سەرۆکی هەرێمی کوردستان : ئاڵای کوردستان هەموومان لەپێناو ئامانجێکی پیرۆزدا یەک دەخات
لە ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: ئاڵا ناسنامە و شکۆی نیشتمانمان بەرجەستە دەکات و وێڕای جیاوازییەکان، هەموومان پێکەوە کۆدەکاتەوە و لەپێناو ئامانجێکی پیرۆزدا یەکمان دەخات.
سێشەممە 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەڕێوڕەسمی ڕۆژی ئاڵادا لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا گوتی: ڕۆژی ئاڵا لای کوردستانیان، بۆنەیەکی بەرز و پیرۆزە، تێیدا ڕێز لە هێمایەکی زیندوومان دەگرین کە ناسنامە و شکۆی نیشتمانمان بەرجەستە دەکات و وێڕای جیاوازییەکان، هەموومان پێکەوە کۆدەکاتەوە و لەپێناو ئامانجێکی پیرۆزدا یەکمان دەخات.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: ئەم ئاڵایە کە بە ڕەنگە گەش و جوانەکانی و خۆری زیڕینی، پەیامی خەبات و ئاواتەکانی گەلی کوردستان بەهەموو پێکهاتەکانی هەڵدەگرێت، گوزارشت لە نیشتمان و شکۆداری و پێکەوەیی و هاوچارەنووسی و تەواوی کوردستانیان دەکات.