زانیار كەریم   مامۆستای زانكۆ / سلێمانی : سیستەمی نوێی پەروەردە بۆ ئێستا ئامادە نییە و پێشینە و ئامادەكاریی بۆ نەكراوە و كەوتووین بە سەر كۆمەڵێك كێشەی دیكەدا

زانیار كەریم    مامۆستای زانكۆ / سلێمانی :  سیستەمی نوێی پەروەردە بۆ ئێستا ئامادە نییە و پێشینە و ئامادەكاریی بۆ نەكراوە و كەوتووین بە سەر كۆمەڵێك كێشەی دیكەدا

 

 

ئێمە لە كەرتی پەروەردەدا كێشەی زۆرمان هەیە. سیستەمی خوێندن لەپۆلی یەكەم تاوەكو دوانزدە سیستەمێكی ئەوروپایی نوێ و پێشكەوتووی نایابە، بەڵام لە ئێستادا ئەم سیستەمە بۆ ئێستا ئامادە نییە بە تەواوەتی، لەبەر ئەوەی پێشینە و ئامادەكاریی بۆ نەكراوە و كەوتووین بەسەر كۆمەڵێك كێشەی دیكەدا. بۆ نموونە توانای قوتابخانەكانمان تا ڕاددەیەك لاوازە و نۆێكردنەوەیان پێویستە، تەنانەت ژمارەیەكی زۆری قوتابخانەی نوێمان پێویستە، چونكە هەرگیز سیستەمی نوێ لەگەڵ بینا كۆنەكاندا یەكسان نابێت و كێشە دەنێتەوە و پشێوی لێ دەكەوێتەوە، ئێستاش بە ئاشكرا ئەنجامەكەی دەبینین. خاڵێكی دیكە ژمارەی خوێندكارانە بەراورد بەو ژمارە خوێندكارەی كە لە دەرەوەی وڵات لەناو پۆل و قوتابخانەیەكدا دەخوێنن. بۆنموونە لە ستاندارە پێشكەوتووەكاندا نابێت هەر پۆلێك لە 20 خوێندكار زیاتری تێدا بێت، ئەمە هەرگیز لە قوتابخانەكانی هەرێمی كوردستان شتی وا نییە، چونكە لە پۆلێكدا زیاتر لە 40 قوتابی تێدایە، ئەمە دژایەتیی ئەو ستانداردە دەكات كە ئێمە بانگەشەی بۆ دەكەین.

من وەكو سەرپەرشتیارێكی پەروەردە سەردانی زۆر لە قوتابخانەكانم كردووە، ژمارەیەكی زۆری خوێندكاران لە پۆلێكدا ئاخنراون، ئەمە دژایەتی ئەو سیستەمە نوێیە دەكات. پۆلەكانی (یەك تا دوازدە) سیستەمێكی پەروەردەیی و ئەكادیمی خۆی هەیە، بەڵام لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە ئایا مامۆستاكانی ئێمە ئامادە كراون بۆ ئەو دوو سیستەمە قورسە (پەروەردەیی – ئەكادیمی)، ئەمە لەكاتێكدا مامۆستایانی پێشوو تا ڕاددەیەك بە سیستەمە كۆنەكە دەڕۆن و ئێمە نەمانتوانیوە بە تەواوەتی پێیان بگەیەنین و زۆربەی كاتەكان هەر بەو سیستەمە كۆنەكە دەڕۆن، كە باوی نەماوە، یان نەمانتوانیوە لەئاستی پێویست پێیانبگەیەنین، كاتێكیش مامۆستاكە تێكەڵ بە سیستەمە نوێیەكەی دەكەین، ئاڵۆزی و ململانێ دروست دەبێت و بۆی ناڕوات بەڕێوە لەڕووی پەروەردەیی و ئەكادیمییەكەشی، لێرەدا لەلایەن ئەكادیمییەكەوە ئەو پڕۆگرامەی بۆی دانراوە 1-12 پرۆگرامێكی ستانداردارە و دەكەوێتە سەر توانای مامۆستاكە و پۆلەكە و قوتابخانەكە و هەڵسەنگاندنەكانی كە بۆ ئێستا كە پێویستە جێبەجێ بكرێت. من وەكو سەرپەرشتیارێك سەرنجی ئەوەم داوە مامۆستاكان نەیانتوانیوە لە ڕاهێنانەكان لە 100% ئامادە بن. بۆیە باسكردنی سیستەم و ستاندار و جیاوازیی پۆلی یەك و دوازدە جیاوازن، ئەمە جۆرێكە لە خۆهەڵخەڵەتاندن و جارێك مامانە بۆ ئەو شێوازە نوێیە. بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفت و كێشانە ئێمە پێویستیمان بە كۆمەڵێك ڕێكارە، لەوانە كردنەوەی خولێكی باشی تۆكمە بە ئامادەكارییەوە بۆ مامۆستا بەڕێزەكان لە بەیانییەوە تاوەكو ئێوارە لە هۆتێلێكی باش و دابینكردنی هەموو پێداویستییە هاوچەرخەكان و بە خەڵاتكردن و هاندانیان، مامۆستایانی سەرەتایی تاكو ئامادەیی بۆ جارێكی دیكە خۆیان ببیننەوە و تواناكانیان بەرز بكرێتەوە، بۆ ئەوەی ئامادە بن و توانا ئەكادیمییەكانیان ئەوەندە بەرز بێت، بتوانن ئەم وانە پێشكەوتووانە بەم ستاندارد و سیستەمە نوێیە بڵێنەوە. مامۆستا دەناسن ئاستی ئینگلیزییەكەی لاوازە، كەچی بیركارییان داوەتێ بە زمانی ئینگلیزی، ئەمە دروستكردنی كێشەیە بۆ پەروەردە و قوتابخانە و خوێندكارەكەش، سەبارەت بەلایەنی پەروەردەش بە هەمان شێوە ئەو بەرنامە پەروەردەییەی لە دەرەوە دانراوە، بۆ نموونە بەریتانی و ئەمریكی و چینی، هەركام بەرنامەی تایبەت بە خۆیان هەیە و ڕۆژانە جێبەجێی دەكەن، بەڵام لای ئێمە مامۆستا كە لەژێر پاڵەپەستۆ و فشاری هۆكارە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و ئەو ژینگەیەی هەرێمەكە پێیدا تێپەڕ دەبێت، كاریگەریی لەسەری دروست كردووە و دەیەوێت 30 دەقیقە ئەو وانەیەی هەیەتی بیڵێتەوە و بچێتە دەرەوە. ئالێرەدا سیستەمە پەروەردەیی و ئەكادیمییەكە شكستی هێنا، تەنیا چوارچێوەیەكی ستانداردێكی جیهانی مایەوە، گوایە پۆلی یەك بۆ دوانزدەمان هەیە. لەم ڕوانگەیەوە پێویستە كەسانی شارەزا و لێهاتوو پێداچوونەوە بە تەواوی چوارچێوە ئەكادیمی و پەروەردەییەكەدا بكەن. ئەم كێشەیە لە زانكۆكانیشمان هەیە كە سیستەمی نوێی ئەورووپییان هێناوە، كە بە هیچ شێوەیەك ئامادە نین پەیڕەوی ئەم سیستەمە بكەن، بەمەش خوێندكارەكان كە بەرز دەبنەوە بۆ زانكۆ كێشەیان بۆ دروست دەبێت.

خوێندنگا و زانكۆ ئەهلییەكان هەندێكیان كە لەو پارەیەی لە خوێندكار وەری دەگرن، توانیویانە لە كەلوپەل و وانەوتنەوە و پێداویستییەكاندا خەرجی بكەن و كوالێتییەكە دانەبەزێنن، بەڵام جێگای داخە زۆرینە بابەتەكە تەنیا بووەتە بزنێس و هیچی دیكە نییە، بۆ نموونە ئەو زانكۆ ئەهلییانەی لە مالیزیا هەیە، ئەو پارەیەی لە قوتابی وەریدەگرن، هەمووی دەخرێتە خزمەتی كوالێتی و دابینكردنی پێداویستییەكانی خوێندن و بەرزكردنەوەی ئاستی زانكۆكەدا و بەردەوام لە كێبڕكێدان بۆ ئەوەی بگەنە ئاستی زانكۆ نایابەكان، ئەم حاڵەتە بۆ پەیمانگا و قوتابخانە ئەهلییەكانیش وایە، بۆیە پێویستی بە پێداچوونەوە و چاودێریی چڕ هەیە، تاوەكو چاوخشاندنەوە بە ئاستی خوێندن بكرێت هەر لەچوارچێوەی بزنێس نەبێت. ئومێدەوارم ئەو لێژنە پسپۆڕییەی سەردانی قوتابخانە ئەهلییەكان دەكەن، لێژنەیەكی پسپۆڕ بن لە بواری پەروەردەیی و ئەكادیمی و كۆمەڵایەتی و كارگێڕیی و دارایی، ئەمەش كاتی دەوێت كە ژمارەیەكی زۆری قوتابخانەی ئەهلی كراوەتەوە و بابەتەكە تەنیا بازرگانییە. من دژی قوتابخانەی ئەهلی نیم، بەڵام دژی ئەوەم تەنیا بزنێس و بازرگانی بێت. با قوتابخانەی ئەهلیی باش خەڵات بكرێن و هان بدرێن و ئەوەی كەمتەرخەمیشە سزا بدرێن و بگرە دابخرێن. سەبارەت بە وەزارەتی پەروەردەش بێ كەموكووڕیی نییە. بۆ نموونە كەموكووڕییەكی گەورە باس دەكەم، ئەویش هاندانە كە بەداخەوە نەماوە، هاندان و خەڵاتەكە ماددی بێت، یان مەعنەوی بێت، پێویستە جێبەجێ بكرێت، چونكە وا دەكات ئەو مامۆستایە بەردەوام گۆڕانكاریی باش بكات، بە پێچەوانەوەی كێشە و گرفتەكانی كەرتی پەروەردە سێ بارە و چوار بارە دەبنەوە.

 

Top