میران عوسمان پارێزەر لە سلێمانی: نابێت هەر حزبێكی سیاسی و لایەنێك بە جیا كار بكەن بۆ ئەم یاسا گرنگە كە ڕێكخستنی سێكتەری نەوت و گازە، دەبێت یەك گوتاریمان هەبێت
بە حوكمی ئەو ئەزموونە سیاسییە تاڵەی لە عێراقدا هەمانە، كە ئەم وڵاتە لە كۆمەڵێك لایەنی مەزهەبی و حزبی سیاسی پێكهاتووە، كە بەردەوام لە دژی هەرێمی كوردستان كاریان كردووە، هەموو یاساكان و هەر بڕیارێكیش كە دەردەچێت، دەكەوێتە ناو ئەو كێشمەكێشە سیاسییەوە كە لە چوارچێوەی ئەو مەزهەب و حزبە سیاسییانە بەڕێوەدەچێت، كە زۆربەی جار نەیارن لە دژی هەرێمی كوردستان.
هەمووان دەزانن عێراقی نوێ لەسەر بنەمای هاوبەشی و ڕێككەوتنی نێوان هەر سێ پێكهاتە سەرەكییەكەی عێراق (كورد و سوننە و شیعە) دامەزراوە. هەتا ئەم سێ پێكهاتەیە ڕێككەوتنێكی سیاسی نەكەن، زۆر زەحمەتە یاسای نەوت و گاز دەربچێت، هەتا ئەگەر دەریش بچێت، هیچ زەمانەتێك نییە بۆ ئەوەی پێوەی پابەند بن و جێبەجێی بكەن، بەتایبەتیش كە ئەم یاسایە پەیوەندی بە نەوتەوە هەیە و، بەشێك لە پارێزگاكانی عێراق بەتایبەتی پارێزگاكانی عەرەبی سوننە پارێزگای بەرهەمهێنەری نەوت و گاز نین، لە بەرانبەریشدا پارێزگای بەرهەمهێنەری گەورەی نەوتیش لە باشووری عێراق هەیە وەك پارێزگای بەسرا، بۆیە لەمەشدا جیاوازی بیروبۆچوون لە نێوان پارێزگاكاندا هەیە. لەم بارودۆخەدا جگە لە تەوافوقی نێوان هەر سێ پێكهاتەی سەرەكیی عێراق (شیعە و سوننە و كورد) و تەوافوقاتی سیاسی زەحمەتە بتوانرێت یاسای نەوت و گاز دەربچێت و، زەحمەتە پڕۆژەیەكی ڕێكوپێك بە بێ ڕێكەوتنی سیاسی دەربچێت.
ڕاشكاوانە دەڵێم: ئەمە واقیعە سیاسییەكەی عێراق وامان پێ دەڵێت. لەلایەكی دیكەوە بەشێكی ئەم لێكتێگەیشتن و ڕێككەوتن و تەوافوقانە پەیوەندی بە دەستتێوەردانی دەرەكییەوە هەیە، بەتایبەتی لەلایەن دەوڵەتانی دراوسێوە، واتە دەستتێوەردانی دەوڵەتانی دراوسێ كاریگەری دەبێت بۆ ئەوەی پەلە لە دەرچوونی یاسایەك بكەن، كە ناوەرۆكەكەی بە دڵی خۆیان بێت و ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانی لێ دەربهێنن و، بە تەوافقێكی پەرلەمانی زۆرینە و كەمینە تێیپەڕێنن، بۆیە ئەم ئەگەرەش هەیە كە بیانەوێت دەسەڵاتەكانی هەرێم كەم بكەنەوە.
دەركردنی یاسایەكی نەوت و گازی فیدڕاڵی بەسەركەوتوویی و بەو جۆرەی كە ببێتە خێرو خۆشی بۆ هەموو گەلی كوردستان و گەلی عێراق، بەستراوەتەوە بەو تەوافوقە سیاسییەی كە دەبێت لەسەر یاساكە هەبێت و تەنانەت تەوافوقی پەرلەمانیشی بۆ دەربكرێت و پێشوەختە ڕێككەوتنی كۆنكرێتی لەگەڵ عێراقدا بكرێت و لایەنە كوردییەكانیش دەبێت یەك گوتاریان هەبێت و نابێت هەر حزبێكی سیاسی و لایەنێك بە جیا كار بكەن بۆ ئەم یاسا گرنگە كە ڕێكخستنی سێكتەری نەوت و گازە، دەبێت و پێویستە یەك گوتاریمان هەبێت.
سێكتەری نەوت و گاز پێش ئەوەی یاسایی بێت، زیاتر سیاسییە و سەرەنجامیش هەر ڕەشنووسێك ئامادە بكرێت، دەبێت لایەنە سیاسییەكان لەسەری ڕێك بكەون. لەم لایەنەدا دەبێت هەرێمی كوردستان پشت بە كەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە بواری نەوت و گاز و یاسا و گرێبەستەكان ببەستێت و لە هەموو وردەكارییەكانی ناو یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی و لە نووسینەوەی یاساكە بەشدار بن. پێویستە شارەزاییان هەبێت لە یاساكانی نێودەوڵەتی و یاساكانی پەیوەندیدار بە یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵییەوە، بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە یاساییانە پڕبكەنەوە كە زۆر لایەنەكان لە كاتی دانوستانەكان گەمەی سیاسیی تێدا دەكەن، هەروەك چۆن بینیمان لە پڕۆژەی یاسای بودجەدا ئەو بۆشاییانەیان بەو گەمە سیاسییانە پڕكردەوە، كە ئاستەنگی گەورەی بۆ پشكی هەرێمی كوردستان و دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان بۆ دەرەوە دروست كردو هەتا ئێستا نەمانتوانیوە چارەسەری ئەو ئاستەنگانە بكەین. بۆیە دەبێت لەوە هۆشیار بین و بەداخەوە وا دەڵێم، هەرچی یاسا هەیە كە لە بەغدا دەردەچێت لە دەستێكی متمانەپێكراودا نییە.
كەواتە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی كە بڵێین: تاوەكو زەمانەت و بەڵێن و كردارێكی كۆنكرێتی نەبێت، زەحمەتە یاسای نەوت و گازێكی فیدڕاڵی دەربچێت، كە ڕەچاوی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بكات. جێگای داخە زۆربەی ئەم یاسایانە لە دەستێكی باوەڕپێكراودا نین، تا ئەو كاتەی ئەم متمانە و باوەڕپێكردنە نەگەڕێتەوە، زەحمەتە بتوانرێت یاسایەكی نەوت و گاز لەناو پەرلەمان دەربچێت.