ئیبراهیم ئەحمەد مستەفا سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای تووشبووانی تالاسیمای كوردستان: ئەو پشكنینانەی كە پێویستە تووشبووانی تالاسیما لە تاقیگە گشتییەكاندا بەبێ بەرانبەر ئەنجامیان بدەن، هەندێكیان لە تاقیگە گشتییەكاندا نین
ئیبراهیم ئەحمەد مستەفا، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای تووشبووانی نەخۆشیی تالاسیمای كوردستان و بەڕێوەبەری كارگێڕیی سەنتەری تالاسیمای هەولێرە. ئەم ئەنجومەنە كۆمەڵەكانی «دهۆك، سلێمانی، هەولێر، ئاكرێ، ڕانیە، خانەقین» و هەردوو نووسینگەی تالاسیمای «كۆیە و سۆران» لەخۆ دەگرێت. ئەنجوومەنەكە سەرپەرشتیی ٣٦٠٠-٤٠٠٠ تووشبووی نەخۆشیی تالاسیما دەكات. بۆ ئەوەی كەسێك ببێتە ئەندامی كۆمەڵەكانی ئەم ئەنجومەنە، مەرجە خۆی یان یەكێك لە منداڵەكانی تووشبووی تالاسیما بێت. لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆ «خزمەتگوزاریی تەندروستی لە نێوان كەرتی گشتی و تایبەتدا»، بەمجۆرە باسی لەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانە كرد كە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تووشبووانی ئەم نەخۆشییە دابینی كردووە و، پێداویستییەكانیشی خستەڕوو.
جێگەی دەستخۆشییە بۆ بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە ئەم گفتوگۆ گرنگەیان ڕێكخستووە لەسەر پرسی «خزمەتگوزاریی تەندروستی». هەروەها سوپاسیان دەكەین كە تووشبووانی نەخۆشیی تالاسیمایان لەبیر نەكردووە، چونكە ئەوان نەخۆشییەكی درێژخایەن و قورسیان هەیە و بەردەوام پێویستیان بە چەندین خزمەتگوزاریی تەندروستی هەیە.
ژمارەی تووشبووانی نەخۆشیی تالاسیما لە كوردستان لە نێوان ٣٦٠٠-٤٠٠٠ نەخۆشدایە. سەرەڕای ئەوەی من سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای تووشبووانی نەخۆشیی تالاسیمام، بەڵام لەبەر ئەوەی بەڕێوەبەری كارگێڕیی سەنتەری تالاسیمای هەولێرم، قسەكانم زیاتر لەسەر تووشبووانی تالاسیمای هەولێر چڕ دەكەمەوە، كە پێموایە بارودۆخی تووشبووانی تالاسیما لە هەولێر ئاوێنەیەكە بۆ تێكڕای تووشبووانی تالاسیما لە كوردستان.
ئێمە لە هەولێر ١٢٠٠ تووشبووی نەخۆشیی تالاسیمامان هەیە، بە جۆرەكانی تالاسیمای گەورە، مامناوەند و سێكل سێڵ تالاسیمیا (sickle cell thalassemi). ئەم جۆرانەی نەخۆشییەكە بەردەوام پێویستیان بە خوێن هەیە. لە سەنتەری تالاسیمای هەولێر ٩٣٥ نەخۆش بەردەوام پێویستیان بە خوێنە، كە مانگانە پێویستیان بە ١٢٠٠ پاكەت خوێن هەیە. خۆشبەختانە ئەم خوێنە لەلایەن بانكی نەخۆشخانەوە دابین دەكرێت. مەسروفی مانگانەی نەخۆشێك بە هەموو پێداویستییەكانیەوە وەك «كڕینی كیس، دەرزیی دیفیراسیرۆكس (Deferasirox)، حەبی ئێكسجەید (EXJADE)، هەروەها تەواوی ئەو پشكنینانەی بۆ نەخۆشەكان پێویستن، لەسەر حیسابی وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگاتە ١٠٠٠ دۆلار.
لە ئێستادا دەتوانین بڵێین ئێمە وەك سەنتەری تالاسیمای هەولێر، لە ڕووی «پێداویستیی پزیشكی، سەرچاوەی مرۆیی، پزیشك و كارمەندانی تەندروستی» هیچ كەموكورتییەكمان نییە، بەڵام چاومان لەوەیە كە خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ تووشبووانی تالاسیما دابین بكرێت. جەنابی كاك مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەم دواییە سێ بڕیاری گرنگی بۆ تووشبووانی تالاسیما دەركرد:
1- ١٠٠ نەخۆشیی تالاسیما بۆ چاندنی مۆخ ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بكرێت.
2- هەر تووشبوویەكی تالاسیما پێویستی بە هەر جۆرە پشكنینێك بێت، دەبێت بەبێ بەرانبەر لە تاقیگە گشتییەكاندا بۆی ئەنجام بدرێت.
3- زیاتر لە یەك ملیار دینار تەرخان كراوە بۆ كڕینی پێداویستییەكانی دەرمان و پزیشكی.
ئەم خزمەتگوزارییانە لە سەنتەرەكەمان بۆ تووشبووانی تالاسیما پێشكەش دەكرێت.
ئەوەی لێرەدا دەمەوێت ئاماژەی پێ بكەم و بەڕێز د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی لێرە ئامادەیە، ئەوەیە كە هێشتا نازانین هۆكاری چییە كە ناردنی ئەو ١٠٠ تووشبووەی تالاسیما نەكەوتووەتە بواری جێبەجێكردن.
پرسی ئەو پشكنینانەی كە پێویستە تووشبووانی تالاسیما لە تاقیگە گشتییەكاندا بەبێ بەرانبەر ئەنجامیان بدەن، لە هەندێك حاڵەتدا كێشەی تێدەكەوێت، هەندێك جار هەندێك لەو پشكنینانە لە تاقیگە گشتییەكاندا نین. من خۆم كچێكی تووشبووی تالاسیمام هەیە، لەو ماوەیەدا پێویستی بە چوار پشكنین هەبوو، كە لە سەنتەرەكەی خۆمان نەبوو. چووم بۆ تاقیگەی ناوەندی بۆ ئەوەی پشكنینەكانی بۆ بكەم، بەڵام تەنیا دوو پشكنینیان لەوێ هەبوو، دوو پشكنینەكەی دیكەم لە دەرەوە و لە كەرتی تایبەت كرد.
تێچووی پشكنینەكانی تووشبووانی تالاسیما گرانە. لەوانەیە تا ڕاددەیەك بۆ من كێشە نەبێت، بەڵام دڵنیاتان دەكەمەوە كە زۆربەی خێزانەكان كە نەخۆشی تووشبووی تالاسیمایان هەیە (بە ڕێژەی ٨٠%)یان هەژار و نەدارن و ناتوانن پشكنینەكان لە كەرتی تایبەت ئەنجام بدەن. ڕاستە ئێمە سوپاس بۆ خوا بەشی زۆری پشكنینەكانمان لە سەنتەرەكەی خۆمان ئەنجام دەدەین و تا ڕاددەیەك پێویستمان بە كەرتی تایبەت نییە، مەگەر لەو حاڵەتانەدا كە لای خۆمان نەكریت.
پرسێكی دیكە كە ئێستا لە میدیا و سۆشیال میدیا ورووژێندراوە و باسی دەكرێت، ئەوەیە كە دەگوترێت تاقیگە گشتییەكان دەدرێنە كەرتی تایبەت. من لەو بڕوایەدا نیم ئەم هەواڵە ڕاست بێت، بەڵام ئەگەر ئەم دەنگۆیە ڕاست بێت، ئەوا گرنگە تاقیگەی سەنتەری تالاسیما حیسابی تایبەتی بۆ بكرێت و نەدرێتە كەرتی تایبەت.
كێشە و كۆژانی تووشبووانی نەخۆشیی تالاسیما زۆر گەورەیە، هەر بۆیەشە ئەگەر كەسێك خۆی، یان منداڵێكی تووشبووی نەخۆشییەكە نەبێت، لە كۆمەڵەكانی تالاسیما نابێتە ئەندام. ئێمە سوپاسگوزاری وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێرین كە هەمیشە دەرگایان واڵا بووە بۆ پێشوازی لە تووشبووانی تالاسیما. داوایان لێ دەكەین لە پرسی ناردنە دەرەوەی ئەو ١٠٠ نەخۆشەی تالاسیما بۆ دەرەوەی وڵات، یارمەتیمان بدەن، بێجگە لەمە هیچ كێشە و كەموكورتییەكی دیكەمان نییە.