مەردان ڕەفعەت چاودێری سیاسی زۆر لە سەركردە و حزب و لایەنە سیاسییە دەستڕۆیشتووەكانی عێراق بڕوایان بە دیموكراسی و فیدڕاڵی و مافەكانی گەلی كوردستان نییە
كورد لەوەتەی هەیە لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی مەركەزی و تاكڕەوی و دیكتاتۆریەت گەورەترین قوربانی داوە، جینۆساید و كۆمەڵكوژی دەرهەقی ئەنجام دراوە، لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسیشەوە عێراق هەنگاوەكانی بە لامەركەزی دەستپێكردووە، ئەمە وێڕای هەموو ئەو ئالنگاری و كێشانەی ڕووبەڕووی قەوارەی هەرێمی كوردستان بووەتەوە. بونیادنانی عێراقی نوێ لەسەر بنەمای «فیدڕاڵی و دیموكراتی و پەرلەمانی و فرەیی و پێكەوەژیان و لێبووردەیی» دامەزراوە. بەداخەوە وێڕای هەموو هەوڵەكان و نووسینەوە و دەنگدان لەسەر ڕەشنووسی دەستووری هەمیشەیی عێراق لە 2005 دا، بەڵام زۆر لە سەركردە و حزب و لایەنە سیاسییە دەستڕۆیشتووەكان بڕوایان بە دیموكراسی و فیدڕاڵی و مافەكانی گەلی كورد و سەرجەم پرۆسەی دیموكراتی نییە.
گرفتی ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی كوردستان لە مامەڵەكردن لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراق ئالێرەوە دەست پێ دەكات، كە تۆ خەباتی سیاسی و كاری دیپلۆماسی ئەنجام دەدەیت لەگەڵ كۆمەڵە هێز و لایەنی سیاسی كە ئەسڵەن هەر بڕوایان بە فیدڕاڵییەتی هەرێمی كوردستان نییە، بۆیە ئاستەنگ و ئالنگارییەكانی بەردەم هەوڵە دیپلۆماسییەكان زۆرن و تێكەڵ بە ئەجیندە و ناكۆكی نێوخۆ و دەرەكی بووە، لەگەڵ ئەمەشدا دەستپێشخەرییەكان و نییەتی ئاساییبوونەوە و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وای كردووە، گرژی و ئاڵۆزییەكان بگۆڕدرێن بە لێكتێگەیشتن و گفتوگۆ و دانوستاندن و ئومێد زۆرە هەنگاوەكان لە چارەسەرەكان نزیك ببێتەوە.
بە شێوەیەكی گشتی سەركەوتنی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنەكانی نێوان هەردوو حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ زنجیرە هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی دەگەڕێتەوە، كە هەردەم ڕێنیشاندەر و پاڵپشتی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن بووە. ڕاستە جار بە جار ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە لە ئاست داخوازی و خواستەكانی ئێمەدا نییە و لەناو گێژاوی گرفت و كێشەكانی بودجە و مووچە و ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دێت و دەچێت، بەڵام ئەم هەنگاوانە گرنگن بۆ چارەسەركردنی كێشە گەورەكانی وەكو جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری و كێشەی خاك و ڕاگرتنی تەعریب و تەرحیلی كوردان. سەرۆك بارزانی مەرجەعی كوردە و هێز و پێگەی پاراستنی هەرێمی كوردستان و ڕێگرتنە لە شەڕ و ئاژاوە و ئاشووب.
وێڕای هەموو گلەیی و ڕەخنەكان لە دەسەڵاتدارانی بەغدا و هەرێمی كوردستانیش ترووسكایی و ئومێدی چارەسەركردنی كێشەكان لەو دیو تونێلەكەوە دەركەوتووە. ئەوەی دەمێنێتەوە ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی كوردستانە لە نێوخۆ و عێراق و ناوچەكە، كە توانراوە خەڵكی هەرێمی كوردستان و قەوارەی هەرێم بپارێزرێت و هەنگاوی باشیش نراوە.
حزب و لایەنە سیاسییەكانی نێوخۆی كوردستان لەبەر بەرژەوەندیی شەخسی و حزبی، كێشە و ناتەبایی و ناكۆكییەكانی نێوان خۆیان بردووەتە بەغدا و زیانی گەورەیان لە پێگەو هێزی قەواری كوردستان لە بەغدا داوە، زۆر هێز و لایەنی سیاسی وا هەن لەبەغدا سازش لەسەر ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی كوردستان دەكەن.