مامۆستا شڤان: پەروەردە و خوێندن كاتێك تەنیا بە ئامانجی بزنێس بێت بەهای پیرۆزی خۆی لەدەست دەدات

خوێندنی حكوومی و خوێندنی ئەهلی لە هەرێمی كوردستاندا جیاوازییەكی زۆری تێدایە، من گلەیی و ڕەخنەم لە خوێندنی ئەهلی هەیە، كە زمانی كوردی و زمانی دایكیان فەرامۆش كردووە و زمانی نەتەوەییان لەناو بردووە. زۆر لەم قوتابخانە ئەهلییانە كە بە زمانی ئینگلیزی دەخوێنن خوێندنی كوردییان پەراوێز خستووە، ئەمە كاریگەریی خراپی لەسەر لایەنی نەتەوەیی و نیشتمانی و مێژوویی دەبێت. لەلایەكی دیكەوە قوتابخانە ئەهلییەكان تەنیا وەكو بزنێس و بۆ كۆكردنەوەی داهات و قازانج سەیر دەكرێن، نەوەكو وەكو لایەنێكی پەروەردەیی و فێركردن كە لە ئاستێكی بەرزی كوالێتی قوتابییەكانیان فێر بكەن و پەروەردەیان بكەن، كاتێكیش پەروەردە و خوێندن تەنیا بە ئامانجی بزنێس بێت، بەهای پیرۆزی خۆی لەدەست دەدات.
لە وڵاتی توركیا هەر لە باخچەی ساوایانەوە تا قۆناغە بەرزەكانی خوێندن منداڵەكانیان لەسەر زمانی توركی ڕادەهێنن، كەچی لای ئێمە منداڵەكان لە باخچەی ساوایانەوە پەلەمانە لەبری زمانی كوردی فێری زمانی ئینگلیزی بن. من لەگەڵ ئەوەم هەموو زمانێك فێربوونی گرنگە، بەڵام لەدوای زمانی كوردی بێت. یەكێك لەو كێشانەی ڕووبەڕووی قوتابیان و دایك و باوكان دەبێتەوە، قەرەباڵغیی پۆلەكانی خوێندنە كە زیانی گەورەی لە قوتابی و پرۆسەی خوێندن و جێبەجێكردنی ئەو سیستەمەش داوە، كە بانگەشەی بۆ دەكەین. لە سنووری پارێزگای دهۆك وەكو پارێزگاكانی دیكەی كوردستان قوتابخانە و پۆلەكان ئەوەندە قەرەباڵغە قوتابی فێری هیچ نابێت، لە قوتابخانەی دوو سێ دەوامی و پۆلی پڕ لە 40 قوتابی و زیاتر وەكو پێویست قوتابی فێر ناكرێت، بە پێچەوانەی قوتابخانە ئەهلییەكانەوە كە جگە لەوەی پۆلەكان قەرەباڵغ نین، دەوامەكەشیان زیاترە و بینایەی قوتابخانە و كەرەستەكانیشی نوێ و باشن، بۆیە ژینگەی قوتابخانەی ئەهلی و قوتابخانەی حكوومی جیاوازن و لە ئەهلی باشتر كار لەسەر فێربوون و تێگەیشتنی وانە دەكرێت.