د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان: هیچ تاقیگەیەكی گشتی نەدراوەتە كەرتی تایبەت، تەنیا ئەوەیە پێداویستیی تاقیگەكان دابین دەكات و كەرتی گشتی بەڕێوەی دەبات
د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و، دەرچووی كۆلێژی پزیشكیی هەولێرە و، بڕوانامەی ماستەر و دكتۆراشی لە تەندروستیی كۆمەڵ لە زانكۆی پزیشكی هەولێر وەرگرتووە. ماوەی نزیكەی 25 ساڵە لە كەرتی تەندروستی كار دەكات و، لە چەندین پلە و پۆستی جیاوازیش كاری كردووە و لە ساڵی 2019وە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پۆستی وەزیری تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی وەرگرتووە. لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆ «خزمەتگوزاریی تەندروستی لە نێوان كەرتی گشتی و تایبەتدا»، كە بەپێی بەرنامەی گفتوگۆكە وا دانرابوو، لە دەسپێكدا وەزیری تەندروستی قسە لەسەر «خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان» بكات، بەڵام داوای كرد، دوایین كەس بێت و مۆڵەتی پێبدرێت بۆ ئەوەی وەڵامی كۆی گفتوگۆكە بداتەوە، بە ئاكامی ڕاپرسیەكە و ئەو ڕاپۆرتە مەیدانییەش كە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بۆ ئەم گفتوگۆیە ئامادە كرابوو. بەمجۆرەش ڕوونكردنەوەی پێویستی لەسەر خزمەتگوزاریی تەندروستی لە كەرتی گشتی و تایبەت خستەڕوو.
بە شێوەیەكی گشتی ئەم گفتوگۆیە بە ڕاستی گفتوگۆیەكی دڵخۆشكەر بوو، بۆیە زۆر سوپاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم، كە ئەم گفتوگۆ مەزنەی ڕێك خستووە. ئێمە زۆر دڵخۆشین بەم جۆرە كۆڕ و كۆڕبەندانە كە زۆر بە ڕاشكاوی گفتوگۆی جددی لەسەر پرسێكی گرنگی وەك «خزمەتگوزاریی تەندروستی» لەبەردەم میدیا و ڕای گشتیی خەڵكی كوردستان ئەنجام دەدرێن، پێشتریش لە ماوەی تەمەنی كابینەی نۆیەم و لەو كاتانەی كە پەرلەمانی كوردستان كارا بووە، دیسان ئامادەباشیمان هەبووە، بچینە پەرلەمان و وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران بدەینەوە و ڕاستەوخۆش لە ڕێگەی میدیاوە بۆ ڕای گشتی خەڵكی كوردستان پەخش كراوە.
ئاراستەی بەرنامەی كابینەی نۆیەم بەو جۆرەیە كە دەبێت هاووڵاتی سەنتەر بێت و ئاگاداری شێوازی هەڵسوورانی حوكمڕانی بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بەشداریی پرۆسەی حوكمڕانی بكات و حكومەتەكە بە حكومەتی خۆی بزانێت.
كە داوام كرد، دوای هەموو بەشداربووانی ئەم گفتوگۆیە قسە بكەم، مەبەستم ئەوە نەبوو، ڕەخنە لە بۆچوونە ڕاشكاوەكانتان بگرم، یان وەڵامی ئەو ڕەخنە و تێبینییانەتان بدەمەوە كە لەسەر «خزمەتگوزاریی تەندروستی» لە هەرێمی كوردستان كە خستانە ڕوو، بەڵكو مەبەستم ئەوە بوو، واقیعی كەرتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان چۆنە، وەك خۆی بە بێ كەم و زیاد پیشانی هاووڵاتیان بدرێت، ئەوجا بە حوكمی ئەوەی لە ساڵی 2002ـەوە لەم كەرتە هەستیارە كاردەكەم، هەر لە پزیشكی بنكەیەكی تەندروستییەوە، تا دەگاتە بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر و ئێستاش وەك وەزیری تەندروستی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، مانای وایە نزیكەی چارەكە سەدەیەكە ئاگاداری ئەم كەرتە هەستیارەی دابینكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیم، هەروەها زۆر باش ئاگاداری ئەو ڕاستیەم كە سیستمی تەندروستی تەنیا «خزمەتگوزاریی پزیشكی و چارەسەر» ناگرێتەوە و ماستەر و دكتۆراكەم لەسەر «تەندروستیی كۆمەڵ» واتە سیستمی تەندروستییە، بەڵام لێرەدا باسی ئەو واقیعە دەكەین كە ئێستا بوونی هەیە.
لەم گفتوگۆیە چەندین پرسی گرنگ ورووژێنران، لەگەڵ ئەوەی هیچ كام لەو ڕەخنانە ڕەت ناكەمەوە، بەڵام بەمجۆرە واقیعەكە چۆنە دەیخەمە ڕوو:
1
چارەسەركردنی نەخۆشیی سووتان
باس لەوە كرا «نەخۆشێكی سووتان» لە نەخۆشخانەی كەرتی گشتی بایەخی پێ نەدراوە، بۆیە خێزانەكەی بە ناچاری بردوویەتی بۆ نەخۆشخانەی كەرتی تایبەت.
ئەوانەی پزیشكن ئەو ڕاستیە دەزانن كە سووتان هەتا ئەگەر گەیشتبێتە 80%یش، لە ڕۆژی یەكەم و دووەم تەنیا بتوانێت دەم بجووڵێنێت و چاو بكاتەوە، زۆر ئاسایی قسە دەكات و، وەك ئەوەیە هیچی نەبێت، بەڵام دوای ئەو یەك دوو ڕۆژ، بەرە بەرە برینەكەی خراپ دەبێت، تا دەگاتە ئەوەی بمرێت، بۆیە كە كەسێك دەسووتێ و دەیهێنن بۆ نەخۆشخانە و دوای دوو سێ ڕۆژ بارودۆخی تەندروستی دەگاتە ڕاددەیەكی زۆر خراپ، كەسوكاری سووتاوەكە دەڵێن، «نەخۆشەكەمان هیچی نەبوو و لە نەخۆشخانە كوشتیان»، لەم چوارچێوەیەدا دەمەوێت هەندێك زانیاری لەسەر مامەڵەكردنی نەخۆشخانەكان لەگەڵ سووتاوی بخەمەڕوو.
1- بە پلەی یەكەم چارەسەری «سووتان» لە نەخۆشخانە حكوومییەكانی كەرتی گشتی دەكرێت، نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت بە هیچ جۆرێك نە سووتاوی وەردەگرن، نە بەرگەی ئەوەش دەگرن، بۆیە ئەو حاڵەتەی كە باس كرا، نەخۆشی سووتاو براوەتە نەخۆشخانەی تایبەت، ئەوە حاڵەتێكی زۆر شازە و دەتوانم بڵێم بە چەند پۆینتێك لە ڕێژەی یەك لەسەد كەمترە.
2- بەپێی توێژینەوەیەك كە لەسەر «سووتان» كردوومانە، تێچووی یەك ڕۆژی نەخۆشیی سووتان، لەسەر نەخۆشخانە حكوومییەكان 1000 دۆلارە.
3- تا 10 ساڵ پێش ئێستا پزیشكی سووتانمان نەبووە و، پزیشكی نەشتەرگەریی گشتی مامەڵەی لەگەڵ سووتان دەكرد، بەڵام ئێستا خۆشبەختانە پزیشكی سووتان لە كوردستان هەیە.
4- هەموو توێژینەوە زانستییەكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە سووتان گەیشتە پلەی سێ یان 60% بەسەرەوە بێت، ئەوە ئیرادەی خوایە و زانستی پزیشكی ناتوانێت چاكی بكاتەوە، بۆ ئەم پرسە ئێمە چەندین توێژینەوەی زانستیمان كرد بۆ ئەوەی ڕێژەی مردن «mortality» لە سووتاندا دیاری بكەین.
5- ئەوانەی تیمی چارەسەری سووتانن، كە ئێستا لە سلێمانی و هەولێر و دهۆك ئەو تیمە پزیشكییە تایبەتانەمان هەن، پێكەوە كۆبووینەوە، دیراسەتی شێوازی چارەسەری سووتان و ڕێژەی مردن بە هۆی سووتانمان كرد، دەركەوت، ڕێژەی مردن بە هۆی سووتاوی، ڕێژەیەكی بەرز و مەترسیدار نییە، بەڵكو بەپێی پێوەرە زانستییەكان لە ئاستێكی باشدایە.
2
بەجێهێشتنی لەفاف لە كاتی نەشتەرگەریدا
لەگەڵ ئەوەی بەپێی زانستی پزیشكی و «پرەنسیپی شوارتز» بۆ نەشتەرگەری «Schwartz›s Principles of Surgery» كە كتێبێكی گەورەیە و قوتابیانی كۆلیژی پزیشكیی نەشتەرگەریی گشتی لە زانكۆكان دەیخوێنن، ئەوا بەجێهێشتنی لەفاف لە كاتی نەشتەرگەریدا لەناو جەستەی نەخۆش، شتێكی نامۆ و سەیر نییە لە زانستی پزیشكیدا و لە پرەنسیپەكانی شوارتز بۆ نەشتەرگەری باس كراوە و چارەسەری بۆ دانراوە. هەر بۆیە ئەگەر سەرنج بدەین لەناو هەموو لەفافێكدا خەتێكی شین لە ناوەڕاستی لەفافەكە دانراوە، ئەم خەتە شینە بۆ ئەوەیە ئەگەر جارێك لە كاتی نەشتەرگەری لەفاف لە جەستەی نەخۆش بەجێما، ئەوا كاتێك نەخۆشەكە هەست بە ئازار دەكات و تیشكی بۆ دەگرێت، لەفافەكە دەردەكەوێت و دەبێت دكتۆرەكە چارەسەری بكات و لەفافەكە دەربهێنێت، بۆیە ئەگەر حاڵەتێكی لەمجۆرە «بەجێهێشتنی لەفاف لە جەستەی نەخۆش» لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی كوردستان ڕوو بدات، ئەمە مانای ئەوە نییە، خزمەتگوزاریی تەندروستیی نەخۆشخانەكان و پزیشكەكانی كوردستان كەمتەرخەمن و هیچ نازانن، ئەوانەی شارەزای بواری پزیشكی نین و بەو ئاستە قسە دەكەن، بابچن بزانن، ڕێژەی بە جێمانی لەفاف لەكاتی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەكانی «ئەمریكا، بەریتانیا، فەرەنسا» چەندە و لە نەخۆشخانەكانی كوردستان چەندن، بە ڕاستی ئێستا لە كوردستان ئەم دیاردەیە بۆ دەگمەن و چەندین ساڵیشە گوێبیستی ئەوە نەبووین دیاردەی لەم شێوەیە لە نەخۆشخانەكانی كوردستان ڕوویان دابێت.
3
جیاوازیی بۆچوونی پزیشكان
لە دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكاندا
بوونی جیاوازی لە بۆچوونی پزیشكەكاندا لە دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكی دیاریكراودا ئاساییە و، جیاوازە لە «هەڵەی كوشندە - fatal mistake»، بۆیە ئاساییە دوو پزیشك كە هەردووكیان لەیەك زانكۆی بەكالۆریس و بۆردیان لە لقێكی پزیشكی تەواو كردبێت، نەخۆشێك بچێتە لای هەر دووكیان و دوو بۆچوونی جیاوازی گوێ لێ بێت. هەر بۆیە لە بواری پزیشكی هەفتانە كەیسی نەخۆشی دەخرێتە بەردەستی كۆمەڵێك پزیشكی پسپۆڕ بۆ ئەوەی پێكەوە بڕیار بدەن، نەخۆشییەكە دەستنیشان بكەن و چارەسەری بۆ بدۆزنەوە، لەمەش زیاتر جاری وا هەیە ئەو كۆمەڵە پزیشكە پسپۆڕەش ناگەنە ئەو ئاكامەی نەخۆشییەكە وەك خۆی دەستنیشان بكەن، بۆیە بڕیار دەدەن ئەوەی لە زانستی پزیشكی پێی دەگوترێت «open and see» واتە نەشتەرگەرییەكە بكە، برینەكە ببینە ئەوجا لە كاتی نەشتەرگەریەكە بڕیار بدە و نەخۆشییەكە دەستنیشان بكە، بۆیە جیاوازی لە بۆچوونی پزیشكەكان بۆ دەستنیشانكردنی نەخۆشی زۆر ئاساییە. من خۆم ئێستا نەخۆشیی بڕگەكانی پشتم هەیە، سەردانی چەندین دكتۆرم كردووە، هەندێك دەڵێن، نەشتەرگەری بكە پێویستە، هەندێكی دیكەیان دەڵێن، نەشتەرگەری پێویست نییە، ئەمە دیاردەیەكی زۆر ئاساییە لەناو هەموو پزیشك و نەخۆشخانەكانی جیهانیشدا بوونی هەیە.
4
ڕاپرسییەكەی بازنەی گفتوگۆ
وەك پێویست ئامانجەكەی نەپێكاوە
ئەو ڕاپرسییەی بازنەی گفتوگۆ بۆ هەڵسەنگاندنی «خزمەتگوزاریی تەندروستی لەنێوان كەرتی گشتی و تایبەت» بۆ ئەم گفتۆگۆیە كردوویەتی و، پاشان شرۆڤەی داتا و ئاماری ڕاپرسییەكە كراوە، وەك نیمچە توێژینەوەیەكی لێ كراوە و لەسەر سكرین پیشانی داین و گوێمان لێگرت. هیوام دەخواست ئەو شرۆڤەی بۆ داتا و ئاماری ڕاپرسییەكە كراوە، تێر و تەسەلتر بوایە، بۆیە ئەگەر هەماهەنگییەكتان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی بكردایە، ئێمە هاوكاریمان دەكردن و پاشان بۆ ئێمەش دەبووە سەرچاوەیەك و بەدواداچوونی وردمان لەسەر دەكرد.
ئەنجامدانی ڕاپرسی لەسەر هەر پرسێك بكرێت، ئاسان نییە، ئێمە لە ئەنجومەنی وەزیران موناقەشەی ئەو داتایانەمان دەكرد كە لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی عێراق كە لە هاووڵاتیان كۆدەكرێتەوە، بۆیە كاتێك پرۆسەی ڕاپرسییەكە لە هاووڵاتیان دەپرسێت «ئایا جلشۆر، یان گسكی كارەبایی، یان بەفرگر و .. هەتانە؟ ئەم پرسیارە هەروا لە خۆڕا دانەنراوە، بەڵكو لەسەر ئاستی نەتەوە یەكگرتووەكان چەندین توێژینەوەی لەسەر كراوە و چەندین پسپۆڕ بەشدارییان لە دانانی ئەو پرسیارە كردووە، هەر بۆیە كاتێك سەیری پرسیارەكانی ناو ڕاپرسییەكەی بازنەی گفتوگۆ دەكەین، هەست دەكەین، ئەو ئامانجگەلەی «target group» ئەم ڕاپرسییە مەبەستی بووە پێی بگات، كەموكورتی تێدایە، ئەمەش ئەوەیە ناكرێت بە تەنیا هاووڵاتی ببێتە هەڵسەنگێنەر بۆ «خزمەتگوزاریی تەندروستی لە نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت»، لەمەش زیاتر تایتڵی ڕاپرسییەكە جۆرێك لە ناڕوونی تێدایە، وەك ئەوەی بەو جۆرە بەراورد بكرێت، كە كەرتی تەندروستیی گشتی و كەرتی تەندروستیی تایبەت دوولایەنی دژ بەیەكن، یان ئەمیان ڕەوایە و ئەوی دیكەیان ناڕەوایە، ئەوجا لەگەڵ ئەوەی كەرتی تەندروستیی تایبەت هەرگیز چاوەڕێی ئەوە ناكەن، من بەمجۆرە قسە بكەم، بەڵام ناكرێت من بەرگری لە كەرتی تەندروستیی تایبەت نەكەم، لەبەر ئەوەی كەرتی تەندروستیی گشتی و تایبەت تەواوكاری یەكترین و هەردووكیان لەبەر ڕۆشنایی ڕێنمایی و بڕیارەكانی وەزارەتی تەندروستی كاردەكەن و لە هەردووكیان بەرپرسە.
من لەگەڵ ئەوەم كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت لە بواری تەندروستی جیاواز بن لە سەرچاوەی مرۆیی «پزیشك و كارمەندانی تەندروستی»، واتە پزیشكی كەرتی گشتی لە كەرتی تایبەت كار نەكات، بەڵام لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان دەبێت تێكەڵ ببنەوە و پێكەوە خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشكەشی هاووڵاتیان بكەن.
زۆر گرنگە تێڕوانینی ئێستامان بۆ كەرتی تایبەت بگۆڕین، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر كەرتی تایبەت بەهێز بوو، مانای ئەوەیە حكومەت لاوازە، بەپێچەوانەوە هەموو ئەو وڵاتانەی بە پێشكەتوو لە قەڵەم دەدرێن، ئەو وڵاتانەن كە كەرتی تایبەتەكەیان زۆر زۆر بەهێزە، هەر بۆ زانیاریی ئێوە، وەزیری تەندروستیی ئەمریكا یەك نەخۆشخانەی نییە و هەمووی كەرتی تایبەت بەڕێوەی دەبات. كاری وەزارەتی تەندروستی ئەوەیە سیاسەتی گشتیی تەندروستی دادەڕێژێت، سەرپەرشتی و چاودێری دەكات و بەرنامەی بۆ دادەنێت.
بۆیە ئامانجگەلی «target group» ڕاپرسییەكە دەبێت ئەو خەڵكانە بن كە خزمەتگوزاریی تەندروستییان لە هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت وەرگرتووە. لەم ڕاپرسیە باس لەوە كراوە كە 44%ی هاووڵاتیان بۆ حاڵەتی فریاكەوتن پەنا بۆ كەرتی تەندروستیی تایبەت دەبەن، ئەمە لە كاتێكدا نەخۆشخانەی فریاكەوتن لە كەرتی تایبەت بوونی نییە، كەسێك تۆزێك جەستەی بریندار دەبێت، دەچێتە نەخۆشخانەی تایبەت، ئەوە پێی ناگوترێت «فریاكەوتن»، نەخۆشخانەی فریاكەوتن بەرپرسیارە بۆ ڕزگاركردنی ژیان «life saving»، سیاسەتی تەندروستییەكەی ئەمانە هەموویان جیاوازن و لە هیچ نەخۆشخانەیەكی كەرتی تایبەت بوونی نییە هەتا پێی بگوترێت «نەخۆشخانەی فریاكەوتن»، ئێستا لە هەوڵی ئەوەداین ڕێنمایی دابنێین، بۆ ئەوەی لە كەرتی تایبەتیشدا نەخۆشخانەی فریاكەوتن هەبێت.
- لە ڕاپرسییەكە باس لە ئەمبوڵانس كراوە لە نێوان كەرتی گشتی و تایبەت، بەڕاستی بەلامەوە سەیرە لە سەرووی 90%ی ئەمبوڵانسەكان هی كەرتی گشتین، پەیوەندی بە ژمارە « 122” دەكەیت لە ماوەیەكی زۆر كورتدا ئەمبوڵانس دەگاتە لای هاووڵاتی و دەیگەیەنێتە نەخۆشخانەكان، كەرتی تایبەت لەچاو كەرتی گشتی كوا ئەمبوڵانسی هەیە؟ چەند ئەمبوڵانسیان لەبەردەمی نەخۆشخانە ئەهلییەكان ڕاگرتووە و بە پارەیەكی زۆر هاووڵاتیی نەخۆش دەگوازنەوە، چۆن لەگەڵ كەرتی گشتی بەراورد دەكرێت؟ بەڵام لەم ڕاپرسیەدا هاتووە كە 64%ی هاووڵاتیان ئەمبوڵانسی كەرتی تایبەت بەكار دەهێنن و 44% ئەمبوڵانسی كەرتی گشتی بەكار دەهێنن. بە ڕاستی غەدرە هەوڵ و ماندووبوونی كارمەندانی 122 بەو جۆرە پیشان بدرێت، كە یەكێكە لە دامەزراوە زۆر سەركەوتووەكانی تەندروستی، ڕاستە پێرفێكت نییە و بەردەوام لە هەوڵداین بەرەو پێشتری ببەین، بەڵام ناكرێت ئەو بەراوردەش بكرێت.
- باس لەو ماددە خاوێنكەرەوانە هاتووە كە لە هۆڵەكانی نەشتەرگەریی كەرتی تەندروستیی گشتی و تایبەت بەكار دەهێنرێن. من لەم گفتوگۆیە كە خەڵكانێك دانیشتوون كار لە كەرتی تەندروستیی تایبەت دەكەن، بە بەرپرسیاریەتییەوە دەڵێم: كوالێتیی ئەو ماددانەی بۆ خاوێنكردنەوە لە نەخۆشخانەكانی كەرتی گشتیی دەهێنرێن (هەم لەسەر ئاستی كوالێتی و هەم براندەكەی) بە هیچ جۆرێك بەو ئاستی كوالێتییە بەرزە لە نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت بەكار ناهێنرێن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كەرتی تەندروستی لەناو سیستمەمێك كار دەكات، حكومەت نەخۆشی بۆ دابین ناكات، بۆیە ناچارە بچێت بگەڕێت كە هەرزانترین ماددەی خاوێنكەرەوە بدۆزێتەوە و بیكڕێت، هەرزانترین پلێت و برغووی بازرگانیی نەشتەرگەری بدۆزێتەوە، كەی نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت «پلاتۆنێومی» ئەڵمانی بەكار دەهێنن؟ كام لێژنەی كڕینی نەخۆشخانە حكوومییەكان دەتوانن شتێكی براند نزمی توركی و ئێرانی و میسری بكڕن؟ ئەم دكتۆرە بەڕێزانە لێرەن، ئایا هەموو لێژنەكانی كڕین براندنی جیهانیی بەرز ناكڕن؟ با نموونەیەك لەسەر هەر دوو نەخۆشخانەی «هیوا و نانەكەلی»ی خۆمان باس بكەم. كەسێكی ناسیاوی ئێمە ماوەی ساڵ و نیوێكە هەموو 21 ڕۆژ جارێك دایكی دەباتە توركیا بۆ وەرگرتنی چارەسەری شێرپەنجە، لە دوایین چوونیان بۆ توركیا دكتۆرەكەی پێی گوتبوو، ئەمجارە من دێمە كوردستان بۆ ئەوەی سیستمی تەندروستیی كوردستان ببینم، ئێوە مەیەن بۆ توركیا، لەگەڵ خۆی ئەو دەرمانە دەهێنێت كە «ئاڤاستین- Avastin»ـە و دەیداتە نەخۆشەكە كە براندە توركییەكەیەتی بە 1،700 دۆلار لە توركیا دەفرۆشرێت، بەڵام ئەو ئاڤاستینەی لە نەخۆشخانەی هیوا و نانەكەلی دەرێتە نەخۆش براندە ئەسڵەكەی سویسرایە و بە 200 دۆلاریش دەرێتە نەخۆش، ئەوجا ئەگەر نەخۆش جیاوازی لە نێوان براندی ئەسڵی و دروستكراوە لەسەر «generic» نەكات، بە بەرپرسیاریەتییەوە دەڵێم: لە هیچ نەخۆشخانەیەكی شێرپەنجەی كوردستان دەرمانی «دروستكراوە -generic» بەكار نایەت، ئەوەی بەكار دەهێنرێت، هەموو براندە ئەسڵییەكەیە، بەڵام كێ بەوە بڕوا دەكات، ئەوەی كوردستان براندی ئەسڵیە و ئەوەی توركیا دروستكراوە و جێنریكە؟
5
پیادەكردنی میكانیزمی كرانەوەی زیاتر
بۆ پیشاندانی سیستمی تەندروستی لە بەردەم ڕای گشتیدا
ئەو واقیعە تاڵەی لەسەر كەرتی تەندروستی و خزمەتگوزاریی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان دروست كراوە، بەپلەی یەكەم هۆكارەكەی میدیا و سۆشیال میدیایە، زۆر گرنگە واقیعی كەرتی تەندروستی و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری لە هەرێمی كوردستاندا چۆنە وەك خۆی بەبێ ئەوەی پیایدا هەڵبگوترێت، یان كەموكورتییەكان بشارێنەوە، بخرێتە بەردەم ڕای گشتیی خەڵكی كوردستان، بۆ ئەمەش پێویستمان بەوەیە میكانیزمێكی كراوەی زیاتر پیدا بكەین و دەیان گفتوگۆی هاوشێوەی ئەم گفتوگۆیەی ئێستا لەبەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ڕاشكاوانە دەیكەن، دەبێت بە هاوشێوەی ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ «هەموو كەناڵ و هۆیەكانی ڕاگەیاندن، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێكخراوە ناحكوومییەكان، نوێنەری پارت و لایەنە سیاسیەكان، یەكێتیی زانایانی ئیسلامی و پیاوانی ئایینی و ئایینەكانی دیكەی كوردستان و...هتد» ڕێك بخەین، بۆ ئەوەی واقیعەكە چۆنە خەڵكی وەك خۆی بیبینن. ئەو ئیرهابە فیكرییە چەواشەكارییەی ئێستا لەسەر كەرتی تەندروستی بەڕێوە دەچێت، دەبێت هەموو پێكەوە بەرپەرچی بدەینەوە. ئێمە ناڵیێن بەرگری لە كەرتی تەندروستی بكرێت، بەڵكو پێداگریی ئەوە دەكەین، چۆنە وەك خۆی بخرێتە بەردەمی ڕای گشتی.
سەرنح بدەن، لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو دەنگۆی ئەوە لە میدیاكان بڵاو كرایەوە، بەوەی گوایە وەزارەتی تەندروستی هەموو تاقیگە گشتییەكانی داوەتە كەرتی تایبەت، لە وەڵامی ئەم چەواشەكارییە، لە ماوەی یەك هەفتەدا دووجار كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیم گرێ داوە و ڕاگەیەنراوە ئەو هەواڵە هیچ ئەسڵ و ئەساسێكی نییە، بەڵام هەر لەناو ئەم هۆڵە پیرۆزە و لەناو ئەم گفتوگۆیە سەرۆكی ئەنجومەنی ڕێكخراوی تالاسیمای كوردستان كە لە تەنیشتم دانیشتووە، پێم دەڵێت: «ئەگەر تاقیگە گشتییەكانتان دران بە كەرتی تایبەت، حیسابێكی تایبەت بۆ سەنتەری تالاسیما بكەن». بێگومان ئەمیش ناهەقی نییە، لەبەر ئەوەی هۆیەكانی ڕاگەیاندن بە ئاستێك چەواشەكارییان دروست كردووە، هەقیەتی سەری لێ تێك بچێت و بڕوا بەو چەواشەكارییە بكات و بڕوا بە وەزیری تەندروستیی حكومەتەكەی خۆی نەكات.
حكومەت هەر هەنگاوێك هەڵبگرێت بۆ بەرژەوەندیی گشتی، هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی چەواشەی بكەن، هەر بۆ نموونە لە پێناوی پاراستنی سەلامەتیی گیانی هاووڵاتیان بڕیار درا كامێرای «پۆینت تو پۆینت» دابنرێت، هەڵمەتێكی چەواشەكارییان دەستپێكرد، دەیانگوت هەمووتان دەبنە كرێچیی ئەو كامێرانە، بەڵام ئێستا وەك دەبینین خەڵك پابەندە بە خێرایی دیاریكراو و ئەوانەی سەرپێچی دەكەن، كەمینەیەكی هەر زۆر كەمن، ئەم چەواشەكارییە لەسەر پڕۆژەی هەژماری من، كارەبای 24 كاتژمێریش درێژەی هەبوو، بەڵام واقیعەكە پێمان دەڵێت، هەمووی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیانە و دەستێك، یان لایەنێك دەیەوێت چەواشەی بكات و سەر لە خەڵكی تێك بدات.
سەبارەت بە كەرتی تەندروستی، دوای تەواوبوونی نەخۆشخانەی فێركاری لە شاری سلێمانی، لەگەڵ كاك قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران چووین بۆ سلێمانی، بۆ ئەوەی نەخۆشخانەكە دوای تەواوبوونی نۆژەنكردنەوەكەی بكەینەوە. لەو مەراسیمە، پێش ئەوەی قردێلەكە بقڕتێنین، د.سەباح ڕووی كردە ڕۆژنامەنووسان و پێی گوتن: «ئەمە ئەو نەخۆشخانەیەیە كە ساڵی پار ئەم كاتە هەموو دەتانگوت، فرۆشراوە، ئەوا ئێستا دەكرێتەوە و دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتیانەوە». بۆیە بارودۆخەكەیان وا شێواندووە دەبێت هەموومان هەست بە بەرپرسیاریەتی بكەین و ئەو ئیرهابی فیكرییە و ئەو چەواشەكارییانە بڕەوێنینەوە.
هەر لەسەر پرسی نەخۆشخانە، شێخ باز خاوەنی كۆمپانیاكانی كار گروپ، نەخۆشخانەیەكی بە بڕی 15 ملیۆن دۆلار بۆ دروست كردووین، هەموو كەلوپەل و كەرەستەكەشی لە ئیتاڵیاوە هێناوە، بەڵام هەر لەناو نەخۆشخانەی ڕاپەرین هات و هاواریان دەكرد و دەیانگوت نەخۆشخانەكە فرۆشراوە.
6
ئامێری پزیشكی ئێكسپایەر، دەرمانی بێ كوالێتی
مۆنۆپۆڵكردنی كەرتی تەندروستی
دیاردەی مۆنۆپۆڵكردنی كەرتی تەندروستی بە شێوەیەك لە شێوەكان بوونی هەیە، تا ڕاددەیەكیش كاریگەریی نەرێنی لەسەر كەرتی تەندروستی بەجێ هێشتووە، ئەم پرسە پێویستی بەوە هەیە، بە ڕێگەی سیستم چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.
- سەبارەت بە ئامێری پزیشكیی ئێكسپایەر كە لەوانەیە بە نەرێنی بۆ كەرتی تەندروستیی گشتییش بگەڕێتەوە، بەڵێ، ئامێری ئێكسپایەر بوونی هەیە، خەڵك هەیە ئەو ئامێرە ئێكسپایەرانەی لە دەرەوە هێناوە و لە كوردستان ساخی كردووەتەوە. هەر بۆ نموونە ئامێرێكی تیشكی (ئێم ئای ئاڕ) نرخی یەك ملیۆن و پێنج سەد هەزار دۆلارە، خەڵك هەیە ئەم ئامێرەی بە ئێكسپایەری بە تەنیا 100 هەزار دۆلار كڕیوە، ئێستا لە كوردستان دایناوە و تیشكێكی (ئێم ئای ئاڕ) بە 30 هەزار دەكات، لە بەرانبەردا هاووڵاتی چووزانێت ئەو ئامێرە ئیكسپایەرە و ڕەجەتەكە پارچەیەك كاغەزە و وەری دەگرێت، ئەم چڕە پشكنینی تیشكانە لە هەموو جیهان ڕەت دەكرێتەوە و كاری پێناكرێت، بۆیە دەبێت ئەم مۆنۆپۆلەش لابرێت، دەبێت بە هاوشێوەی نەخۆشخانە حكوومیەكان براندی جیهانی وەك «جی ئی، سیمس، فلیپس» بكڕن و ساڵانەش هەر لەو كۆمپانییانەی كڕیویانە ئەبدەیتی بكەنەوە.
- سەبارەت بە دەرمان، كەرتی دەرمان ڕیفۆرمی باشی تێدا كراوە. ڕاستە هەموو جۆرێكی دەرمان نییە، بەڵام دیسان هەندێك پزیشك خۆیان هەندێك دەرمانی براندی بازرگانی بۆ نەخۆش دەنووسن، كە دەكرێت بەدیلەكەی بۆ بنووسێت، بەڵێ لە بواری دەرمانیش ئەم جۆرە یاریكردنە هەیە، بەڵام بە تەواوەتی كەم بووەتەوە.
7
هەوڵی بەردەوام
بۆ ئەنجامدانی ڕیفۆرم لە سیستمی تەندروستی
كاتێك باسی سیستمی تەندروستی دەكەین، باسی كەرتی تەندروستیی گشتی و تایبەت دەكەین و بە تەواوكاری یەكتریان سەیر دەكەین، هەروەها باسی هەموو ئەو تەوەرانەش دەكەین كە د.عەبدولفەتاح هەورامی لە پرێزەنتەیشنكەی خستیە ڕوو.
ئێمە لە وەزارەتی تەندروستی كار لەسەر 12 دۆسیە دەكەین، سوودێكی زۆرمان لە ڕاسپاردەكانی ڕێكخراوی تەندروستی و ئەو میتۆدی ڕیفۆرمەی لە توركیا كراوە، وەرگرتووە، بەڵام بناغەی چاكسازی بریتییە لە سێ كۆڵەگەی سەرەكی، كە بریتین لە:
• دەرچوواندنی یاسای تازە، هەر بۆ نموونە ئێستا خواستی من ئەوەیە ئەو پزیشكانەی لە كەرتی گشتی كار دەكەن، لە كەرتی تایبەت كار نەكەن، بەپێچەوانەشەوە، بەڵام ئەم پرسە پێویستی بەوە هەیە، یاسایەكی بۆ دەربچێت، بۆ ئەوەی ڕێك بخرێت.
• پێویستی بە تەرخانكردنی بودجەی پێویستە، لە ئێستادا بوودجەی ساڵێكی وەزارەتی تەندروستی بە «مووچە، دەرمان، پاككردنەوە، كڕینی خواردن و.. هتد» تەنیا 880 ملیار دینار بووە، ئەمەش واتە هەموو بوودجەی كەرتی تەندروستی نەگەیشتووەتە یەك ملیار دۆلار، بەڵام لە بەریتانیای مەزن بوودجەی ساڵانەی كەرتی تەندروستییەكەی 225 ملیار پاوەندە، كە دەكاتە زیاتر لە 250 ملیار دۆلار، لیستی چاوەڕوانییەكەی بۆ یەك نەشتەرگەری دەگاتە 3 ساڵ، پشكنینێكی سۆنەری 3 مانگە، یەك تیشكی ئێم ئای ئاڕ 6 مانگە هەتا بۆی دەكرێت.
بەڵام بە داخەوە خەڵكی ئێمە بەو جۆرە تێنەگەیەنراوە، ڕۆژێك بە ڕێكەوت یەكێك لە ڕۆژنامەنووسەكانی كوردستان دەچێتە كلینیكی یەكێك لە پزیشكەكانی كوردستان، دەبینێت یەكێك لە نەخۆشەكان بە زمانی ئینگلیزی لەگەڵ دكتۆرەكە قسە دەكات، ڕۆژنامەنووسەكە دەڵێت: دكتۆر تۆ نەشتەرگەریت بۆ ئەو خانمە كردووە؟ ئەویش دەڵێت: بەڵێ، لەبەر ئەوەی لە بەریتانیا 3 ساڵ سەرەیان بۆ دانابوو، هات بۆ ئێرە و من دوو نەشتەرگەریم بۆ كردووە. ئەوە بوو ئەو ڕۆژنامەنووسە ڤیدیۆیەكی لەسەر كرد و بڵاوی كردەوە. لەم نموونەیە مەبەستم ئەوەیە ئەگەر بودجەی بەردەستی ئێمە هەندێك زیاتر بێت و بگاتە ئاستی پێویست، گۆڕانكارییەكی جۆری بەسەر هەموو خزمەتگوزارییەكانی كەرتی تەندروستی هەرێمی كوردستان دێت.
• خاڵی هەرە گرنگ بۆ ڕیفۆرمی سیستمی تەندروستی، پشتگیریی سیاسییە «Political Support» سوپاس بۆ خوا لە هەرێمی كوردستان، پشتگیریی سیاسی بۆ ڕیفۆرمەكە هەیە، بەڵام بەبێ دوو كۆڵەگەكەی دیكە ناچێتە بواری كردارییەوە.
- خاڵێكی دیكەی پڕۆژەكەمان دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای پزیشكییە «General Medical Council»، پڕۆژە یاسای ئەم ئەنجومەنە لەلایەن ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان پەسەند كراوە و هیودارین لە داهاتوویەكی نزیكدا لەلایەن پەرلەمانی كوردستانیشەوە پەسەند بكرێت و بكرێتە یاسا، ئەم ئەنجومەنە پێكدێت لە «خوێندنی باڵا، پسپۆڕان، ڕاوێژكارانی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی تەندروستی، سەندیكاكان»، كە دەبێتە دەستەیەكی باڵا بۆ ئەوەی بڕیار بدات، دەبێت فڵان كار لێرەدا كۆتایی بێت و، ناكرێت بە تەنیا وەزارەتی تەندروستی لەم پرسە بەرپرسیار بێت.
- خاڵێكی دیكەی پڕۆژەكەمان پڕۆژەی «دڵنیایی تەندروستی - Health insurance»، ئەم پڕۆژەیە زۆر گرنگە لەلایەن ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان پەسەند كراوە و هیوادارین لە پەرلەمانیش دەنگی لەسەر بدرێت و ببتە یاسا، ئەم پڕۆژەیە دەبێتە دەروازەیەك بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی كوردستان بەشدار بن لە خزمەتگوزاریی تەندروستی، هەورەها ئەم پڕۆژەیە چەند ئامانجگەلێك لەخۆی دەگرێت، لەوانە «بەشداریی هاووڵاتی، پەیداكردنی سەرچاوەی دارایی، دادپەوەریی كۆمەڵایەتی، كێبڕكێ بۆ بەرزكردنەوەی كوالێتیی خزمەتگوزارییەكان لە نێوان نەخۆشخانەكاندا»، بەمجۆرە بە ڕێگەی پڕۆژەی « دڵنیایی تەندروستی» نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەتیش وەك نەخۆشخانەكانی كەرتی گشتی لەلایەن حكومەتەوە ئاراستە دەكرێن و سەرپەرشتی دەكرێن.
- لە وەزارەتی تەندروستی پەیڕەوێكمان بۆ نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت داناوە، ئەم پەیڕەوە كە ماوەی دووساڵ كاری لەسەر كراوە، ناردوومانە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و بڕیارە لەو ماوەیە بخرێتە بەرنامەی كاری كۆبوونەوەی ئەنجومەن بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت، ئەم پەیڕەوە دەبێتە دەستوورێك بۆ ئەوەی بەپێی ئەو دەستوورە نەخۆشخانەكانی تایبەت كار بكەن.
- سەبارەت بە تاقیگەكان، بێگومان ئەو پڕۆژەیەی جێبەجێ كراوە، دەبێت ئاكامەكەی دەری بخات چەند گرنگە، وەڵامی ئەو كەموكورتییانە دەداتەوە كە نەخۆشخانەكانی حكومەت نەیدەتوانی هەموو جۆرە پشكنینێك بكات، ڕۆژانە لە چەندین پشكنین بەهەدەردان هەبوو، یان نەخۆش نەدەهات ئاكامی پشكنینەكەی وەربگرێتەوە.
ئێستا ئێمە وەك پڕۆژەی «شووشتنی گورچیلە - dialysis»مان لێكردووە، هەتا 10-12 ساڵ نەخۆشیی «سستیی گورچیلە - renal failure» مانگی ڕۆژێكی بەرنەدەكەوت بچێت گوڕچیلەكانی بۆ بشۆرێت، لەمەش زیاتر ئەم ئامێرە تەنیا لە سەنتەری شارە گەورەكان (هەولێر، سلێمانی و دهۆك) هەبوون، بەڵام ئێستا لە هەموو قەزا و ناحیەكانیش نەماوە كە گورچیلەی لێ نەشۆرێت. ئەم پڕۆژەیە لەسەر ئاستی عێراق كە پێی دەڵێن «كڕینی خزمەتگوزاری» نەخۆشەكان دەنێرین بۆ سەنتەرەكان و سەری مانگ چەكێكی بانكی دەنێرین بۆ بەغدا و پارەكەی خەرج دەكرێت، بۆ ئەوەی ئەم كێشەیەش چارەسەر بكات.
مەسەلەی تاقیگە گشتییەكانیش بە هەمان شێوە بوو، سیستمێكی چاودێریی ئەلكترۆنی نەبوو، لێرەدا لەبەر كورتیی ماوە ناتوانم تەواوی پڕۆژەكە باس بكەم، بەڵام دڵنیاتان دەكەمەوە، هیچ تاقیگەیەكی گشتی نەدراوەتە كەرتی تایبەت، تەنیا ئەوەیە پێداویستیی تاقیگەكان دابین دەكات و كەرتی گشتی بەڕێوەی دەبات. ئەم پڕۆژەیە زۆر بە وردی دیراسەت كراوە و خەرجی پشكنینەكان هەم لەسەر هاووڵاتی و هەم لەسەر حكومەتیش كەمتر ڕادەوەستێت. نرخی زۆربەی ئەو پشكنینانەی لە تاقیگە گشتییەكان دەكرێن، تەنیا 500 دیناری عێراقییە و تاك و تەرا پشكنینی تێدایە بگاتە 1000 دیناری عێراقی، بەڵام كەمترین نرخی پشكنین لە كەرتی تایبەت 6-7 هەزار دینارە، هەوڵەكانی وەزارەتی تەندروستی بەو ئاراستەیەیە كە هەردوو كەرتی تەندروستی «گشتی و تایبەت» ڕێك بخرێنەوە و هیچ لایەكیان لەسەر حیسابی لایەكەی دیكە نەبێت.
خزمەتگوزاریی كەرتی گشتی بە زمانی ژمارە
لە دوماهیدا دەمەوێت جەخت لەسەر ئەوە بكەمەوە، غەدرێكی گەورە دەكرێت، ئەگەر ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانەی كەرتی گشتی، یان نەخۆشخانە حكوومییەكان پێشكەشی دەكەن، بە كەرتی تایبەت، یان نەخۆشخانە تایبەتەكان بەراورد بكرێت.
- هەتا ئێستا 70%ی كۆی ئەو نەشتەرگەرییانەی بۆ هاووڵاتیان دەكرێن لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ لە نەخۆشخانە حكوومیەكان دەكرێن.
- لە نەخۆشخانەی ڕزگاری هەولێر ڕۆژانە 100-120 نەشتەرگەری دەكرێت.
- لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی 70-80 نەشتەرگەری دەكرێت.
- لە نەخۆشخانەی ئازادی دهۆك 50-60 نەشتەرگەری دەكرێت.
- لە ماوەی یەك ساڵ 319،462 نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە حكوومییەكانی كوردستان بۆ هاووڵاتیان كراون.
- لە نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن ڕۆژانە زیاتر لە 50 نەشتەرگەری دەكرێت.
- تەنیا لە ماوەی ساڵی 2023 لەبەر ئەوەی ئێستا ئاماری پارم لەبەر دەست نییە، بەڵام نزیكەی 15 ملیۆن جار هاووڵاتیان سەردانی نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكانیان كردووە.
- 18 ملیۆن پشكنین لە تاقیگە گشتییەكان لەیەك ساڵدا كراون و خۆتان دەزانن هەر نەخۆشێك چەندین پشكنینی جیاوازی پێكەوە بۆ دەكرێت.
- لە ساڵێكدا یەك ملیۆن و 994 هەزار تیشك وەك « ئێم ئای ئاڕ، سیتی سكان، ئێكس ڕەی، سۆنەر، دۆبلەر، ڤۆلدەر» كراون.