د.ئومێد سەید ساڵح چاودێری سیاسی: بێجگە لە دروشمەكانی پارتی، حزبەكانی دیكە دروشمەكانیان هەڕەشە بوو لە كۆی پرۆسەی سیاسیی كوردستان

د.ئومێد سەید ساڵح چاودێری سیاسی:  بێجگە لە دروشمەكانی پارتی، حزبەكانی دیكە دروشمەكانیان هەڕەشە بوو لە كۆی پرۆسەی سیاسیی كوردستان

 

 

بەر لەوەی باس لە پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین، دەخوازم باس لە گرنگیی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان و جەخت لەسەر گرنگیی ئەم هەڵبژاردنە بكەمەوە. هەڵبژاردنی ئەمجارە دوای دواكەوتنی دوو ساڵ و هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، لە ساتەوەختێكی هەستیار و لە ناوچەیەكدا كە بە بارودۆخێكی ئاڵۆز و شەڕدا تێدەپەڕێت، بۆیە خۆی لە خۆیدا هەنگاوهەڵگرتن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ساتەوەختێكی هەستیار و ناسك و سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنیش بەو سەركەوتووییەی بینیمان، ئەوە بە هەنگاوێكی بوێرانە هەژمار دەكرێت و فەزڵەكەشی دەگرێتەوە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان كە وەك گەورەترین پارتی سیاسیی لە هەرێمی كوردستان بەرپرسیارانە شانی دایە بەر و نەیهێشت گوتاری پۆپۆلیستییانە و تێكدەرانەی ناو هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن، ئاشتی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان تێك بدات، بۆیە بەڕاستی ئەمە سەركەوتن و دەسكەوتێكی گەورە بوو.

سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە مەزندەی من حكومەتی داهاتوو بە خێرایی پێك ناهێنرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە حزبەكان لە قەوارەی ئەو دەنگ و كورسییانەی هێناویانە زیاتر داواكاری دەكەن، ئەمەش پرۆسەكە قورس دەكات و ماوەیەك دەخایەنێت، هەتا ڕێككەوتن لەسەر پێكهێنانی كابینەی دەیەم دەكرێت.

لێرەوە ئەگەر بگەڕێینەوەی بۆ دروشمی حزبە سیاسییەكان لە میانەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی كوردستاندا، دەبینین بێجگە لە دروشمەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كە بانگەشەی بۆ بەردەوامیی كاروانی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیان دەكرد، حزبەكانی دیكە دروشمەكانیان بریتی بوون لەوەی كە هەڕەشەیان لە كۆی پرۆسەی سیاسیی كوردستان دەكرد و دەیانگوت «دەیڕووخێنین، ڕای دەگرین و...هتد»، بەڵام ئاكامی متمانەی خەڵكی كوردستان بەو حزبانە دەری خست، كە ئەو حزبانە قەوارەیان هێندە گەورە نییە، تا بتوانن دروشمە شەڕانگێزییەكانیان جێبەجێ بكەن.

بۆیە گەلی كوردستان زۆرترین متمانەی دایە پارتی دیموكراتی كوردستان كە لەناو گەرمەی پرۆسەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن لەسەر زاری سەرۆك بارزانی بانگەشە بۆ «یەك هەرێم، یەك پەرلەمان، یەك حكومەت، یەك هێزی پێشمەرگە» دەكرا. لە پێكهێنانی كابینەی دەیەمیشدا وێڕای تایبەتمەندیی بارودۆخەكە كە بەرەو هەڵبژاردنێكی دیكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەنگاو هەڵدەگرین، هەروەها دانوستاندن لەگەڵ داواكارییە زۆرەكانی حزبە سیاسییەكان دەكەین، بەڵام سەرەنجام هەر ئیرادەی خێری سەرۆك بارزانی سەر دەكەوێت و حكومەتێكی بەهێز لەسەر بنەمای «یەك هەرێم، یەك پەرلەمان، یەك حكومەت، یەك هێزی پێشمەرگە» پێكدەهێنرێت، ئەم حكومەتە بەهێزە دەبێتە فاكتەریكی گرن بۆ سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و تەواوی عێراقیش، بۆیە وەك بینیمان بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی هەر دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان، سەردانی هەرێمی كوردستان كرد و دوای ئەوەی لەگەڵ سەرۆك بارزانی و لایەنە سیاسییەكان كۆبوونەوەی كرد، داوای كرد زۆر گرنگە كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بە زوویی پێكبهێنرێت.

 

Top