ئایا شەكر مەزاج باشتر دەكات؟

ئایا شەكر مەزاج باشتر دەكات؟

   ئەمە ڕوونە كە شەكر بۆ تەندروستی باش نییە، گەلێك سەرچاوە بە ژەهری سپی ناوی دەبەن، بەڵام گەلێك كەس لەكاتی بێزاری و دڵتوندیدا پەنا بۆ خواردنی شیرینی دەبەن و هەست بە جۆرێك هێوربوونەوە و ئارامی دەكەن، ئایا لە ڕاستیدا شەكر یان شیرینی مەزاج باشتر یان خۆشتر دەكات؟ لێكۆڵینەوەیەكی نوێی زانكۆی هەمبۆلتی ئەلمانی Humboldt لە بەرلین و هەروەها لێكۆڵینەوەیەكی بەریتانی جەختیان كردووەتەوە كە نەگەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە خواردنی شەكر مەزاج باشتر بكات، بەڵكو بە پێچەوانەوە شەكر یان شیرینی مەزاج خراپتر دەكات، هەروەها هاندەرە بۆ هەستكردن بە ماندووبوون و كەمبوونەوەی ئاستی ئاگایی Alertness كە پاش یەك كاتژمێر لە خواردنی بڕێكی مامناوەندیی شەكر یان شیرینی هەستی پێ دەكرێت. لە لێكۆڵینەوە ئەلمانییەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە (هەستكردن بە باشتربوونی مەزاج باش خواردنی شەكر) بنەمایەكی زانستیی نییە، بەڵكو تەنیا وەكو كاریگەرییەك لە كەلتووری باودا بووەتە مەسەلە، ئەگینا پێچەوانەكەی ڕاستە لە لایەنی زانستییەوە. پێویستە ئەمەش لە یاد نەكرێت كە زیانەكانی شەكر بۆ تەندروستی زۆرن وەكو: كلۆربوونی ددان، زیادبوونی ئەگەری هەوكردن بە كەڕووەكان لەبەر كزبوونی سیستمی بەرگریی لەش، بەرزبوونەوەی ئاستی چەوریی گلیسریدە سیانییەكان لە خوێندا، پەیدابوونی بەرگریی خانەكانی لەش بۆ هۆرمۆنی ئینسولین و زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دوو، زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی، لەگەڵ زیادبوونی ئەگەری نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان.

Top