ڕزگار قادر بەرپرسی مەڵبەندی پێنجی كۆمەڵی دادگەری، ڕانیە: قەوارەی هەرێمی كوردستان بەرهەمی قوربانی و گیانفیداكارییەكی زۆرە و ئەركی هەمووانە بیپارێزین

ڕزگار قادر  بەرپرسی مەڵبەندی پێنجی كۆمەڵی دادگەری، ڕانیە:  قەوارەی هەرێمی كوردستان بەرهەمی قوربانی و گیانفیداكارییەكی زۆرە و ئەركی هەمووانە بیپارێزین

 

مەسەلەی سەركەوتن، یان شكستی هەر كار و پرۆسەیەك وابەستەیە بە هەڵسەنگاندنی دەرئەنجامەكانی ئەو كارە، یان ئەو پرۆسەیە. ئەم بابەتە نابێت بە شێوەیەكی سەركێڵانە و بە هەست و سۆزەوە بڕیار لەسەر سەركەوتن و شكستی بدەین. بابەتی مامەڵەكردنی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەو ڕووداو و پێشهاتانەی لە ڕابردوودا هاتووەتە پێشەوە، دەكرێت سەیری دەرئەنجامەكانی بكەین. بۆ نموونە هەموو دەزانین بەر لە ڕیفراندۆم ڕێژەیەكی زۆری خاكی هەرێمی كوردستان لەژێر دەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا بوو، لەو كاتەشدا بانگەشەی ئابووریی سەربەخۆی كوردستان دەكرا و نەوت لەژێر دەستی خۆماندا بوو. لەو سەردەمە بەپێی بیروبۆچوونی خۆم دیپلۆماسیەتی هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی بەرزتر و گەورەتردا بوو، تەنانەت پێگەی هەرێمی كوردستان لە نێو ڕووداوە نێودەوڵەتییەكان بەهێزتر بوو. بەداخەوە دوای ئەو ڕووداوانەی ڕوویاندا بەرەبەرە پێگەی هەرێمی كوردستان لەنێو ناوەندە سیاسییەكانی عێراق و ناوچەكە و دەرەوە لاواز بووە و هەموومان هەستی پێ دەكەین. ئەگەر بمانەوێت بەڕاست و دروستی بەنچە بخەینە سەر برینەكان، پێویستە بە جدددی هەڵوەستە لەسەر ئەو ڕووداوانە بكەین.

مامەڵەكردنی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەو ڕووداو و پێشهاتانە لەسەر ئاستی نێوخۆی عێراق و ناوچەكە و جیهان بە شێوازێك بووە، مامەڵەیەك بووە لەباری ناچاری. ئێمە دەبێت دان بەوەدا بنێین ویستمان كارێك بكەین لە هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان و دواتر هێزو لایەنەكانی دیكە، ئەگەر چی لەو كاتەدا دەنگ زۆر بەرز كرایەوە، بەوەی زەمینەسازیی باش نەكراوە، پێشبینی دەرئەنجامەكان پێویستە دروستتر بكرێت و كار بۆ یەكڕیزی نێوخۆیی بكرێت، هەموو ئەمانە پێویستیی ئەو هەنگاوە مێژووییە بوو كە هەموو تاكێكی كورد و كوردێكی بەشەرەف ئاواتەخوازیەتی و خەوی پێوە دەبینێت، بەڵام لەبەر ئەوەی پێشبینییەكان ورد نەبوون و لە شوێنی خۆیاندا نەبوون، پاشان یەكڕیزی نەبوو، بۆیە ئەو دەرئەنجامەی لێكەوتەوە كە هەرێمی كوردستان هەنگاوی پاشەكشەی نا. هەموو ئەو دەرئەنجامانە پێمان دەڵێن هەرێمی كوردستان بە ناچاری مامەڵە لەگەڵ ئەو واقیعەدا دەكات، ئەگەرنا ئێمەی كورد خەونی زۆر گەورەترمان هەبوو. من ئەو واقیعە دەزانم كە بەڵێ لەناو ناوەندێكی زۆر ئاڵۆزدا ژیانی سیاسی دەگوزەرێنین، بەڵام خۆ ئەگەر تا بارودۆخیش ئاڵۆز بێت، بە تەئكید پێویستی بە وردبینیی زیاترە لەلایەن دەسەڵاتداران و بڕیاربەدەستدانی ئەم هەرێمە. ئێستا هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و بڕیار بەدەستدانی ئەم هەرێمە وردە وردە خەریكن لە ڕێگەی گفتوگۆوە هەوڵ دەدەن، ئەو بارودۆخە سەختە تێپەڕێنن كە وەكو قەوارەی سیاسی كاریگەریی لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە و دەرئەنجامەكەشی بۆسەر ژیان و باروبژێوی خەڵكی زۆر سەختە و بارودۆخی دەروونیی خەڵكی لەو پەڕی ناسەقامگیریدایە، بۆیە دەبێت واقیعبینانە سەیری مەسەلەكە بكەین.

ئەم واقیعەی كە ئێستا هەرێمی كوردستانی تێدایە، بارودۆخێكی زۆر سەختە، چ لەسەر ئاستی جەماوەری و خەڵك بێت، یان لەسەر ئاستی سیاسی بێت، ناچاریشین ئەو بارودۆخە تێپەڕێنین و بارودۆخەكە بگەیەنینە ئاستێك قەوارەی سیاسیی هەرێم پارێزراو بێت، چونكە ئەو قەوارەیە بەرهەمی قوربانی و گیانفیداییەكی زۆری كوردە و ئەركی هەمووانە بیپارێزین و پێویستە دادگەری تێدا بچەسپێنرێت، لەم قۆناغەشدا باشترین شێواز بۆ دابینكردن و فەراهەمكردنی گفتوگۆی دیپلۆماسییە ئێستا ئەو هەنگاوە دەنرێت، بەڵام لە ئاستی خواستی خەڵك و خواستی واقیعەكە لە ئاستێكی باشدا نییە.

كوردەواری دەمێكە پەندێكی هەیە كە دەڵێت «هێز لە یەكێتیدایە»، بە یەكێتی و یەكگرتن و بەیەكەوەبوون هەمیشە هێزت پێ دەبەخشرێت. خودای پەروەردگار لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: «وَلَا تَنَٰزَعُواْ فَتَفْشَلُواْ وَتَذْهَبَ رِيحُكُمْ وَٱصْبِرُوٓاْ  إِنَّ ٱللَّهَ مَعَ ٱلصَّٰبِرِينَ»، بۆیە ململانێ و كێبڕكێی ناتەندروستیی سیاسی هەیبەتی كوردستان لاواز دەكات و زیانی گەورەی بەگەلەكەمان گەیاندووە و قەوارەی هەرێمی كوردستان لاواز دەكات. بۆیە ئەگەر بمانەوێت ئەمە بكەینە خاڵی بنەڕەتی بۆ داهاتوو، پێویستە بە جورئەت و ئازایانەوە پەنجە لەسەر برینەكان دابنێین و بزانین هۆكاری گەیشتن بەم بارودۆخە چییە؟ بەڕاوبۆچوونی من هۆكاری گەیشتن بەم بارودۆخە لەوەوە دروست دەبێت، خەڵكی بێ ئومێد بكرێت بەرانبەر بە دامەزراوەكانی ئەم هەرێمە و بەرانبەر بە پرۆسەی دەنگدان و بەرانبەر بە گۆڕانكاری لە پرۆسەی دەنگدان. هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان باش دەزانن كە دەرئەنجامەكانی دەنگدان دەرئەنجامی واقیعی كۆمەڵگەكە نییە بە لایەنی براوە و نەبراوە، بۆیە ئەگەر بمانەوێت ئومێد بگەڕێتەوە بۆ خەڵك و تەبایی سیاسی دروست بێت، پێویستە هەرێمی كوردستان مەرجەعییەتێك دروست بكات، بە دامەزراندنی ئەنجومەنێك، مەرجەعییەتێك بۆ هەرێمی كوردستان دروست بكرێت و ئەو ئەنجومەنە بكرێتە مەرجەع بۆ لایەنە سیاسییەكان و ئەو دیموكراسیەتەی كە ئیدعای بۆ دەكرێت و ئەو ڕادەستكردنەی دەسەڵات كە سادەترین سیمای دەستاودەستكردنی سیمای دیموكراسییەتە ئەمە بە كردارەوە ببینرێت. هیوا ماوە و ناكرێت مرۆڤ هیوابڕاو بێت، بەڵام پێویستی بە جددییەتی كاركردنە و ئەمەش بە دەسەڵاتداران دەكرێت. دەسەڵاتدارانی هەر هەرێمێك ئەوەی لێ زیاتر جوانە و لێی چاوەڕوان دەكرێت، كە دەستپێشخەری هەبێت و دەستپێشخەرییەكەشی لە بیركردنەوەی تەسكی شەخسی و حزبی بە دوور بێت. دەبێت ئاگای لەوە بێت كە بەرژەوەندییە گشتییەكانی نیشتمان بەكۆی ئەو هێزە سیاسییانەی كە لە گۆڕەپانەكەدان دەكرێت بە ئامانج بكرێت و بەدی بێت.    

 

Top