڕوو دەكەنە كەرتی تەندروستیی تایبەت، بەو هۆیەشەوە ئەم بوارە دەبێتە گۆڕەپانێكی باش بۆ وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری لەسەر حیسابی گیرفانی خەڵك. لە لایەكی دیكەوە متمانەی هاووڵاتیانش بە حكومەت زۆر لاواز دەكات، لە كاتێكدا تەندروستی بە یەكێك لە ڕایەڵە سەرەكییەكانی پەیوەندیی هاووڵاتی بە حكومەت دادەنرێت. كەواتە ئەدایەكی باشی حكومەت لە بواری كەرتی تەندروستیدا ڕۆڵی كاریگەری لە هەبوونی متمانەیەكی ئاست بەرزی هاووڵاتیان بە حكومەت هەیە. بەو واتایەش هەر كاتێك حكومەت لەم بوارانەدا وەك پێویست بە ئەركی خۆی ڕانەبوو، با چاوەڕوانی ئەوە نەكات، پێگەیەكی باشی لای هاووڵاتیان هەبێت، بەتایبەت لە بەكوالێتیكردنی خزمەتگوازی و چاودێریی تەندروستیدا، بێگومان بۆ ئەمەش پێوەری تایبەت هەن و دەبێ خودی حكومەت لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و چاودێریی تەندروستیدا ڕەچاویان بكات:

- دەستبەركردنی كەفائەت و لێهاتوویی پزیشكیی پزیشك و كارمەندەكانی كەرتی تەندروستی.

- بەكوالێتیكردن و تەندروستبوونی ئەو دەرمان و چارەسەرییانەی پێشكەش دەكرێن.

- دابینكردنی جێگە و ڕێگەی پێویست و شیاو و پاكوخاوێن.

- مرۆڤدۆستی و گیانی هاوكاری و خۆبەخشی پێش لەبەرچاوگرتنی سوود و بەرژەوەندیی ماددی.

- ئاسانكاری و بەردەستبوون و بەیەكسانی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و چاودێریی تەندروستی بە هەموو چین و توێژەكان.

- دانانی كەمترین نرخ و تێچوون و دابینكردنی دەستەبەرییەكی تەندروستیی گشتی.

- خۆنەدزینەوە و بەدەنگەوەچوونی دەستبەجێی هەر ڕووداو و پێشهاتێكی لەناكاوی تەندروستی.

- پەرەپێدانی بەردەوامی سەرمایەی مرۆیی بە گشتی و كەرتی تەندروستی بە شێوەیەكی تایبەت.

- بنیادنان و نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانە و هەموو ناوەندەكانی تایبەت بەو كەرتە.

- پاڵپشتیكردن و ئەنجامدانی توێژینەوەی تایبەت لە بواری پزیشكیدا.

- بیركردنەوە لە هەر ئەگەر و پێشهاتێكی چاوەڕوانكراو و خۆئامادەكردن بۆیان.

- پاراستن و ڕێزگرتن لە خزمەت و گیانی ئەوانەی لەو كەرتەدا كار دەكەن.

- بە یاساییكردنی كەرتەكە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بۆ دابینكردنی پێداویستییەكان و بوونی هەر كەمووكوڕی، یا خراپ بەكارهێنانێكی خزمەتگوزارییەكانی ئەم كەرتە.

- سزادانی هەر كەسێك، كە زیان بە تەندروستیی گشتیی كۆمەڵگە بگەیەنێت، بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كێیە و لە چ پلە و پۆستێكدایە.

ئەمانە و چەندان پێوەری دیكە لە بواری خزمەتگوزاری و چاودێریی تەندروستیدا، ڕۆڵی كارا دەبینن لە دیاریكردنی ئاستی متمانەی هاووڵاتیان بە حكومەت. بەتایبەت كە هێشتا لەم ناوچەیەدا ئەو قسەیە ڕەواجی خۆی لەدەست نەداوە، كە دەڵێت حكومەت باوكی میللەتە!

ناحەقییە ئەگەر بڵێین، حكومەت هیچ كام لەم پێوەرانەی بۆ بەكوالێتیكردنی خزمەتگوزاری و چاودێرییەكانی بواری كەرتی تەندروستی ڕەچاو نەكردووە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە وەك پێویست لەو بوارەدا كاری كردووە و كەموكووڕی نەبووە.

ئەگەر كەرتی تەندروستی كەموكووڕیی نەبوایە، ئەو هەموو نەخۆشخانە ئەهلییانە دروست نەدەكران و كەرتی تەندروستی بەو شێوەیە نەدەبووە بوارێك بۆ وەبەرهێنان و سەرمایەگوزارییەكی بێ پلان و لێوانلێو لە چڵێسی! ئێستا كە پێ دەنێیتە ناو نەخۆشخانە و نۆرینگە حكوومییەكان، زیاتر خەڵكی ڕەش و ڕووت و بێدەرەتانت بەرچاو دەكەوێ، كە تا چاو بڕ دەكات نۆرەیان تەنیا بۆ بینینی دكتۆرێك گرتووە، دەزانن بۆ؟ لەبەرئەوەی هەرچەندە هەر یەك لەو نەخۆشخانە و نۆڕینگانە ژمارەی پێویست لە میلاكیان هەیە، بەڵام زۆربەی پزیشكان لە هەمان كاتدا لە نەخۆشخانە ئەهلییەكانیشدا دەوام دەكەن، مووچەی حكوومییان زامنە، پارووی نەخۆشخانە ئەهلییەكانیش چەورە! بۆیە پێویستە حكومەت و وەزارەتی تەندروستی هەر هیچ نەبێ، یاسایەك دەر بكات، كە هەر كەسێك لە نەخۆشخانەی حكوومی دامەزراوی هەمیشەیی بێت، بۆی نەبێت لە نەخۆشخانە ئەهلییەكاندا دەوام و بزنێس بكات، بەمەرجێك ژیانێكی شایستە و شایستە داراییەكانیان بۆ دابین بكات.

حكومەت لە دوو لایەنەوە باری خەڵكی قورس كردووە، لە لایەكەوە كێشەی دارایی و دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران، كە سەرەڕای سەختكردنی بژێوی مووچەخۆران، بازاڕیشیان سست و پەك خستووە، لە لایەكی تریشەوە دەستنەكەوتنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی پێویست لە نەخۆشخانە و نۆڕینگە حكوومییەكاندا، ناچاری كردوون ڕوو لە كەرتی تەندروستیی تایبەت بكەن، كە لەم كەرتەشدا لە ژمارەیەكی كەم نەخۆشخانە و نۆڕینگەدا نەبێت، تا ئێستا بە شێوەیەكی ئەوتۆ ڕەچاوی باری گوزەرانی خەڵك نەكراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ساڵی ٢٠١٩، بارگرانیی خزمەتگوزاری و چاودێریی تەندروستی بە ڕێژەی ٦٪ی خێزانەكانی لە بەشێكی زۆر لە وڵاتانی كیشوەری ئەوروپادا بەرەو هەژاری پەلكێش كردووە، لە بەشێكی زۆر لە وڵاتاندا گرانی و دەرەقەت نەهاتنی خەرجیی تەندروستی وای كردووە، هاووڵاتیان وەك پێویست نەتوانن پیداویستییە سەرەكییەكانی ژیانیان دابین بكەن، جا ئەگەر دۆخەكە لە وڵاتانێكی بەناو پێشكەوتوو و ڕێچكەشكێن لە ڕووی سانسۆر و سەروەریی یاسا بەوجۆرە بێت، دەبێ چی بەسەر ڕەوشی ژیانی هاووڵاتیانی وڵاتێكدا بهێنێ، كە تا ئێستا هەنگاوی پێویستی نەناوە، تەنانەت لە بواری سەقامگیریی سیاسی و ئابووریدا؟

دوا قسەم دەمەوێ بڵێم، با بە ڕواڵەت هەڵنەخەڵەتێین، قەیرانی دارایی ڕەنگدانەوەیەكی زۆر نەرێنیی بەسەر سایكۆلۆژیای خەڵكەوە هەبووە، خەڵك لە سترێسدا دەژین، سترێسیش هۆكاری زۆرێك لەو نەخۆشیانەیە كە تووشی مرۆڤ دەبن. خۆشگوزەرانی بە ڕواڵەت نییە، بەڵكو بە شێوازی ژیانە، شێوازی ژیانێكی تەندروستیش بەرهەمی پەیڕەوكردنی ئەجێندایەكی هەمەلایەنە و دوورمەودای سەرتاپاگیرە، ئەو ئەجێندایەش دەبێ لە پەروەردە و پێگەیاندنێكی شیاو و تەندروستەوە دەست پێ بكات، بەداخەوە ئەو دوو كەرتەش وەك پێویست نین و ئاسۆیەكی ئەوتۆیان لێ بەدی ناكرێت.

 

Top