ئاگر لە هۆتێلێک لە ناوچەیەکی گەشتیاری تورکیا کەوتەوە و بەهۆیەوە ٦٦ کەس گیانیان لەدەستدا
ئاگر لە هۆتێلێکی نزیک شوێنی خلیسکێنەی سەر بەفر لە چیای بولو لە تورکیا کەوتەوە و بەهۆیەوە ٦٦ کەس گیانیان لەدەستدا و بەشێک لە گەشتیارانی ترساو ناچاربوون لە نیوەی شەودا لە پەنجەرەی هۆتێلەکانەوە باز بدەنە دەرەوە.
عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا لەکاتی بەشداریکردنی لە شوێنی خلیسکێنەی کارتالکایا لە باکووری ڕۆژئاوای تورکیا ڕایگەیاند، جگە لەوەش نزیکەی 51 کەسیش برینداربوون.
بە گوتەی دەسەڵاتدارانی تورکیا، ئاگرەکە نزیکەی کاتژمێر 3:30 خولەکی بەیانی بە کاتی ناوخۆ لە نهۆمی یەکەم کە چێشتخانەی هۆتێلەکەی لێیە، کەوتۆتەوە. هۆتێل گراند کارتال، شوێنی ئەم ڕووداوە، ١٢ نهۆمی هەیە.
چەندین ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و ئەمبولانس باڵەخانەی هۆتێلەکەیان گەمارۆداوە، کە ڕووبەرەکەی لە دار دروستکراوە و بڵێسەی ئاگری گرتووەتەوە.
سەرنشینێکی هۆتێلەکە بە کەناڵێکی تەلەفزیۆنی تورکیای ڕاگەیاند، چەندین کەس لە نهۆمی سەرەوەدا هەبوون، لە پەنجەرەکانەوە وەستابوون بۆ ئەوەی هەڵبێن. گوتیشی: "کاتێک ئاگرەکە نزیک بووەوە، یەکسەر بازیان دا".
سەرنشینێکی دیکە دەڵێت، ئەو و خێزانەکەی بەهۆی ئاگرەکەوە لە خەو هەڵساون بەڵام گوێیان لە زەنگی ئاگادارکردنەوە نەبووە، دواتر چوونەتە ناو رێڕەوەکانی پڕ دوکەڵ و لە کۆتاییدا لە پەنجەرەیەکی نهۆمی خوارەوە بازیانداوەتە سەر بەفرەکە.
بە وتەی وەزیری ناوخۆی تورکیا، لەکاتی ئاگرکەوتنەوەکەدا 238 سەرنشین لەم هۆتێلەدا ئامادەبوون.
بەپێی هەواڵەكان، پاشنیوەڕۆی سێشەممە هێشتا دوکەڵ لە هۆتێلەکەوە دەهاتە دەرەوە.
وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە نزیکەی ٤٥ خولەک دوای یەکەم پەیوەندی دەستیان بە کوژاندنەوەی ئاگرەکە کردووە.
هەروەها ئەم ڕووداوە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
ئەم ئاگرکەوتنەوەیە لە هەمان کاتدا لەگەڵ پشووی قوتابخانەکان ڕوویداوە.
شایەنی باسە كە زۆرێک لە خێزانەکانی ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە بۆ یاری خلیسکان دەچنە شاخەکانی بولو.
گوڵان: سەردار خەلیل