ســەبـــری ســـەرســـامـــیـــی ئــیــدریـــس بـــارزانـــــی بە بەهای لێبوردەیی لە پێناوی یەكڕیزی و ئاشتەوایی و ئازادیدا

ســەبـــری ســـەرســـامـــیـــی  ئــیــدریـــس بـــارزانـــــی  بە بەهای لێبوردەیی  لە پێناوی یەكڕیزی و ئاشتەوایی و ئازادیدا

 

 

سەرسامی بە ماندێلا لەو خاڵەدا ڕاناوەستێ، بەوەی ئەو پێی سەرسام بووە، بەڵام ناشزانین ئەو سیفەتە چییە وامان لێدەكات سەرسام بین پێی، ئایا هۆكاری سەرسامیمان ئەو ڕابردوویەتی كە هەموو كات بەند بووە لەناو ئەوەی پێی سەرسام بووە؟ یان ئەو ڕابردووەیە كە بۆی ڕەخسابوو كە بەردەوام بە ئازادی تێدا بمێنێتەوە؟ یەكێك بوو لەو كەسە دەگمەنانەی چێژی لە ئازادی وەردەگرت، ئەمەش لەبەر ئەوەی سەبری سەرسامی هەبوو و پێویست بوو لەسەری پێی سەرسام بێت، ئەم سەبرەی بە سەرسامی گەیاندییە ئەوەی ئازادیی مەرجدار ڕەت بكاتەوە. ئایا ئەمە ئەوەی لێ ناخوێنرێتەوە كە لەناو سەرسامییەكەی خۆیدا بەند بووە؟ یان ئایا ئەمە هێمایەك نییە بۆ هاوێنەی كامێرایەك كە شایەنی ئەوە بێت، سەیر بكرێت؟ ئایا ماندێلا ڕێگەی بۆ بەندكردنی خۆی خۆش كرد، یان بە ڕێكەوت دەستگیر كرا؟ كاتێك چاو بەم پرسیارانە و پرسیارێكی دیكەش دەخشێنینەوە، پرسەكە تەنیا ورووژاندنی پرسیاری فەلسەفی نییە، بەڵكو پیشاندانی وێنەی ماندێلایە.

جاك دریدا «سەرسامبوون بە ماندێلا» كتێبی لەبەریەك هەڵوەشانەوەی میتافیزیكا

 

 

جاك دریدا، كە یەكێك بووە لەو فەیلەسووف و بیرمەندانەی لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو بەشداریی لەو هەڵمەتە جیهانییە كردووە،  بۆ دروستكردنی گوشار و ناچاركردنی ڕژێمی ئاپارتاید بۆ ئازادكردنی ماندێلا، نووسینێكی بڵاو كردەوە بە ناونیشانی «سەرسامبوون بە ماندێلا»، لە پەڕەگرافی یەكەمی نووسینەكەیدا هاتووە: «سەرسامبوون بە ماندێلا، پێدا هەڵگوتن و ئاهەنگگێڕان و دروشم گوتنەوە نییە، بەڵكو سەرسامبوون بە ماندێلا هەڵقوڵاوی فیكرە، وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەیە «چۆن ماندێلا دەركەوت؟ لەمەش زیاتر ئێمە لەو خاڵەدا ڕاناوەستین كە ئەو پێی سەرسام بووە.. بەڵام نازانین چی وامان لێدەكات پێی سەرسام بین. ورووژاندنی هەموو ئەم پرسیارانە تەنیا لە چوارچێوە فەلسەفییەكەی قەتیس نابێت، بەڵكو دەبێتە هێما بۆ  هاوێنەی كامێرایەك بۆ ئەوەی لەو هاوێنەیەوە وێنەی ماندێلا وەك خۆی بگرین و پیشانی بدەین.

پەنابردن بۆ كامێراكەی «دریدا» بۆ ئەوەی وێنەی مرۆڤێكی باڵای وەك «ئیدریس بارزانی» وەك خۆی پێی بگرین و پیشانی بدەین، بەو ئامانجەیە خۆمان لە زێدەڕۆیی پیاهەڵگوتن و دروشم گوتنەوە بە دوور بگرین و، ئیدریس بارزانی خۆی چۆنە، وەك خۆی لە ناو هاوێنەی ورووژاندنی پرسیارە هزرییەكاندا پیشانی بدەین. لێرەوە باسەكەمان لە چوارچێوەی بەراوردكردنێكی خێرا لەسەر نەخشەكەی دریدا بەمجۆرە دابەشی دەكەین.

 بڕوابوونێكی ڕەها

بە ڕەوایەتی مافی گەلەكەی و سازش لەسەر نەكردنی

دریدا دەڵێت: «سەرسامم بە ماندێلا لەبەر ئەوەیە بەردەوام لەبەردەم دادگاكانی ڕژێمی  ئاپارتایید دەڵێت: گەلەكەم و خۆم بە یاساكانی ئێوەوە پاپەند نابین، كە بەسەر ئێمەدا فەرزتان كردووە. ویژدانی گەلەكەم ئەو یاسایانە قبووڵ ناكات، كە ئێوە بەسەر ئێمەدا جێبەجێی دەكەن، بۆیە لە نێوان یاساكانی ئێوە و ویژدانی گەلەكەی خۆمدا ملكەچی ویژدانی گەلەكەی خۆم دەبم». دریدا جەخت لەوە دەكاتەوە و دەڵێت: «سەرسامیی من لەو خاڵەدا ڕاناوەستێت كە ماندێلا هێندە بە گەلەكەی خۆی سەرسامە، بەڵكو بەوە سەرسامم كە نازانم چی وادەكات زیاتر پێی سەرسام بم»، ڕاشكاوانەتر بە «سەبری سەرسامی» سەرسامم كە ئەو بەها گەورەیەی بۆ ئازادی و بۆ ئازادیی گەلەكەی لای ماندێلا دروست كردووە.

لێرەوە ئەگەر ئەو سەرسامییەی دریدا بە ماندێلا بە چەند قسەیەكی فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی پارتی دیموكراتی كوردستان گرێ بدەینەوە كە هەفتەی ڕابردوو لە 38ـەمین ساڵیادی جەستەئاوابوونی ئیدریس بارزانی لە كۆڕێكدا پێشكەشی كرد، كە چۆن لە كانوونی یەكەمی 1986 لە كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لە تاران كاتێك باسی مافەكانی گەلی كوردستان كراوە، گەورەیی گەلی كوردستان لای ئیدریس بارزانی لە چ ئاستێكدا بووە و لەمبارەیەوە میرانی گوتی: «لە كۆنگرەی نەسرەتی شەعبی عێراقی لە مانگی 12ی ساڵی 1986 لە تاران، هەموو پارتە سیاسییەكانی ئەو كاتی كوردستان كاك ئیدریس یان كردە  گوتەبێژی فەرمی بە ناوی شاندی كوردی، بۆ مێژوو هەر هەموویان گوتیان كاك ئیدریس، جەنابت هەرچی بڵێیت، ئێمە لەمەڕ پرسی كوردی پەیڕەوی لێدەكەین، با تۆ براگەورەی هەموومان بیت.. لەناو  ئەو كۆنگرەیە ئێمە وەك شاندی كوردی گوتمان چارەسەری پرسی كورد لەسەر بنەمای ڕێككەوتنامەی 11ی ئازار بكرێت، واتە دیموكراتییەت بۆ عێراق و حوكمی زاتی بۆ كوردستان، بەڵام حزیە  ئیسلامییەكانی شیعەی عێراق ڕەتیان كردەوە و گوتیان ئێمە دەیخەینە دەنگدان، كاك ئیدریس تەماشای محەمەد باقر حەكیمی كرد و گوتی: ئێوە پرسی كورد دەخەنە دەنگدانەوە؟ بە دەستی هێمای بۆ یەكێك كرد و گوتی: ئەمە بە ناوی حزبێكەوە هاتووە، ئەمە ڕای كردووە لە حاجی ئۆمەران و من ناردوومە بۆ ئوسترالیا، ئێستا هاتووە دەنگ لەسەر كێشەی كورد بدات ؟ عەیبە بۆ ئێوە. كاك ئیدریس زۆر بە توندی وەڵامی دانەوە و پەنجەی ڕاوەشاند و ڕووی لە  سەید محەمەد باقر ئەلحیكم كرد و گوتی: «ئەگەر ددان بە مافی كورددا نەنێن وەك ئەوەی لە ڕێككەوتننامەی ئادار هاتووە، ئەوا ئێمە هیچ پابەندبوونێكمان بەو كۆنگرەیەوە نامێنێت و لە كۆنگرەكەش دەردەچین و بەیاننامەیەكیش بڵاو دەكەینەوە».

 ئەم هەڵوێستە بوێرانەیەی ئیدریس بارزانی وای كرد، وەك میرانی دەڵێت «محەممەد مەهدی شەمسەددین، سەرۆكی ئەوكاتی ئەنجومەنی باڵای شیعەی لوبنانیش بێنێتە دەنگ و ڕوو بكاتە لایەنە شیعەكانی عێراق و پێی گوتن: «ئەم دوو سێ ڕۆژە لە كۆنگرە شتی سەیر دەبینم.. گوتیان: چییە؟ گوتی: ئێوە بە گەلی كورد دەڵێن برا كوردەكانمان، باشە ئێوە بە حوكمی عروبەتی خۆتان بۆ ناڵێن نەتەوەی كورد «الامة الكوردیة»؟ بۆچی ئەم نەتەوەیە كۆمەڵێك كۆچەرین لە قەفقازەوە هاتوون؟ لانیكەم بڵێن گەلی كورد. گوتی: لام سەیرە ئێوە لە تارانن و هێشتا نەگەیشتوونەتە دەسەڵات ئەمە بۆچوونتانە، لە كاتێكدا سەدام حسێن كە لە دەسەڵاتە  دەڵێت، گەلی كورد و حوكمی زاتی بۆ كوردستانی عێراق، ئەنجومەنی جێبەجێكردنی هەیە و ئەنجومەنی یاسادانانی هەیە و ئیدارەی هەیە، باشە ئێوە ناتوانن وەكو سەدامیش بن؟»، ئەم سەرسامییەی محەمەد مەهدی شەمسەددین سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای شیعەی لوبنان بە هەڵوێستەكەی ئیدریس بارزانی، سەرسامبوون نییە بە مافی ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی كوردستان كە ئیدریس بارزانی داكۆكی لەسەر دەكات، بەڵكو سەرسامبوونە بەو «سەبری سەرسامی»یە و ئەو هەڵوێستە گەورەیەی لە ئیرادەی ئیدریس بارزانی دروست بووە، لە ناو كۆنگرەیەك بە توندی ئەو هەڵوێستە دەردەبڕێ كە لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراق هاوپەیمانی سەرەكیی كۆماری ئیسلامیی ئێران بوون و دەوڵەتی ئێرانیش بڕوای بە مافی ئۆتۆنۆمی نەك بۆ كوردستانی عێراق، بەڵكو بڕوای بە مافی ئۆتۆنومی بۆ كوردستانی ئێرانیش نییە.

میرانی لە گێڕانەوەی قسەكانیدا، هەڵوەستە لەسەر ئەوە دەكات، كە كۆی لایەنە كوردستانییەكانی بەشداربووی ئەو كۆنگرە لە چ ئاستێكی بەرزدا متمانەیان بە ئیدریس بارزانی هەبووە و هەموویان بە كۆی دەنگ ئەویان وەك وتەبیژی شاندی كوردی بۆ ئەو كۆنگرەیە هەڵبژاردووە، ئەمەش سەرسامییەكی دیكەمان بە ئیدریس بارزانی بۆ دروست دەكات، نەك لەبەر ئەوەی بووەتە جێگەی متمانەی تەواوی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، بەڵكو سەرسامیەكە ئەوەیە خودی ئەو «متمانەیە» لای تێكڕای حزبە سیاسییەكانی كوردستان بە ئیدریس بارزانی چۆن دروست بووە.

 جوامێری و بڕوابوون

بە لێبوردەیی لە پێناوی یەكڕیزی و ئاشتەوایی نیشتمانیدا

«جوستیس مالالا - Justice Malala» كە یەكێكە لەو ڕۆژنامەنووسانەی باشووری ئەفریقیا و لە نیسانی ساڵی  1993 ڕووماڵی تیرۆركردنی «كریس هانی» سكرتێری حزبی كۆمۆنیستی باشووری ئەفریقیای كردووە، كە لە هەمان كاتدا سەرۆكی ئەركانی «ڕمی نەتەوە» بووە، كە باڵی سەربازیی كۆنگرەی نیشتمانیی ئەفریقی ئۆپۆزسیونی ڕژێمی ئاپارتاید بووە، دوای 30 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ئەم ڕووداوە ترسناكەدا، هەمان ڕۆژنامەنووس لە نیسانی 2023 كتێبێكی بە ناونیشانی «پیلانێك بۆ ڕزگاكردنی باشووری ئەفریقیا - The Plot to save South Africa» چۆن ماندێلا لە ماوەی یەك هەفتە شەڕی دوور خستەوە و دەوڵەتێكی هاوچەرخی دروست كرد»، بڵاو كردەوە و تیایدا مالالا لەسەر بەرگی ناوەوەی كتێبەكەی ئەم قسەیەی ماندێلای نووسیوە: «بۆ ئەوەی لەگەڵ نەیارەكانت بگەیتە چارەسەری ئاشتییانە، دەبێت لەگەڵ نەیارەكەت كار بكەی بۆ ئەوەی نەیارەكەت بگۆڕیت بۆ هاوبەش»، دوای تەواوبوونی كێشیە و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وڵاتدا، ماندێلا بووە یەكەمین سەرۆك كۆماری دوای نەمانی ڕژێمی ئاپارتاید و لە ئاهەنگی دەستبەكاربوونی گوتی: «مرۆڤە ئازاكان لە پێناوی بەدیهێنانی ئاشتی لە لێبوردەیی ناترسن»، ئەوجا ئەگەر ئەمجارەیان لە هاوێنەی كامێراكەی ڕۆژنامەنووس جوستیس مالالا دەیەیەك بگەڕێینەوە بۆ پێش ئەو ڕووداوە تاڵەی لە ساڵی 1993 لە باشووری ئەفریقیا ڕووی دا، وەك خۆی وێنەی ئیدریس بارزانی لە  چیاكانی كوردستان بگرین ، ئایا وێنەكە چیمان پیشان دەدات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ڕووداوە تاڵەكانی هەشتاكانی سەدەی ڕابردووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان دەیداتەوە.

ئەوانەی ڕۆژانی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوویان بینیوە، یان بەدواداچوونیان بۆ كردبێت، لەوە ئاگادارن لە دوای نسكۆی ساڵی 1975ـەوە هەتا ناوەڕاستی ساڵی 1986 بارودۆخی نێوان حزبەكانی كوردستان لەو پەڕی خراپیدا بوو، بە شێوەیەكی نیمچە بەردەوامیش شەڕ لە نێوان حزبە سیاسییەكان ڕووی داوە و ئەگەر لە ماوەیەكیشدا گەیشتبێتنە جۆرێك لە ڕێككەوتن، ئەوا بە بیانووی زۆر سادە ڕێككەوتنەكە ژێرپێ خراوە و دووبارە شەڕ دەستی پێكردووەتەوە، بەتایبەتیش لە دوای ساڵی 1982 بارودۆخەكە زۆر خراپ و ترسناكتر بوو، لەناو ئەم بارودۆخە ئاڵۆز و ترسناكەدا «سەبری سەرسامی»ی ئیدریس بارزانی بە گرنگیی «یەكڕیزی، تەبایی، یەكتری قبووڵكردن ، یەك سەنگەری و...هتد» نەكەوتە ژێر كاریگەریی گوشاری حزبایەتیی تەسك، بە پێچەوانەوە لەناو چوارچێوەی بەرژەوەندیی باڵای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان زیاتر گەشەی كرد و چرۆی دەركرد، لەمبارەوە میرانی لە كۆڕەكەیدا گوتی: « ڕێككەوتنی ئێمە (پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان) لە ساڵی 1986 كارێكی ئاسان نەبوو، ئەم ڕێككەوتنە  لە دوای شەڕەكانی 1983 بوو، بەڵام هەر ئیدریس بارزانی  بە  بوێریی و بە زیرەكیی خۆی، لە لایەك خەڵكی خۆی ڕازی كرد، لە لایەكیش بە جورئەتەوە چووە پێش و ڕێككەوتنی لەگەڵ مام جەلال ئیمزا كرد».

 ئەگەر سەرنج لە قسەكانی میرانی بدەین، دەبینین ئەركی ئیدریس بارزانی تەنیا گفتوگۆ و دانوستاندن نەبووە لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەڵكو پێش ئەوە قەناعەت پێكردنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە بە زەروورەتی ئاشتی لە نێوان یەكێتی و پارتی كە دەبێتە هەوێنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناو كۆی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان، ئەمەشمان دوای ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی بینی، كە بووە بناغە بۆ دامەزراندنی بەرەی كوردستانی و ئەو بەرەی كوردستانییەی كە سەركردایەتیی ڕاپەرینی گەلی كوردستانی لە ئاداری 1991ی گرتە ئەستۆ.

ئەمە پێمان دەڵێت «سەرسامیمان بە ئیدریس بارزانی لەو خاڵەدا ڕاناوەستێت كە ئەو پێی سەرسامە و بریتییە لە « یەكڕیزی و ئاشتی»، بەڵكو سەرسامین بە «سەبری سەرسامی»ی ئیدریس بارزانی بە بەها و مانای « یەكڕیزی و ئاشتی» لەناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستاندا.

 ئیرادەی ئیدریس بارزانی لە  پڕكردنەوەی بۆشایی نێوان گەلەكەی و خۆی

خاڵێكی دیكەی سەرسامیمان بە «سەبری سەرسامی»ی ئیدریس بارزانی، سەرسامبوونیەتی بە ئیرادەی گەلەكەی «گەلی كوردستان»ـە و لەم چوارچێوەیەدا درێژەپێدەری هەمان فیكر و لۆژیكی مستەفا بارزانی بووە كە هەردەم پێی وابووە ئەگەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان ئیرادەی گەلی كوردستانی لە پشتەوە بێت هیچ هێزێك ناتوانێت ئەو ئیرادەیە تێكبشكێنێت، لەم ڕاستەوە میرانی دەڵێت: «دوای ئەوەی ساڵی 1979 بووینە ئەندامی سەركردایەتیی پارتی.. ئیدریس بارزانی پێی گوتین: «ئێوە بوون بە بەرپرس، تاوەكو پێتان بكرێت خەڵك ببینن، خەڵكێك دێت سەردانی ئێوە دەكات، لە دیتنی خەڵك قەڵس نەبن، وەكو بۆكانی دەڵێن. ئێوە قازانج دەكەن، ئەوان ئێوە دەناسن بە حوكمی ئەوەی ئەندامی سەركردایەتین، بەس ئێوە ئەوان ناناسن. ئەگەر ئیشەكانیان بۆ جێبەجێ نەكەن، دۆستێك لەدەست دەدەن، ناچارییەك پەیدا دەكەن». سەرسامبوونمان بە بایەخی ئیدریس بارزانی  بە نەهێشتنی بۆشایی لەنێوان خەڵك و بەرپرسانی سیاسی، لەو خاڵەوە سەرچاوە ناگرێت كە ڕێنماییەكی دروستی ئەندامی سەركردایەتی پارتی كردووە، بەڵكو لەو خاڵەوە پێی سەرسامین لە بەهای بەرز و گرنگیی نەبوونی بۆشایی لە نێوان خەڵك و بەرپرسی سیاسی تێگەیشتووە، ئەمەش بەو ئاستەی نیكۆلا میاكیڤلی ئاماژەی پێدەكات و بە میرەكەی دەڵێت: «كاتێك تۆ لەسەر لووتكەی چیاوە سەیری خوارەوە دەكەیت و مرۆڤەكان بە بچووك دەبینی، ئایا بیرت لەوە نەكردووەتەوە ئەوەشی لە خوارەوە سەیری لووتكەی چیاكە دەكات، تۆ بە بچووكی دەبینیت؟ بۆ ئەوەی گەورەیی شكۆی چیا ببینی، هونەرمەندی شێوەكار لە دۆڵەوە وێنای چیا دەكێشت، نەك لە لووتكەوە»، هەر بۆیە ئەوانەی لەگەڵ ئیدریس بارزانی مامەڵەیان كردووە، یان لەو سەردەمە پێشمەرگە بوون كە ئەو سەركردە بووە، هەموویان پێكەوە لەیەك خاڵدا سەرسامییان بە «سەبری سەرسامی»ی ئیدرس بارزانی چڕدەكەنەوە كە هەرگیز دەرگای لە خەڵك دانەخستووە و لەیەك ئاستدا خەڵكی وەك خۆی بینیوە، بۆیە خەڵكی كوردستانیش ئیدریس بارزانی وەك خۆی دەبینن، وەك ئەو كامێرایەی دریدا كە لەناو پرسیارە فەلسەفییەكاندا وێنای كاریزماكان پیشان دەدات.

 

Top