ئاداری ئەمساڵ تایبەتترە

ئاداری ئەمساڵ تایبەتترە

فەرهەنگ غەفوور

مانگی ئادار لە ناو گەلی كورددا مانگێكی زۆر تایبەتە، بەوەی زۆرترین یاد و ڕووداوی شاد و خەمگین، سەركەوتن و شكست، جەژن و مەرگەساتی جیاجیای تێدایە، سەری ساڵی كوردی و جەژنی نەتەوەیی كورد لە مانگی ئاداردا، یادی لەدایكبوونی ڕابەری كوردان مستەفا بارزانی-یە و یادی كۆچی ماڵئاواییشی هەر لەم مانگەدایە، كیمیابارانی هەڵەبجە و ڕاپەڕینی خەڵكی باشووری كوردستان، یادی ڕۆژی ئافرەتان و چەندین یادی دیكەی تاڵ و شیرین لەم مانگەدا سەبارەت بە كورد و كوردستانییان كۆ بوونەتەوە، بۆیە ئەم مانگە تایبەتمەندیی جیاواز لە هەموو مانگەكانی دیكەی هەیە بۆ كورد، بەڵام ئەمساڵ و بۆ یەك دوو ساڵی دیكەیش تایبەتمەندییەكە بەهۆی ڕێكەوتی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لە ناو ئەم مانگەدا تایبەتمەندیی دیكەی پێ بەخشیوە و زایەڵەی (یا ڕەسولەڵڵا پاشای مەدینە) ئاوێتەی (ئەمڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە) و (وەی لۆ لۆ وەی لۆ لۆ ئەزی داكەتم كەل و كاشخانا) و (بەتەنیا جێم مەهێڵە ئەمشەو زریان دەمچێنێ) دەبنە ئەو ئاوازانەی دەڕژێنە ناو ڕۆح و دەروونی مرۆڤی كورد، كە ڕەنگە جگە لەم یەد دوو ساڵە، تا چەندیین ساڵی دیكەی دوور ئەو تێكەڵبوونە ڕۆحییە لە هەردوو دیوی ئایینی و نەتەوەیی وەها یەكانگیر نەبنەوە، بۆیە ئەم ئادارەی ئەمساڵ دەكرێ بە ئادارە ڕۆحییەكەی كورد بناسێنین.

ئەم زایەڵەی ئەمساڵ زایەڵەیەكی تایبەتە لە سرووشت و سروودی كوردی و سرووتی ئایینی، كە مرۆڤی كورد لە ئاست خۆی پڕ دەكا لە جۆش و خرۆشی هەم شاد و هەم خەمگین.

ئەم یاد و بۆنانەی لە مانگی ئاداردا كۆبوونەتەوە، هەموویان مایەی ئەوەن كە تێكڕای تاكەكانی كورد و لایەنەكانیش لە یەك نزیك بكاتەوە و هەمیشە ئەو یادانە هەوێنی پێكەوەیی و تەبایی بوون، جەژنی نەورۆز، یادی مستەفا بارزانی، یادی هەڵەبجە و تێكڕای یادەكانی دیكە، هەمیشە وایان كردووە كورد لە دەوری یەكتر كۆببنەوە و بەیەكەوە ئەو یادانە بكەنەوە، جا كە ئەمساڵ مانگی ڕەمەزانی پڕ عیبادەتیشی كەوتووەتە ناو و ڕەمەزانیش بە هەموو سرووتەكانەوە هەمیشە مانگی برایەتی و خۆشەویستی و كۆمەك و هاوكاری و گەرەدەن ئازادیی نێوان تاك و كۆی خەڵك بووە، بۆیە ئەم ساڵ ئەم مانگی ئادارە بەو هەموو تایبەتمەندییە، ئەو ڕۆحییەتی برایەتی و تەباییە لە ناو گەلەكەماندا زیاتر دەكات و هەموویان لەدەوری یەك بەرنامە و دیدگە بۆ ئایندەی گەشی كوردستانی كۆ دەكاتەوە، مەگەر كەسانێك بە تەوای لە هێڵ و ئامانج و پرنسیپی كوردبوون لایاندابێت و چووبنە بەرەی دوژمنان و داگیركاران، كە هەڵبەتە نە بەخششێكیان پێ دەبڕێ و نە لە كۆتی دیلی و ملكەچییش دەربازیان دەبێ و لە ڕەزالەت و سەرشۆڕیی زیاتر هیچی دیكەیان پێ نابڕێت.

بۆیە ئەم مانگە دەرفەتێكی زێڕینە بۆ ئەوەی هەموو ئەوانەی هەستی مرۆیی و هەستی نیشتمانی و هەستی نەتەوەیی و كوردبوونیان لە ڕۆحدا هەیە، كە لە بازنەی كوردبوون و كوردستانیبووندا، لەسەر سفرە و مێزی برایەتی دابنیشن و برایەتی و یەكگرتووی و تەبایی بكەن بەو ئامرازە بەهێزەی، كورد پێی ڕووبەڕووی دوژمنان و داگیركراران ببنەوە.

لەوەتەی كورد هەیە، لەم مانگی ئادارە، كاتێ سروشت خۆی نوی دەكاتەوە، مرۆڤی كوردیش ڕۆحی نوێ دەبێتەوە و خوێنی و هەستێكی نوێی دێتەوە ناو دڵ و دەروون و بەهێزتر و پتەوتر هەنگاو بۆ ئامانجەكانی دەنێ، بۆ ئێستاش لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستمان بەو ڕۆحییەتە بەرزە و ئەو هەست و خرۆشانە نەتەوەییە هەیە، بەتاییبەت كە دوژمنەكانمان بە هەموو شێوەیەك هێرشیان بۆ سەر قەوارەی ئازاد و دیموكراسییەكەی هەرێمی كوردستان دەست پێ كردووە و هەموو ڕێگەكانیان گرتووەتەبەر، بە ئومێدی ئەو خەونەی بتوانن شكست بە كورد و حكوومەت و دەسكەوتەكانی بهێنن، بێئاگا لەوەی كە هێز و دەسەڵاتی لەوان بەهێزتر و دڕتر نەیانتوانی بەو خەونەیان بگەن و ئەمانەش پێی ناگەن، جا چ پشتیان بە هێزگەلی دەرەكی یان زڕەكوردی ناوخۆیی بەستبێت، چونكە كورد وا خوڵقاوە، بۆ هەموو زەمان و سەردەمێك هەر ئامادەی بەرگری و قوربانیدانە بۆ مانەوەی خۆی و ئازادی و سەربەخۆیی خۆی، كە ئەگەر ئەمڕۆ بە بەشێك لەو خەونەی گەیشتبێ، ئەو ڕۆژگارەش دێ كە بە خەونی گەورەتری بگات، هەرچەندە دوژمنی زۆربن و تاكتیك و ستراتیژی كاتی و دوورمەودا، بە پاڵپشتیی ئیقلیمی و ناوخۆیی لە بۆردومان و نانبڕین و فشاری جۆراوجۆر و گەلەكۆمەكی بەرامبەر بە خەڵكی سەرفرازی كورد و حكوومەتە خۆڕاگرەكەی بگرنە بەر.

لایەنێكی دیكەی مانگی ئادار وەك ئاماژەم پێی دا، سروشتی خواكردی دڵڕفێنە، كە ئەرك و بەرپرسیاریی هەموومانە بیپارێزن و پاك و خاوێن ڕایبگرین، بەتایبەت كە ئەم مانگە گەشت و سەیرانی بەكۆمەڵی خەڵك بۆناو سرووشت، بەرنامەی تەواوی خەڵك بۆ ناو ئەم مانگە دەبێ و پێویستە ئەم ژینگە جوان و پاك و خاوێنە بە پاكی بپارێزین و نەبینە مایەی پیسبوون و تێكدانی ژینگە و سرووشتی خواكردی بەهاری كوردەواری.

ماوەتەوە كە پیرۆزبایی گەرم لە تەواوی كوردستانییان بكەین، بۆ تەواوی یادە شاد و سەرفرازەكان و هەمیش بۆ هاتنی مانگی پڕ عیبادەتی ڕەمەزان، دڵنەوایی و هاوبەشیی هەموو ئازار و خەمەكانی تاك بە تاكی گەلەكەشمان بین لەم مانگەدا، بۆ هەموو یادە مەرگەساتبارەكان.

Top