سەردانێكی مێژوویی لە كاتێكی هەستیاردا بۆ دووبارە بونیادنانەوەی عێراق
چەند مانگ پێش ئێستا و لە یەكێك لە گفتوگۆكانی بازنەی گفتوگۆ بەناونیشانی «هەرێمی كوردستان لە تێڕوانینی حكومەتی فیدڕاڵیدا»، ئەبو میساق ئەلمساری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی ڕێكخراوی بەدر و ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێی گوتین: «برایان ئێوە وەك سیاسەتمەدار و دەستەبژێری هەرێمی كوردستان دەبێت ئەوە بزانن، ئێمە وەك لایەنە سیاسییەكانی عێراق دوو بەشین و بریتین لە – شیعەی ئەقڵانی و شیعەی چەكدار-، ئێوە دەبێت هەوڵ بدەن كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەگەڵ لایەنەكانی – شیعەی ئەقڵانی- چارەسەر بكەن، نەك لایەنەكانی-شیعەی چەكدار-». بەڵام لەسەردانی ئەمجارەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا، لەگەڵ لایەنەكانی «شیعەی چەكدار»یش كۆبووەوە.
لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە بۆ ماوەی چەند مانگ هەوڵیان دا، لە ڕێگەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی زەمینەیەك ڕێك بخەن، كە سەرۆك بارزانی سەردانی بەغدا بكات. دوای ڕەزامەندیی بەڕێزیان بۆ ئەو بانگهێشتنامەیە كە بانگێهێشتنامەی تێكڕای لایەنە سیاسییەكانی عێراق بوو (بە شیعە و سوننە و پێكهاتەكانی دیكەوە) و بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەت و مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەرنامەیەكی زۆر ورد بۆ ئەم سەردانە ڕێك خرا. ئامانج لە دانانی ئەم بەرنامەیەش ئەوە بوو كە سەرۆك بارزانی وەك ساڵی 2002 پێش ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن ڕۆڵی سەرەكی لە داڕشتنی ئەو بەرنامەیە بگێڕێت كە وەك نەخشەی ڕێگە عێراقی دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدامی لەسەر بونیاد دەنرێتەوە، لەسەر شێوازی ئەم بەرنامەیە ئەبولمیساق ئەلمساری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی ڕێكخراوی بەدر بۆ ئەم ڕاپۆرتە قسەی كردووە و پێی گوتین:
* دوای سەردانەكەی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، ئێمە وەك چوارچێوەی هەماهەنگی داوامان لێكرد، زەمینەیەك ڕێك بخەین بۆ ئەوەی بەڕێز سەرۆك بارزانی سەردانی بەغدا بكات، دوای ئەوەی بەڕێزیان بە ئەرێنی وەڵامی بانگهێشتنامەكەی داینەوە، دەستمان بە دانانی بەرنامەیەك كرد.
* یەكێك لەو خاڵانەی بۆ زەمینەسازیی ئەم سەردانە گرتمانە بەر، هەوڵێكی جددیمان دا، بۆ ئەوەی بەشێك لە چارەسەركردنی كێشەكان بچنە پێشەوە، وەك چارەسەركردنی مووچەی فەرمانبەران، ئەمە بۆ ئەوە بوو كە سەرۆك بارزانی هەست بەوە بكات نییەتێكی جددی لەلایەن هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بوونی هەیە.
* بەرنامەمان بۆ دوو كۆبوونەوەی گرنگ ڕێكخست، یەكەمیان كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی لەگەڵ تەواوی لایەنەكانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە، هەروەها كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت كە بێجگە لە (كورد و شیعە و سوننە) نوێنەری پێكهاتەكانی دیكەشی تێدایە، بۆ ئەوەی بەئامادەبوونی بەڕێزیان زۆر ڕاشكاوانە باس لە هەموو ئەو كێشە و ئاستەنگانە بكرێنەوە كە لە ئێستادا عێراق ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
پێش ئەم سەردانەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا بەچەند ڕۆژێك لە ئەڵقەیەكی دیكەی بازنەی گفتوگۆ بە ناونیشانی «مامەڵەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڕووداوەكانی عێراق و ناوچەكە» بانگهێشتی شێخ عەبدولڕەحمان جەزائیری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسامان كردبوو، دوای پیشاندانی ڕەزامەندی بەوەی خۆشحاڵە لە بەغداوە بێتە هەولێر و، لەوەش ئاگاداری كردینەوە كە بەڕێزیان وەك كەسێك بە ناوی خۆیەوە بەشداریمان ناكات، بەڵكو وەك نوێنەری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و كۆی لایەنەكانی ناو هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە دێت و مەبەستیشیەتی لە پەراوێزی ئەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان باس لە فراوانكردنی پەیوەندیی نێوان هەردوولا بكرێت و نەخشەیەكی ڕێگە دروست بكرێت، بۆ ئەوەی لەسەردانی شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان (كە مەبەستی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بوو) بڕیاری سیاسیی یەكلاكەرەوەی لەسەر بدرێت.
ئاماژەكردنمان بەم باكگراوەندە وەك ئامادەسازی بۆ سەردانەكەی ئەمجارەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا، بۆ ئەوە بوو، دەست بخەینە سەر گرنگیی ئەم سەردانە لە گۆڕینی ئەقڵییەتی سیاسی بۆ حوكمڕانیی عێراق و دووبارە بونیادنانەوەی عێراق لەسەر بنەمایەكی دروستی دەستووری و ڕێگرتن لەوەی عێراق جارێكی دیكە بخزێتەوە ناو ئاژاوە و پاشا گەردانی. لەمبارەوە د.ئەحمەد شەریفی پسپۆڕی ئەمنی و ستراتیژیەتی سەربازی كە لەم ڕاپۆرتە قسەی بۆ كردووین، گوتی: «ئەم سەردانەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا لەوە گەورەترە كە تەنیا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بێت، بەڵكو ئەم سەردانە بەرەنجامی خوێندنەوەیەكی ورد و قووڵی سەرۆك بارزانییە بۆ گۆڕانكارییەكانی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و ناوچەكە، بۆیە ئەم سەردانە بە ترووسكایەكی ئومێد دادەنرێت، كە دەیەوێت ڕێگە لەوە بگرێت جارێكی دیكە عێراق بخزێتەوە ناو ئاژاوە و پاشاگەردانییەوە. ئەم سەردانە بۆ ئەوەیە بە سەركردەكانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی بڵێت، دوو دەیەیە لەسەر دەستوور ڕێككەوتووین و گەلانی عێراق پەسەندیان كردووە، هێشتا وەك 20ساڵ پێشە و تا ئێستا جێبەجێ نەكراوە و هەنگاوێك بۆ دووبارە بونیادنانەوەی عێراق وەك دەوڵەتێكی فیدڕاڵی هەڵنەگیراوە».
كەواتە ئەم لێدوانانە جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، كە لە ماوەی ئەو چەند مانگەی لەسەر ئاستی كۆی لایەنە سیاسییەكانی عێراق (بە كورد و شیعە و سوننەوە) ئامادەسازی كراوە بۆ ئەم سەردانە مێژووییە و بێگومان سەرۆك بارزانی مەرجی خۆی هەبووە، پێش ئەوەی ئەم سەردانە بكات و ئەو مەرجانەی كە لە ئاكامی ئەم سەردانە گرنگە پسپۆڕان شرۆڤەی دەكەن و هەڵوەستەی لەسەر دەكەن بریتین لە:
1- دەبێت هەموو پێكهاتەكانی عێراق (بە كورد و شیعە و سوننەوە) لە چوارچێوەی پرانسیپی «هاوسەنگی، هاوبەشی، پێكەوەسازان» و لە چوارچێوەی دەستووری عێراقیدا بەشدار بن لە بەرێوەبردنی ئەو نیشتمانەی پێی دەگوترێت «دەوڵەتی فیدڕاڵیی عێراق».
2- لایەنە سیاسییە جیاوازەكانی (كورد، سوننە، شیعە) ناكۆكییە لاوەكییەكانیان وەلا بنێن و لە پێناوی بەرژەوەندیی باڵای ئەم نیشتمانە، دامەزراوەكانی دەوڵەت دووبارە بەهێز بكرێتەوە، لەم بوارەشدا زۆر بە پەرۆشی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە پێویستە لایەنە سیاسییەكانی عەرەبی سوننە لە ناوخۆیاندا لەسەر كاندیدێك بۆ سەرۆكی پەرلەمان ڕێك بكەون و چیتر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بەتاڵ نەبێت و دەبێت سەرۆكێكی عەرەبی سوننە پڕی بكاتەوە.
3- لاپەڕەیەكی تازە هەڵبدرێتەوە لەسەر بنەمای گیانی لێبوردەیی و لێكتێگەیشتن و یەكتری قبووڵكردن، بۆ ئەمەش سەرۆك بارزانی تەنیا لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی – شیعەی ئەقڵانی- كۆنەبووەوە، بەڵكو لەگەڵ گرووپەكانی –شیعەی چەكدار-یش كۆبووەوە.
سەبارەت بە كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی لەگەڵ گرووپە چەكدارەكانی شیعە، د.حەیدەر ئەللامی سەركردە لە دەوڵەتی یاسا و نزیك لە گرووپە چەكدارەكانی شیعە، بۆ ئەم ڕاپۆرتە پێی ڕاگەیاندین «سەرۆك بارزانی بە كۆبوونەوەی لەگەڵ گرووپە چەكدارەكانی شیعە، ئەو گروپانەی كە پێشتر بە ڕۆكێت و درۆن هێرشیان دەكردە سەر هەرێمی كوردستان، سەلماندی كە ڕۆڵی باوكایەتی بۆ هەموو عێراق دەگێڕێت و ئەو كاریزمایەیە كە توانای كۆكردنەوەی هەموو عێراقییەكانی هەیە و لە ئێستادا هەموو عێراق پێویستی پێیەتی».
لایەنێكی دیكە كە وەك بەرەنجامی ئەم سەردانە شرۆڤەی بۆ كراوە، ئەوەیە كە كاریزمای سەرۆك بارزانی كەسایەتییە مەزنەكەی هەمیشە وابووە كە لەگەڵ بەرانبەر ڕاستگۆیە و ڕێز لە قسە و ئیمزای خۆی دەگرێت و ئەو بەڵێنەی دای، جێبەجێی دەكات. لەمبارەوە پ.د.غالب ئەلدەعمی لە زانكۆی ئەهل بەیت و توێژەری كاروباری سیاسی لەم ڕاپۆرتەدا پێی گوتین: «بەڕێز مسعود بارزانی، سەلماندوویەتی كە سەكردەیەكی هاوسەنگە، ڕاستگۆیە و كەم لێدوان دەدات و لەناو هێزە سیاسییە عەرەبییەكانی عێراقیش شكۆ و ڕێزێكی گەورەی هەیە. ئەمە بەبێ لەبەر چاوگرتنی ئەوەی لێرە و لەوێ دەنگێك هەیە ڕەخنەی لێ دەگرن، كە پێدەچێت دەستیان لە پشت بدرێت، بەڵام سەرەنجام من مەزندە دەكەم، ئەم سەردانە لە كاتێكی زۆر باشدا بوو، دەبێتە هۆكاری ئەوەش كە كەشێكی ئەرێنی دروست بكات، ئەمەش نەك تەنیا لەگەڵ لایەنە شیعەكان و حكومەتی عێراق، بەڵكو لەسەر ئاستی هەموو پرۆسەی سیاسیی عێراق».
ئەو ساتەوەختەی كە سەرۆك بارزانی سەردانی ئەمجارەی بۆ بەغدا ئەنجام دا، تەواو لە هاوشێوەی كۆنگرەكانی ئۆپۆزیسیۆنی ساڵی 2002ی «لەندەن، پاریس» دەچێت. ئەو كات بە لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی (كە ئێستا لە دەسەڵاتدان) گوت: «بیر لە ئایندەی عێراق بكەنەوە، نەك تۆڵەسەندنەوە و دەوڵەت بونیاد بنێننەوە، نەك شەڕی خوێناوی دروست بكەن»، لە سەردانی ئەمجارەشیدا هەمووان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە پەیامی سەرۆك بارزانی دووپاتكردنەوەی ئەو لۆژیكە بووە «بیر لە ئایندەی عێراق بكەنەوە و كۆتایی بە شەڕ و ڕق و كینە بێنن».
د.حەیدەر ئەللامی لە لێدوانەكەیدا بۆ ئەم ڕاپۆرتە پێی گوتین: «لە دیدارێكمدا لەگەڵ سەرۆك بارزانی بەسەرهاتێكی بۆم گێڕایەوە و گوتی: دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام، پێمگوتن كێ لە هەموو كەسێك زیاتر خراپەی بەرانهبەر كورد و بارزانییەكان كردووە، پێیم بڵێن؟ گوتیان «فڵانە كەس»، من چووم بۆ ماڵی ئەو كەسە و لە ماڵەكەی ئەو نانم خوارد و پێمگوت: ئەم نانەی لەم ماڵە دەیخۆم، وەك ئەوەیە گۆشتی میللەتەكەی خۆم بخۆم، بەڵام لەم بارودۆخە پێویستە هاوسەنگ بم، بۆ ئەوەی بتوانین لەم نیشتمانە پێكەوە بژین»، ئەمەیە كەسایەتی و كاریزمای سەرۆك بارزانی كە تەنیا ئەو دەتوانێت ڕۆڵی باوكایەتی بۆ هەموو عێراق بگێڕێت.
ئەم هەڵوەستەكردنەی د.حەیدەر ئەللامی كە خۆی نزیكە لە گرووپە چەكدارەكانی شیعە، لەسەر لۆژیك و لێبوردەیی سەرۆك بارزانی، كاردانەوەی دوای كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانییە لەگەڵ سەركردەی گرووپە چەكدارەكانی شیعە، بە ئاستێك سەرسامی كردووە كە خۆی دەڵێت، ئەو گرووپانەی بە ڕۆكێت و درۆن هێرشیان دەكردە سەر هەولێر، بەڵام سەرۆك بارزانی لاپەڕەی تازەیان لەگەڵدا هەڵدەداتەوە و دەیەوێت دووبارە عێراق بونیاد بنێتەوە، كە بێگومان وەك سەركردەكانی شیعە خۆیان دەڵێن، بە بێ لۆژیكی باوكانەی سەرۆك بارزانی هەرگیز ئەو عێراقە بونیاد نانرێتەوە كە هەموو پێكهاتە جیاوازەكان بە نیشتمانی خۆیانی بزانن.