د. هشیار عیسا سەدیق پسپۆڕ و تایبەتمەند لە نەشتەرگەری گشتی:   لە سنووری پارێزگای دهۆك 2213 پزیشكمان هەیە، نزیكەی 700 پزیشكیان پسپۆڕن و ئەگەر بواریان بۆ بڕەخسێت باشترین خزمەت پێشكەشی هاووڵاتیان دەكەن  

د. هشیار عیسا سەدیق  پسپۆڕ و تایبەتمەند لە نەشتەرگەری گشتی:     لە سنووری پارێزگای دهۆك 2213 پزیشكمان هەیە، نزیكەی 700 پزیشكیان پسپۆڕن و ئەگەر بواریان بۆ بڕەخسێت باشترین خزمەت پێشكەشی هاووڵاتیان دەكەن   

 

د. هشیار عیسا سەدیق، هەڵگری بڕوانامەی بۆردە لە نەشتەرگەریی گشتی و یەكێكە لە دكتۆرە بە ئەزموونەكانی بواری نەشتەرگەریی گشتی لە نەخۆشخانەی ئازادیی دهۆك، هەروەها خاوەنی كلینیكی تایبەتی خۆیەتی لە نەخۆشخانەی كوردستانی تایبەت لە دهۆك. لە گفتوگۆی ئەم جارەی بازنەی گفتوگۆ «خزمەتگوزاریی تەندروستی لە نێوان كەرتی گشتی و تایبەت»، باسی لە ئاستی ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانە كرد، كە ڕۆژانە نەخۆشخانە حكوومییەكان پێشكەشی هاووڵاتیانی دەكەن و، بەم جۆرە دید و تێڕوانینەكانی خۆی خستە ڕوو.

 

زۆر سوپاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم بۆ ڕێكخستنی ئەم گفتوگۆ گرنگە لەسەر «خزمەتگوزاریی تەندروستی». بەڕاستی ئەمە پرسێكی گرنگە و دەبێت زۆر بە ڕاشكاوی و جددی قسەی لەسەر بكرێت.

ئەگەر لە ئەزموونی كاری ڕۆژانەی خۆمەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانە بكەم كە ڕۆژانە پێشكەشی هاووڵاتیان دەكرێن، من نۆژدارم لە نەخۆشخانەی ئازادیی دهۆك، كە گەورەترین نەخۆشخانەی ئەو پارێزگایەیە. لە ناو ئەم نەخۆشخانەیەدا بەشی ڕاوێژكاری هەیە، كە ڕۆژانە زیاتر لە 70 نەخۆش تەنیا سەردانی بەشی نۆژداری دەكەن. ئەم ژمارەیە ئەوەمان پێدەڵێت كە، ئاستی ئەو خزمەتگوزارییانەی لە نەخۆشخانە حكوومییەكان پێشكەش دەكرێت بەرزە و خەڵك متمانەی پێیەتی، ئەگەرنا ئەو ژمارە زۆرەی نەخۆش ڕۆژانە سەردانی نەخۆشخانە حكوومییەكانیان نەدەكرد.

هەر لە نەخۆشخانەی ئازادیی دهۆك، ڕۆژانە لە دەوامی بەیانیان 25-30 نەشتەرگەریی مەزن و مامناوەند ئەنجام دەدەین، لە دەوامی ئێوارانی نەخۆشخانەش دیسان بە شێوازی «نیمچە تایبەت» نزیكەی 10-15 نەشتەرگەری ئەنجام دەدەین. ئێمە بەشێك لە نەخۆشەكانمان لەو نەخۆشخانەیەدا نەشتەرگەرییان بۆ ئەنجام دەدەین، بەتایبەتی لەو ڕۆژەی بۆمان دانراوە، نەشتەرگەری ئەنجام بدەین و هەر نۆژدارێك ڕۆژێكی بۆ دانراوە كە نەشتەرگەری ئەنجام بدات. بەڵام دانانی مەوعید بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری دوورە و دەگاتە نزیكەی چەند مانگ. بۆیە ئەگەر نەخۆشێك پێویستی بەوە بێت بەپەلە نەشتەرگەری بۆ بكەین، لە نەخۆشخانەی تایبەت بۆی دەكەین و دوای ناخەین، ئێستاش لە دهۆك 15 نەخۆشخانەی تایبەتمان هەیە كە دەتوانین نەشتەرگەری تێدا ئەنجام بدەین.

ئەوەی جێگەی ئاماژەپێكردنە و ئەو دكتۆرە بەڕێزانەش ئاماژەیان پێكرد، دابینكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نموونەیی و پڕفێكت، پێویستی بە تەرخانكردنی بوودجەیەكی زۆر گەورە هەیە. بەڵام بە هۆی قەیرانی ئابوورییەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو توانایەی نییە ئەو بوودجە گەورەیە بۆ كەرتی تەندروستی تەرخان بكات.

بەڕێز د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی كە لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵمان بەشدارە، ئاگادارە كە پێش دە ساڵ بەردی بناغە بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی فریاگوزاری بۆ پارێزگای دهۆك دانرا، بەڵام بە هۆی قەیرانی داراییەوە لە ساڵی 2014وە كاركردن لەو نەخۆشخانەیەدا ڕاگیراوە. ئەمەش وای كردووە كە هەموو شاری دهۆك ئیعتمادیان لەسەر نەخۆشخانەی گشتیی ئازادی بێت، ئەمەش لۆدێكی گەورەی دروست كردووە و نەخۆشخانەكە ناتوانێت هەموو خزمەتگوزارییەكی تەندروستی بۆ هاووڵاتیان دەستەبەر بكات. ئەمەش بووەتە هۆكاری ئەوەی خەڵك بە ناچاری ڕوو لە نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت بكەن.

خاڵێكی دیكە كە زۆر گرنگە ئەوەیە كە هۆكارەكانی ڕاگەیاندن ڕۆڵێكی زۆر زۆر خراپ لەسەر كەرتی تەندروستی و خزمەتگوزارییەكانی دەگێڕن، تەنیا چاویان لەسەر ئەوەیە كێشەیەكی بچووك هەبێت و زۆر گەورەی بكەن و لە میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بیكەنە كێشەیەكی گەورە. هەروەها لە لایەن هەندێك پیاوانی ئایینی، بەتایبەتی لە گوتارە ئایینییەكانیاندا هێرشی توند دەكەنە سەر پزیشكەكان. ئاشكراشە گوتاری پیاوانی ئایینی لە ناو كۆمەڵگەدا ڕەنگدانەوەی زۆر جیاواز و نەرێنی لەسەر تەندروستی دەهێنێتە ئاراوە.

لە ئێستادا لە سنووری پارێزگای دهۆك 2213 پزیشكمان هەیە، نزیكەی 700 پزیشكیان پسپۆڕن. بۆیە ئەگەر لەو دەڤەرە بواریان بۆ بڕەخسێنرێت و هەندێك نەخۆشخانەی دیكە دروست بكرێن، ئەوا ئەو توانایە هەیە كە بتوانن خزمەتی باشتر بكەن و خزمەتگوزاریی باشتر پێشكەشی هاووڵاتیان بكەن.

 

Top