هەولێرى پایتەختى کوردستان لە سەر نەخشەى دیپلۆماسیەتى جیهانى

هەولێرى پایتەختى کوردستان لە سەر نەخشەى دیپلۆماسیەتى جیهانى

هەموو ئاماژە و رووداو وپێشهاتەکانى چەند ساڵى رابردوو و بە ئێستاشادوە ، دەرخەرى ئەو راستییەن کە ، گۆڕانکارى گەورە و لێکدابڕانى لە ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە ئاڕادان ، رەنگە ئەم کەلتوورە مێژووییەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئەزموونێکە کە بەکردەوەش سەلمێنراوە کە چیتر گەلى کورد لە پەراوێزى گەمەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا نین ، چونکە ئێمەى کورد بەخەبات و قوربانیدان و خۆڕاگریمان بەرامبەر هەموو ڕەشەبا و قەیران و هێرش وگەمارۆکان هاتووینەتە نێو جەرگەوە ، بۆ هەتا ئەوانەى کە کاراکتەرى بەهێزن لە داڕشتنەوە و گۆرانکاریی جیۆسیاسى باش دەزانن کە رۆڵى کورد لە ناوچەکە دا رەنگدانەوەى خۆى هەیە ، بووەتە یاریزانێکى دیار و چارەنووسسازیش .
بەتایبەتى کە لەماوەى زیاتر لە یەک سەدە دابەشکردنى نەتەوە و خاک و ئینجا هەوڵى زۆر بۆ ڕێشەکێشکردن و ئاوێتەکردن لەگەڵ گەل ونەتەوەکانى غەیرە کورد و بەکارهێنانى هەموو جۆرە ئامرازێک بۆ پەراوێزخستن و شوێن بزرکردنى بەڵام رۆحى سازش نەکردن وقوربانیدان لە پێناو مانەوەى شووناس و بوونى کورد وگڕتنەبەرى سیاسەت و دیپلۆماسى بێ وچان وایکردووە کە نکۆڵى کردن لە پرسى کورد ئەستەم بووە .
لە ماوەى 33 ساڵ حکومڕانى هەرێمى کوردستان سەرکردایەتیی سیاسى کوردستان وبەتایبەتى سەرۆک بارزانى رۆڵى گرنگ و بەرچاویان لە بەرەو پێشبردنى دۆزى کورد وشوناسەکەى لە ڕووى دیپلۆماسییەوە بە هەموو جیهان بینیووە و ئەوەش وایکردووە کە ئەمڕۆ هەولێرى پایتەختى کوردستان ببێتە ناوەندێکى گرنگ وستراتیژى لە بڕیارە گرنگ و چارەنووسسازەکان چ لە رووى سیاسى و ئەمنى و ئابووریشەوە .
بوونى چەندین کۆنسوڵخانە و نووسینگەى وڵاتانى زڵهێزى دوونیاو ناوچەکە و هەروەها دەیان کۆمپانیایی بازرگانى وپیشەسازى ناودارى جیهانى وایکردووە کە سەنگ و پێگەى هەرێمى کوردستان زیاتر بکات و سەرنجى زیاترى بۆ پەرەپێدانى پەیوەندیی دیپلۆماسی وئابوورییەکان لەسەر بێت ،سەردانى چەندین سەرکردەى وڵاتان و وەزیرى و گەورەبەرپرسان لە سەر ئاستى ناوچەکە و نێودەوڵەتیی گەواهیدەرن کە گەلى کورد رۆژ بە رۆژ شوێنى خۆى لە ناوەندە گرنگەکانى جیهان کردۆتەوە و پەراوێزخستنى ئەستەمە .
بەتایبەتى هەولێرى پایتەختى کوردستان ئەمڕۆ لە سەر نەخشەى دیپلۆماسیەتى جیهاندایە کە دەربڕى کۆمەڵطەى نێودەوڵەتییە ، لە بەرى هیچ دەوڵەتێکدایە و نەدەبێتە پرۆکسى شەڕى زڵهێزان و وڵاتانى ناوچەکە وجیهان ، چونکە لە دەستێکى ئەمین و سەرکردایەتییەکى ژیرانەى بارزانییە ، بۆیە، هەموو ترافیک و جوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کوردستان و پێچەوانەکەى ئاماژەن بە بوونى قەوارەیەکى متمانەپێکراو وخاوەن بڕیار.
ڕاستە ئەو وڵاتانەى کە خاک و نەتەوەیی کوردستانیان بە سەر دا دابەشکراوە ، رەنگە هەرگیز حەز بە بوونى قەوارەیەکى بەهێز و گەورە نەکەن ، بەڵام نابێت ئەوەمان لە بیر نەچێت کە هەرێمى کوردستان ، قەوارەیەکى یاسایی ودەستوورییە و گڕتنەبەرى ئەو سیاسەت ودیپلۆماسییەتەى سەرکردایەتى سیاسى کورد و شێوازى دیپلۆماسییانەى وایکردووە کە هەنگاو بەهەنگاو گۆڕانکارى لە زێهینەیەتى دراوسێیەکانى دروست بکات ، لە بەرژوەندى دۆزى رەواى کوردوکوردستان.سەردانى فەرمى رەجەب تەیب ئەردۆغان ، سەرۆککۆمارى تورکیا بۆ هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان ، چ لە رووى سیاسى و چ دیپلۆماسى و پرۆتۆکۆڵییەوە ، ئاماژەیەکى روونە کە هەرێمى کوردستان خاوەن قورسایی و ژەمارەیەکى گەورەیە لە ناوچەکەدا و سەقامگیرى هەولێرى پایتەخت بەندە بە سەقامگیرى هەموو ناوچەکە
لەلایەکى دیکەوە ،ئەو سەردانەى سەرۆککۆمارى تورکیا بۆ هەرێمى کوردستان لەکاتێکدایە کە لەماوەى رابردوو دژایەتی وگوشارەکانى تاران و بەغدا دژ بە هەرێمى کوردستان چووە قۆناغێکى سەختەوە ، بۆیە هەلومەرجێکى باش وگونجاو دەرخسێنێت بۆ زیاتر بەهێزبوونى پێگەى هەرێمى کوردستان و زیاتر پێشکەوتنى ئابوورى و ئینجا سەقامگیرى ئەمنى و دانپێنانى و سەرکەوتنى ئەو دیپلۆماسییە هاوسەنگەى سەرکردایەتیی سیاسى کوردستان و دەرفەتێکى لەبارە بۆ زیاتر گەشەکردن بینینى رۆڵێکى کاریگەرى بونیاتنەرى لە لەناوچەیەکى پڕکێشە و ململانێکدا . ئەوەش هۆکارێکە بۆ زیاتر بەهێزبوونى قەوارەى هەرێمى کوردستان و سەلمێنەرى ئەو راستییە کە ئەگەر گەلى کورد خاوەن قەوارەى خۆى بێت ، هەرگیز نابێتە کێشە ومەترسى بۆ سەر هیچ گەل و نەتەوەیەکى تر لە ناوچەکە و بەتایبەتى بۆ دراوسێیەکانى ، هەروەها بۆ کەسایەتیی و قورسایی و سیاسەت ودیپلۆماسى بارزانى دەگەڕێتەوە کە بووەتە ئیرادە و پاڵپشتى گەلى کوردستان وئەزموونەکەى لە ناوچەیەکى پڕ کێشە وئاڵۆزدا .

Top