مەنسوور نوورەدین مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدین – هەولێر: لە داڕشتنی یاسای بودجەی عێراقدا، بەشێك لە كێشەكانی نەوت و گاز دەخزێتە ناو ئەو یاسایە و پاشان ئاستەنگ بۆ جێبەجێكردنی یاسای بودجە دروست دەكات
سێكتەری نەوت و گاز لە عێراقدا یەكێكە لەو پرسانەی كە زۆرترین كێشمەكێش و مشتومڕی سیاسی لەسەرە و هەتا ئێستاش بەردەوامە. لە دوای ساڵی 2003 چاوەڕیی ئەوە دەكرا، عێراقی نوێ لەسەر بنەمای دەستوور وەك دەوڵەتێكی فیدڕاڵی بونیاد بنرێتەوە و ڕێز لەو دەستوورە بگیرێت و ئەو دەستوورە بكرێتە بناغە بۆ ئەوەی هەموو یاساكانی عێراقی سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە، بەڵام بەداخەوە بە هۆی ناسەقامگیریی ناو پرۆسەی سیاسیی عێراق و ململانێی نێوان پێكهاتە و لایەنە سیاسییەكانی عێراق نەتوانرا گەلێك یاسای گرنگ دەربچن، یەكێك لەو یاسا گرنگانەی دەبووایە هەر لە دوای پەسەندكردنی دەستووری عێراق دەربچووبایە، یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵییە.
نەبوونی ئەم یاسایە (یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی) بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت و گازی كە پێویستە بە هاوبەشی لە نێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێم بەڕێوەببرێن، بووەتە كێشەیەكی سیاسی لە نێوان هەردوو لادا و هەتا ئێستا ئەم كێشەیە چارەسەر نەكراوە و هەر بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە. لە پێكهێنانی هەر كابینەیەكی حكومەتی عێراقیدا دەبێتە پرسی سەرەكی و یەكەم و ڕێككەوتنی سیاسی لەسەر ئێمزا دەكرێت، بەڵام پاشان ئەو ڕێككەوتنە جێبەجی ناكرێت.
نەبوونی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی وای كردووە، هەموو ساڵێك كێشە بۆ یاسای بودجەی عێراقیش دروست بێت، لەبەر ئەوە لە داڕشتنی یاسای بودجەی عێراقدا، بەشێك لە كێشەكانی نەوت و گاز دەخزێتە ناو ئەو یاسایە و پاشان ئاستەنگ بۆ جێبەجێكردنی یاسای بودجە دروست دەكات.
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونیەوە لە تەموزی 2019، هەوڵی داوە پرسی دەركردنی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی بە پشتبەستن بە ماددەكانی (110، 111، 112)ی دەستووری عێراق، بكاتە ئەولەوییەتی بەرنامەی كابینەكەی، سەرەتا لەگەڵ حكومەتەكەی د.عادل عەبدولمەهدی كە زۆری نەخایاند بارودۆخی سیاسیی عێراق تێچكوو، هەروەها لەگەڵ حكومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی كە كاری زۆر باش كراوە بۆ ئەوەی بتوانرێت یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی تێپەڕێنرێت و بە شێوازێكی هاوچەرخ سوود لە داهاتی ئەم سامانە سرووشتییە بۆ هەموو هاووڵاتیانی عێراق وەربگیرێت و عێراقیش وەك دەوڵەت سیمای دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و پێشكەوتوو وەربگرێت.