تەنیا تاهیر كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان: لێكتێگەیشتن و گفتوگۆ و دانوستانەكان لەنێوان هەرێم و دەوڵەتی فیدڕاڵیی عێراقدا پێویستە بكرێنە ڕێككەوتن و مۆركێكی یاساییان پێ بدرێت

تەنیا تاهیر  كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان:  لێكتێگەیشتن و گفتوگۆ و دانوستانەكان لەنێوان هەرێم و دەوڵەتی فیدڕاڵیی عێراقدا پێویستە بكرێنە ڕێككەوتن و مۆركێكی یاساییان پێ بدرێت

 

ئەگەر بمانەوێت بابەتییانە قسە لەسەر ڕووداو و پێشهاتەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە و جیهان بكەین، ڕۆڵ و كاریگەرییەكانی هەرێمی كوردستان كە چۆن توانیویەتی سەركەوتوو بێت، یان نە، پێویستە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە و زانستییانە لەسەر ئەم بابەتە گفتوگۆ بكەین و ڕاوبۆچوونی خۆمان بدەین.

بەپێی هەموو ئەو ئاماژانەی كە لە ڕابردوودا هەبوون و بەپێی مامەڵەكردنی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لەسەر ئاستی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و ڕاكێشانی هێز و لایەنە سیاسییەكان و پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ دامەزراوەكانی عێراق و ناوچەكە و وڵاتانی جیهان، بەتایبەتی لەڕووی ئابووری و بەگەڕخستنی ئابووریی بازاڕ و پتەوكردن و گرێدانی بەرژەوەندییە ئابووری و بازرگانییەكان ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەكەوێت كە زۆربەی جار لە هەندێك وێستگە و پێشهات و ڕووداودا سەركەوتوو بووین. بەتایبەتی كاتێك وڵاتە زلهێزەكانی جیهان مامەڵەیەكی دەوڵەتییانە یان نیمچە دەوڵەتییانەیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردووە، بەتایبەتی لە كاتی شەڕی دژی داعش، مامەڵەكردنی وڵاتانی زلهێزی جیهان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستاندا كە مامەڵەیەكی گەورە و گرنگ بوو لەسەر ئاستی هاوپەیمانەكان و وڵاتانی خاوەن بڕیار و پێگە لە ناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

 لەگەڵ ئەمەشدا سەرنج و تێبینمان هەیە لە پێناوی زیاتر بەرەوپێشبردنی ئاستی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و سەركەوتنی هەرێمی كوردستان لە پرۆسەی سیاسی بەتایبەتی ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی كە لە هەرێمی كوردستاندا مێژوویەكی پڕ لە شانازی و تێكۆشانیان هەیە و چاومان لەوەیە هەرێمی كوردستان خاوەنی پێگەیەكی بەهێزتر و ناوبانگێكی گەورەتر بێت. ئەگەرچی هەرێمی كوردستان لە ڕووی پێگەی دەستووری و یاساییەوە هەرێمێكی فیدڕاڵی بێت لەناو دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراقەوە، بەڵام ئومێد و ئاواتمان ئەوەیە توانا و ئیرادەی ئەم هەرێمە لەناو گێژاوی نائارامی و ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەناو ئەم چوارچێوەیەی دەوڵەتێكی ناسەقامگیری و خاوەن مێژووی پڕ لە كودەتای سەربازی و خوێن و جینۆسایدی گەلی كوردستان مامەڵەیەكمان لەگەڵدا بكرێت، لە هاوشێوەی مامەڵەیەكی دەوڵەتییانە بێت و بەم ئومێدەشەوە دەڕوانینە پرۆسەی سیاسیی عێراق.

جێگەی سەرنجە هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە كۆی دامەزراوەكانیەوە ئەم هەموو شاندانە دەنێرێتە لای حكومەتی عێراق لە بەغدا و لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ جۆرێك لە جۆرەكان لە دانوستان و لە گفتوگۆدایە لە كاتێكدا ئێمە كۆمەڵێك پرسی دەستووری و یاساییمان هەیە، كە لەناو ماددە و بڕگەكانی ئەم دەستوورە لە ڕووی یاساییەوە یەكلا كراونەتەوە و دەبوو جێبەجێ بكرێن، بەڵام وەكو زۆربەی بوارەكانی دیكە بەردەوام ئەم دەستوورە و ئەو ماددانەی پەیوەستن بە مافە دەستووری و یاساییەكانی هەرێمی كوردستانەوە پێشێل دەكرێن و لە ڕووی پراكتیكییەوە جێبەجێ ناكرێن و ئیجتیهاد و بۆچوونی بەرژەوەندیخوازانەی گرووپ و لایەنەكان و كەسایەتی و زۆربەی جاریش بەپێی ویست و خواستی ئەجیندای دەرەكی مامەڵەی پێشێلكارییانەیان لەگەڵ دەكرێت.

لەناو ئەم گێژاوی دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان، بێگومان كار و مامەڵەی دیپلۆماسییانە كارێكی قورسە، بەڵام تا ڕاددەیەكی باش پرۆسە دیپلۆماسییەكە ڕۆیشتووە بەڕێوە و لێرەولەوێ ڕێكەوتن و سەردانی شاندەكان لێكتێگەیشتنی باشی دروست كردووە، لەمەش گرنگتر ئەوەیە چۆن بتوانین ئەم لێكتێگەیشتن و ڕێككەوتنانە بكرێنە بەرنامەیەكی باش و لە ڕووی پڕۆتۆكۆلی ڕێككەوتنەوە واژوو بكرێن و ببنە وەرەقەی كاری داهاتووی عێراق. بە واتایەكی دیكە لێكتێگەیشتن و گفتوگۆ و دانوستانەكان لەنێوان هەرێمی كوردستانی عێراق و دەوڵەتی فیدڕاڵیی عێراقدا پێویستە بكرێنە ڕێككەوتن و مۆركێكی یاساییان پێ بدرێت، تاوەكو لە داهاتوودا لە ڕووی پراكتیكییەوە جێبەجێ بكرێن. دیارە عێراق وڵاتێكی ئاڵۆز و ناسەقامگیرە و گۆڕانكارییەكانی ناو پرۆسەی سیاسی، جۆرێك لە توندوتیژی و ململانێی توندی پێوە دیارە و هێزە سیاسییەكانی عێراق كاتێك دێنە سەر دەسەڵات و پێگەی خۆیان بەهێز دەكەن، ئەو ڕێككەوتنانەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئیمزای دەكەن، وەك خۆی جێبەجێی ناكەن و پێشێلی دەكەن، واتە لە زۆربەی كاتدا لە بەڵێن و قسەكانیان پاشگەز دەبنەوە، ئێمەش ناتوانین مۆركێكی یاسایی بۆ ئەو بەڵێن و قسانەی ڕابردوویان دروست بكەین.

 كاتی ئەوە هاتووە، چیتر حزبە سیاسییەكان یان شاند و كەسایەتییەكان لەسەر ئاستی حزبی و كەسی گفتوگۆ و سەردانی بەغدا نەكەن، بەڵكو هەرێمی كوردستان دامەزراوەیەكی باڵا دروست بكات كە كاری ڕێكخستن و بەهێزكردنی پەیوەندییەكان بێت لەگەڵ حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ، ئەم دامەزراوەیەش مۆركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی پێوە بێت و هەمووان پابەند بكات بە پاڵپشتیكردن و گوێڕایەڵی. بەداخەوە ئەوەی ئێستا تێبینی و سەرنجمان هەیە لەسەری، ئەوەیە كە هەرچی گفتوگۆ و دانوستانەكانە ئەو ماددە و بڕگە دەستووری و یاساییانەیە كە لەناو بودجە و مافی شایستە داراییەكاندا بوونیان هەیە، لە كاتێكدا كێشەی سەرەكیی هەموو ئەم بابەت و دۆسێیانە بۆ كێشەی خاك و پرسی كورد و فیدڕاڵییەت دەگەڕێتەوە، كە تا ئەم كاتەش زۆر هێز و لایەنی دەستڕۆیشتوو لەناو حكومەتی عێراقدا پاشگەز بوونەتەوە لە فیدڕاڵی و مافەكانی گەلی كورد و بگرە لە بنەڕەتەوە دژی مافەكانی گەلی كوردن. ئەوەتا دەیان بابەتی وەكو قەرەبووی ئەنفالەكان و وێرانكردنی گوندەكان و بێسەروشوێنكردنی ڕۆڵەكانی گەلی كورد و كیمیاباران و زیندانیانی سیاسی و هاوتاكردنی مافەكان هەیە، تاكو ئێستا پشتگوێ خراون و لەلایەن ناوەندەوە خۆدزینەوەی لەسەر دەكرێت. تەنانەت لە پرسی نەوت و غازدا هەموومان بینیمان كە چۆن ڕێگر بوون لەوەی هەرێم و خەڵكەكەی سوود لەو سامانەش وەربگرن كە لەژێر خاكەكەیاندا هەیە. تەنانەت دەستوور و ماددە سەرەكییەكانی تایبەت بەم بڕگەیە خرایە ژێر بۆچوون و ئیجتیهاداتی خۆیانەوە و لە دادگا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەكاندا چەندین بڕیاریان دژی هەرێمی كوردستان دەركرد.

ئەوەی بووەتە هۆی لاوازیی ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە گۆڕەپانی عێراق و پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، ململانێی حزبییەكانە، كە بەداخەوە لەناو جەرگەی قەیرانەكان و كێشە سەختەكانی خەڵكی كوردستان، ململانێ حزبییەكانمان زۆر بە ئازارن و زۆربەی جار زیانی گەورەیان بە پێگە و قەوارەی هەرێمی كوردستان لە عێراق و ناوچەكە و جیهان داوە، بەتایبەتی قەیرانی ڕێكنەكەوتنی نێوان هەردوو هێزی سەرەكیی ناو گۆڕەپانی كوردستان كە پارتی و یەكێتییە و زۆر لە بڕیارە چارەنووسسازەكانیش لای ئەو دوو هێزەیە، بگرە ڕەنگدانەوەیەكی زۆر خراپی لەسەر مامەڵەكان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی هەبووە، زۆرجاریش وێڕای ئەوەی حكومەتی عێراق گەمارۆ و بڕینی بودجە و كێشەی دارایی و ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە و ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی بە چەندین بیانوو و پاساو نەناردووە، ئەم دوو هێزەش لە چوارچێوەی ئەو ململانێ توندوتیژە و نالۆژیكییە زیان و قەیرانێكی دیكەیان لەنێوخۆی هەرێمی كوردستان دروست كردووە. واتە لەناو گەرمەی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەكاندا قەیرانێكی دیكەی جەرگبڕیان دروست كردووە، ئەویش قەیرانی كۆمەڵایەتی و تێكچوونی ئاشتیی كۆمەڵایەتییە. بەداخەوە ئەم قەیرانە بارودۆخێكی دەروونی و ناسەقامگیریی كۆمەڵایەتیی وای لێ كەوتووەتەوە، بە ئاشكرا هەست بە بێزاری و تێكچوونی شیرازەی زۆر لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان دەكرێت. بۆیە زۆر پێویستە هەردوو حزبی سەرەكی لە هەرێمی كوردستان (پارتی و یەكێتی) بە هەماهەنگی لەگەڵ حزبە كوردستانییەكانی دیكە ئەو قەیرانە سیاسییە چارەسەر بكەن و دەست بە دامەزراندنەوەی دەزگای تەشریعیی پەرلەمان بكەنەوە و هەمووان كار لەسەر سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن و لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكان پەرلەمان و حكومەت پێك بهێنن، دواجاریش ئەركی سەرەكیی سەركەوتن و شكستەكانی پەیوەندیی دیپلۆماسی و سیاسیی نێوان هەرێم و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ دەكەوێتە سەر شانی پارتی و یەكێتی.

 

Top