د. هیوا كەریم ئالەیی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دەشتی هەولێر: ئەگەر باری دەروونیی خێزانێك ئارام و سەقامگیر بوو، كەمتر تووشی نەخۆشی و كێشەی تەندروستی دەبێت
د. هیوا كەریم ئالەیی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دەشتی هەولێرە، كە نزیكەی 40 بنكەی تەندروستیی ئەو ناوچەیە لەخۆ دەگرێت. لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆ «خزمەتگوزاریی تەندروستی لە نێوان كەرتی گشتی و تایبەتدا»، زیاتر هەڵوەستەی لەسەر پێداویستی و كەموكورتییەكانی خزمەتگوزاری لە ناوچەكانی دەرەوەی شارە گەورەكان كردو، بەمجۆرە لەسەر كێشەكانی بنكە تەندروستییەكانی دەرەوەی شاری هەولێر، دید و بۆچوون و تێڕوانینەكانی خۆی خستە ڕوو.
جێگەی دەستخۆشییەكی گەورەیە كە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەم گفتوگۆ ئاستبەرزەی بۆ قسەكردن لەسەر «خزمەتگوزاریی تەندروستی» ڕێك خستووە، كە زۆر بە ڕاشكاوانە لەسەر كێشە و گرفتەكانی ئەم كەرتە گرنگە، كە پەیوەندیی بە ژیانی هەر تاكێكی كۆمەڵگەوە هەیە، بەو ئاستە شەفاف و ڕاشكاوانەیە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.
هەر بۆیە من لێرەدا نامەوێت وەك پزیشكێك یان كارمەندێكی وەزارەتی تەندروستی قسە لەسەر ئەم پرسە گرنگە بكەم، بەڵكو هەوڵ دەدەم وەك لینكێك كێشە و گرفتی ئەو خەڵكانە باس بكەم، كە سەردانی بنكە تەندروستییەكان دەكەن و هێشتا نەگەیشتوونەتە نەخۆشخانەی ناو شارەكان.
سەرەتا نەخۆشی لە ژینگەی ناو خێزانەوە دەست پێدەكات، هەر بۆیە ئەگەر باری دەروونیی خێزان ئارام و سەقامگیر بوو، ئەوا كەمتر تووشی نەخۆشی و كێشەی تەندروستی دەبێت. لەو كاتەوەی لە كەرتی تەندروستیدا دەستم بە كاركردن كردووە وەك پزیشك، لە بنكە تەندروستییەكانی دەوروبەری شار دەستم بەكار كردووە. ئەوەی كارم لەگەڵ كردووە، بە زۆری خەڵكی سەر بە چین و توێژە هەژار و نەدارەكەی كۆمەڵگە بوون.
لەم گفتوگۆیەدا چەند جارێك جەخت لەسەر گرنگیی «دڵنیایی تەندروستی» (Health insurance) كرایەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی بیمەی تەندروستیمان نییە، ناتوانین خەڵك هان بدەین كە زیاتر بۆ خزمەتگوزاریی تەندروستی ڕوو لە نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت بكەن، بۆیە ئەگەر بمانەوێت خەڵك سوودی زیاتر لە نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت وەربگیرێت، ئەوا دەبێت پەنا بۆ سیستمی بانكی ببەین، بەتایبەتی لە ئێستادا كە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كارتی بانكییان هەیە و لە ڕێگەی بانكەوە مووچە وەردەگرن، بۆیە دەتوانرێت بە ڕێگەی ئەو سیستمە بانكییە قەرز بدرێتە فەرمانبەران بۆ ئەوەی بتوانن بۆ نەشتەرگەری و چارەسەر سوود لە نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت وەربگرن، بەمەش ئەو لۆدە گەورەیە لەسەر نەخۆشخانە حكوومییەكان هەڵدەگیرێت.
بۆ گرنگیدان بە بنكە تەندروستییەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری لەو بنكانەدا، ئەگەر ئاستی خزمەتگوزاریی پزیشكی بەرز بكەینەوە، ئەوا هاووڵاتی زووتر چارەسەری خۆی دەكات، زووتر چاك دەبێتەوە و ناچار نابێت پەنا بۆ نەخۆشخانەی ناو شارەكان ببات. پێش ئەم گفتوگۆیە، سەردانی بنكەی ڕاژانم كرد لە بنەسڵاوە، كە بنكەیەكی ڕاوێژكاریی تەندروستییە، لەم بنكەیە دكتۆری پسپۆڕ هەیە، بەڵام ئامێری سۆنەرەكەیان زۆر كۆنە و لەوانەیە كوالێتی پشكنینی وەك پێویست نەمابێت، بەتایبەتی لە پشكنینی سۆنەر بۆ ئافرەتان كە ئەگەر پشكنینەكە ورد نەبێت، ئەوا لەوانەیە كێشەی تەندروستی بۆ ئافرەتەكە دورست بكات، دوای ئەو سەردانەم كۆبوونەوەم لەگەڵ 40 بنكەی تەندروستیی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دەشتی هەولێر هەبوو، لە هەندێك لەو بنكانە تاقیگەی پشكنین هەیە، بەڵام توانای پشكنینی ڕێژەی شەكرەی نەخۆشێكی شەكرەی نییە. هەموو لایەك دەزانین ئامێری ئەوتۆ بۆ نەخۆشخانەكان دابین دەكرێت كە بەهاكەی ملیۆن یان چەندین ملیۆن دۆلارە، بەڵام كێشەی تاقیگەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكی تەندروستی كە زیاتر لە 40 بنكەی تەندروستی هەیە، بە دەهەزار دۆلار چارەسەر دەكرێت، كەچی خەمساردیی تێدا دەكرێت و بۆی دابین ناكرێت.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، یەكێك لە بەڕێوەبەرانی بنكە تەندروستییەكان پێشنیاری ئەوەی كرد كە پسوولەی پشكنینی نەخۆشی شەكرە بكەین بە دوو هەزار دینار، بۆ ئەوەی بتوانین كەرەستەی پێویست ئامادە بكەین و باشتر ئەم خزمەتگوزارییە پێشكەشی هاووڵاتیان بكرێت. لە بەرانبەردا، بەڕێوەبەری بنكەیەكی دیكە وەڵامی دایەوە و پێی گوت: «باری دارایی خەڵكی دەوروبەر بە شێوەیەكی گشتی لە ئاستێكی نزمدایە، لەوانەیە خانمێك لەپڕ منداڵەكەی پێویستی بە بنكەیەكی تەندروستی هەبێت و پارەشی لەبەردەستدا نەبێت، لەو كاتەشدا بە ناچاری ڕوو دەكاتە بنكە تەندروستییەكە، چۆن دەتوانیت پسوڵەیەكی بدەیتێ بە دوو هەزار دینار، كە لەوانەیە ئەو 250 دینارەش پێی نەبێت، كە ئێستا دەبێت لێی وەربگیرێت». بۆیە لەم پرسەدا و وەك لە ماددە 31ی دەستووری عێراقیشدا هاتووە كە دەبێت هەموو خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەكان بە خۆڕایی بۆ هاووڵاتیان دابین بكرێن، هەر خاوەن كارێك، یان كۆمپانیایەك بیەوێت بزنێسی پزیشكی لە كەرتی تەندروستیدا بكات، پێوستە لەژێر چاودێریی وەزارەتی تەندروستی و بەپێی یاسا ئەو كارە بكات.
لەو ماوەیەی ڕابردوودا توانیمان سێ چوار كورسیی كلینكی پزیشكی ددان بۆ بنكە تەندروستییەكان دابین بكەین، بەڵام پێویستیان بە كەرەستە و ئامێرەكانی پزیشكی ددان هەبوو، بۆ ئەم پرسە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر هەوڵێكی زۆری خستەگەڕ هەتا گەیشتە ئەوەی بۆ كڕینی ئەو كەرەستە و ئامێرانە تەندەرین بكرێت، بەڵام كە سەیر كرا، ئەو كەرەستە و ئامێرانە لە ناو ستیكەرەدا نییە، نەمانتوانی دابنیان بكەین، پەیڕەوكردنی ستكیتەر بۆ كڕینی كەرەستە و ئامێری پزیشكی شتێكی زۆر باش و تەندروستە، بەڵام دەبینین كلینكەكانی پزیشكی ددان لە كەرتی تایبەت بە هۆی ستیكەرەوە لە دەستكەوتنی ئەو كەرەستە و ئامێرە بێ بەش نەبوون و زۆر بە ئاسانی دەستیان پێی دەگات و كاری خۆیان دەكەن، بۆیە ڕەخنەی ئێمە لەسەر ئەوەیە بۆچی دەبێت بۆ كلنیكی پزیشكی ددان لە كەرتی تایبەت ئاسایی بێت، بەڵام بۆ كەرتی گشتی لە ماوەی شەش مانگدا نەتوانین ئەو كەرەستانە دابین بكەین، بۆیە كاتێك لیستی ستیكەر دادەنرێت ئەوە ئەركی وەزارەتی تەندروستییە كە دەبێت وەك ڕێنمایی هەندێك ئاسانكارییش پێشكەش بكات.
خاڵێكی دیكە كە دەتوانم بە گەشبینییەوە هەڵوەستەی لەسەر بكەم، ئەوەیە كە تا ڕادەیەكی زۆر باش نەخۆشخانە حكومییەكان جێگەی متمانەی هاووڵاتیانن. ئێمە لە هەولێر نەخۆشخانەی فریاكەوتتنی ڕۆژهەڵاتمان هەیە، هەروەها نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژئاواشمان هەیە، ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییە كوالێت بەرزەی لە ڕۆژئاوا پێشكەش دەكرێت لە كوالیتی ڕۆژهەڵات بەرزترە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی هەردوو نەخۆشخانەكە، من سەردانی نەخۆشخانەی ڕۆژئاوام كردووە، ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییە ئاست بەرزانەی لەو نەخۆشخانەیەدا پێشكەشی هاووڵاتیان دەكرێن، لە هیچ نەخۆشخانەیەكی تایبەتی شاری هەولێردا نییە. ئەو كەرەستانەی لە هۆڵی نەشتەرگەریی ئەو نەخۆشخانەیەدا بەكاریان دەهێنین، هەموویان كەرەستەی كوالێتی بەرز و ئامێرەكان براندی جیهانین..
جێگەی خۆیەتی لەسەر باشیی نەخۆشخانە حكومییەكان ئاماژە بە هەردوو نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆك و نەخۆشخانەی گوڵان لە ئاكرێ بكەین، من خۆم سەردانی هەردوو نەخۆشخانەیەم كردووە و خزمەتگوزارییەكانیان لەگەڵ كەرتی تایبەت بەراورد ناكرێن و كوالێتی خزمەتگوزارییان زۆر بەرزترە.
سەبارەت بە دابینكردنی دەرمان، بە تایبەتی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەكان، بەڕاستی زۆر بەباشی ڕێك خراوە و ڕیفۆرمی تێدا كراوە، نەخۆشەكان فۆرمیان بۆ دروست كراوە و لەكاتی خۆیدا بە شێوەیەكی یەكسان بەسەریاندا دابەش بكرێت.
لە دوماهیدا، دەگەڕێمەوە سەر ئەو خاڵەی كە لە سەرەتا ئاماژەم پێكرد و دەمەوێت جەخت لەسەر ئەوە بكەمەوە، كە ئامانجی یەكەمی سیستمی تەندروستیی سەركەوتوو ئەوەیە، ڕێگر بێت لەوەی خەڵك نەخۆش بكەوێت، یان هەر لە سەرەتاوە نەخۆشییەكە چارەسەر بكرێت، نەك سیستمەكە لە دەرمان و چارەسەردا بچووك بكرێتەوە. ئەم هەنگاوەش لە بایەخدان بە بنكە تەندروستییەكانەوە دەست پێدەكات، چونكە هاووڵاتی كە هەست بە نەخۆشی دەكات، یەكەم شوێن سەردانی ئەو بنكە تەندروستییانە دەكات، ئەگەر لەوێ بە چارەسەرێكی سەرەتایی چارەسەر كرا، ئەوا ڕێگە نادات نەخۆشییەكە تەشەنە بكات و پێویستی بەوە هەبێت سەردانی نەخۆشخانەكان بكات.