مامۆستا جەمال محەمەد لە قوتابخانەی دڵزاری بنەڕەتی/هەولێر   سیستەمی نوێی پەروەردە دەبێت لەلایەن وەزیری پەروەردە و شارەزایان و پسپۆرانەوە چاوخشاندنەوەی پێدا بكرێت

مامۆستا جەمال محەمەد  لە قوتابخانەی دڵزاری بنەڕەتی/هەولێر     سیستەمی نوێی پەروەردە دەبێت لەلایەن وەزیری پەروەردە و شارەزایان و پسپۆرانەوە چاوخشاندنەوەی پێدا بكرێت

 

 

وەكو سیستەمی پەروەردە، دیارە جیاوازییەكی ئەوتۆی نییە لەنێوان قوتابخانە حكوومییەكان و قوتابخانە ئەهلییەكاندا، بەڵام ئەوەی كە دەبینرێت و ڕەچاو دەكرێت، دیارە كۆمەڵێك كێشە و گرفت هەیە و دەتوانرێت لایەنی پەیوەندیدار لە بەڕێز وەزیری پەروەردە تاوەكو پسپۆڕان و شارەزایان چاوپێداخشانەوەیەك بەو سیستەمەدا بكەن، چونكە زۆر جار هەیە، مامۆستا لەناو ئەو سیستەمە پەروەردەییە كێشەی بۆ دروست بووە، بۆ نموونە لە ناكاو پشوویەك دێتە ناو سیستەمەكەوە، لەبەر ئەوە سیستەمی پەروەردە پێویستی بە دەستكاری و بە جوانكردن هەیە، یەكێك لە كێشە گەورەكانی نێو قوتابخانە حكوومییەكان، ئەوەیە كە هەندێ قوتابخانە ژمارەی قوتابیانی زۆرە، نەبوونی باڵاخانەش كێشەی دروست كردووە، قوتابخانە هەیە سێ دەوامی تیا دەكرێت، كە ئەمە یەكێكە لە خاڵە جەوهەرییەكانی نێو سیستەمی پەروەردە كە پێویستی بە چارەسەر هەیە، بۆیە پێویستە جەنابی وەزیری پەروەردە، یان لایەنی پەیوەندیدار و خودی ڕێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاگاداری ئەوە بن و بزانن كام قوتابخانە سێ دەوامی تێدا دەكرێت، بۆ نموونە قوتابخانەكەی ئێمە دوو هەزار قوتابی تێدایە، بەڵام شوێنەكەی ئەوە نییە كە ئەو ژمارە زۆرەی تێدا بێت. لە قوتابخانە ئەهلییەكاندا ئەو شتە ڕەچاو كراوە. ژمارەی قوتابیان و وەرگرتن سنووردارە، بەڵام لە قوتابخانە حكوومییەكاندا ئەمە ڕەچاو نەكراوە، بۆ نموونە دەبێت فڵانە قوتابخانە سەد قوتابی وەربگرێت، یەكێكی دیكە دووسەد وەربگرێت، بۆیە پێویستە لایەنی پەروەردە ئەم كێشەیە بە جددی چارەسەر بكات.

خاڵێكی دیكە ڕێزگرتنی قوتابییە لە مامۆستا، لە قوتابخانە ئەهلییەكاندا دەبینین قوتابی هەیە ڕێز لە مامۆستاكەی ناگرێت، بەرپەرچی مامۆستا دەداتەوە. بابەتێكی دیكە ئەوەیە هەندێ قوتابی لە قوتابخانە ئەهلییەكان دەڵێن، ئێمە پارەی خۆمان دەدەین و دەریش دەچین، هیوادارم ئەم دیاردەیە نەمێنێت و پەروەردەیەكی دروست بێتە ئاراوە.

 

Top