عەلی ئەحمەد سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی زاخۆ: شارەزایی و پێگەیشتنی مامۆستای ئێمە نەگەیشتووەتە ئاستی سیستەمە نوێیەكەی فێركردن

سیستەمی پەروەردە لەچەند ساڵی ڕابردوودا گۆڕانكاریی زۆری بەسەردا هاتووە، لەڕووی پڕۆگرامەكانی خوێندنەوە بێت، یان لەڕووی سیستەمی ئەزموونی خوێندنەوە بێت، ئەمەش هەمووی لەپێناو پشكەوتنی كەرتی پەروەردە و فێركردنە، ئەو كەرتەی بۆ بەرەوپێشچوونی وڵات و پەرەپێدانی سێكتەرەكانی دیكە گرنگیی لە ڕاددە بەدەری هەیە، بگرە لەهەموو سێكتەرەكانی دیكە گرنگترە، ئەگەر پەروەردەو فێركردن لەوڵات باش بێت و بەرەو پێشەوە بچێت، ئەوا هەموو سێكتەرەكانی دیكە و نیشتمان بەرەو پێشەوە دەچێت، هەر لە پێگەیاندنی پزیشك و ئەندازیارێكەوە تاوەكو یاسادانەر و هەموو پیشەوەر و چین و توێژەكانی دیكە كە پەروەردەی دەستی مامۆستایە، بەمەش كەرتەكانی پزیشكی و ڕێگاوبان و ژێرخان بەرەو پێشەوە دەچێت، تەنانەت پێگەیاندنی سەركردە و بەرەوپێشچوونی ڕەوشی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی لە گەشەكردنی كەرتی پەروەردەوە سەرچاوە دەگرێت. لەبەر ئەم گرنگییەی كەرتی پەروەردەیە حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی زۆری بەگەشەكردنی كەرتەكە داوە، چونكە بۆ پێشكەوتن و گەشەكردنی وڵات پەروەردە دەستپێكە.
سەبارەت بە كەرتی پەروەردەیی و ئامادەیی نوكە بەسەر دوو قۆناغی قوتابخانەدا دابەش كراوە، قۆناغی یەكەمی بنەڕەتی پێكهاتووە لە سێ بازنە، بازنەی یەك قۆناغی پۆلی (یەك و دوو سێ)یە، بازنەی دوو پێكهاتووە لە پۆلی چوار و پێنج و شەش، و بازنەی سێ پێكهاتووە لە پۆلی حەوت و هەشت و نۆ، قۆناغی ئامادەییش پۆلی دە و یازدە و دوازدە دێت. لەم سیستەمەدا لە بازنەی یەكەم دەرنەچوون نەماوە و زارۆك بەسێ ساڵ ئەم بازنەیە دەبڕێت. من دەزانم ئەم سیستەمە لە بازنەی یەكەم لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە، بەڵام لایەنی ئەرێنی زیاترە لە نەرێنی، چونكە هاندانە بۆ خوێندن و بەردەوامیی خوێندنی قوتابی، لەم بازنەیەدا مامۆستا ئەركێكی قورسی دەكەوێتە سەر شان كە دەبێت قوتابی ڕابهێنێت و فێری بكات و بیگەیەنێتە ئاستێكی پەروەردەیی و فێركردنی وا كە دەربچێت بۆ قۆناغی پێشتر، بەڵام گەلێك ئاریشە و كێشە هەیە لە كەرتی پەروەردە هەر لە كەمیی مامۆستا و بینایە و لە پڕۆگرام و سیستەمیشەوە، بەداخیشەوە شارەزایی و پێگەیشتنی مامۆستای ئێمە نەگەیشتووەتە ئاستی سیستەمە نوێیەكەی فێركردن و قوتابی بگەیەنێتە ئاستێكی پێشكەوتوو كە لە قۆناغێكەوە بچێتە قۆناغێكی دیكەی خوێندن، بەتایبەتی كە لە قوتابخانەكاندا قوتابی لەناو پۆلەكاندا زۆرن و قەرەباڵغیی و لۆدێكی زۆر لەسەر قوتابخانە و پۆلەكانی خوێندن هەیە، بەشێوەیەكی گشتی سیستەمی پەڕینەوە لەناو ئەزموونەكانی خوێندن سیستەمێكی باشە، ژمارەی دەرنەچوون و مانەوەی لە پۆلەكاندا زۆر كەم كردووەتەوە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ كۆكردنەوەی داتاو زانیاریی پێویست لەسەر قوتابخانە و پۆلەكان و ژمارەی قوتابی و مامۆستا و فەرمانبەری پەروەردەیی و .. تادوایی.
بە شێوەیەكی گشتی زۆریی ژمارەی قوتابیان بەراورد بە ژمارەی قوتابخانە و پۆلەكان بە كێشەی سەرەكیی بەردەم گەشەكردنی كەرتی پەروەردە و پیادەكردنی سیستەمە نوێیەكانی پەروەردەیی و فێركردن دادەنرێت، ناكرێت لە هەندێك قوتابخانە لە 40 بۆ 60 قوتابی لەناو یەك پۆلدا بخوێنن، لەكاتێكدا لە ستانداردە جیهانییەكان لەنێوان 20- 30 قوتابییە، ئەمە كێشەیەكی مەزن بۆ مامۆستا و قوتابیش دروست دەكات. مامۆستا زۆر زەحمەتە لەناو پۆلە قەرەباڵغەكان بەپێی پێویست بتوانێت وانە بڵێتەوە و هەمووان فێر بكات و هەموو ڕێگا هاوچەرخەكان پیادە بكات، تاوەكو هەموو قوتابییەكانی ناو پۆلەكە فێر بكات و كاریگەریی لەسەر پەروەردە و خوێندن و ئیدارەش دروست دەكات. لە زۆر گوند و گەڕەكەكانی دوور لەناو سەنتەری شار، ئاریشەیەكی زۆر گەورە هەیە، بەوەی بینای قوتابخانەكان وەكو پێویست نییە و لە زۆر گوند و ناوچەدا قوتابی لەناو كابینەدایە، بە واتایەكی دیكە زیاتر لە 1000 قوتابخانە دوو دەوامن و ناتوانرێت سیستەمە پێشكەوتووە هاوچەرخەكان جێبەجێ بكرێت. لەلایەكی دیكەوە بەهۆی خانەنشینبوونی سێ موالید پێكەوە كە لەگەڵ موالیدی 1965 دەكاتە چوار موالید گرفتێكی گەورە بۆ ژمارەی مامۆستایان دروست بوو كە خۆی لە زیاتر لە 300 مامۆستا دەدات بەتایبەتی لە هەندێك وانەی پێویستدا كە پێویستە بە زووترین كات كۆمەڵێك وانەبێژ و مامۆستا دابمەزرێن و جێگای ئەو ژمارە زۆرەی مامۆستای خانەنشین بگرنەوە.
سەبارەت بە قوتابخانەی كەرتی تایبەت كە من پێم وایە كارێكی باشە لە باخچەی ساوایانەوە بۆ بنەڕەتی و ناوەندی و ئامادەیی و تاوەكو پەیمانگا و زانكۆ ژمارەی قوتابخانە تایبەتەكان ڕوو لە زیادبوونی كردووە، بەوەی لۆد و قورسایی لەسەر قوتابخانە حكوومییەكان كەم دەكاتەوە، لەلایەكی دیكەشەوە هەندێك لەم قوتابخانانە بابەتی پەروەردە و فێركردنیان كردووەتە بزنێسێكی وا، بێ ئەوەی لەڕووی كوالێتیی ئاستی پەروەردە و خوێندنەوە گرنگی بە قوتابی بدرێت، كاتێك قوتابخانە یان پەیمانگایەكی كەرتی تایبەت دێتە دامەزراندن، پێویستە لە ڕووی كوالێتی خوێندن و دابینكردنی پێداویستیی خوێندنەوە لەئاست كەرتێكی پەروەردە و خوێندنی هاوچەرخدا بێت و مامۆستای شارەزای هەبێت.
وەزارەتی پەروەردە مەرجی زۆری داناوە بۆ ڕەزامەندیدان لەسەر كردنەوەی قوتابخانەكانی كەرتی تایبەت كە پێویستە مامۆستای شارەزا و بەتوانا و كادیری پەروەردەیی لێهاتوو و دابینكردنی بینایە و پێداویستیی هاوچەرخ و كرێی خوێندنی گونجاو بۆ قوتابیان دابین بكرێت، پێویستە لەنێوان قوتابخانەكانی كەرتی تایبەت كێبڕكێ لەسەر بنەمای بەهێزیی كوالێتی پەروەردە و خوێندن ئەنجام بدرێت، بەداخەوە زۆر جار لەم قوتابخانە و پەیمانگایانە قوتابی دەردەچێنن، بێ ئەوەی توانای باشی هەبێت و شایەنی دەرچوون بێت، چونكە دەڵێن قوتابی پارەی خۆی دەدات و ناكرێت دەرنەچێت.