دەتەویت سەرۆک بیت یان سەرکردە؟

دەتەویت سەرۆک بیت یان سەرکردە؟

سەرۆک و سەرکردایەتی کردن بارتەقای مێژوی شارستانیەتی مرۆڤ کۆنە، سەرۆک و سەرکردایەتی کردن بەجۆرێک بە کۆمەڵگەکانەوە وابەستە بووە کە هیچ دەوڵەت و کۆمەڵگە و دامەزراوەی کارگیری و پارتی سیاسی و تەنانەت خودی خیزانیش بێ بوونی سەرۆکیک و کەسێکی سەرکردە بەڕێوە ناچیت.
گەر جاران تەنها لە بواری سیاسی و سەربازی سەرۆک و سەرکردە ڕۆڵی هەبوبیت و لە کۆمەڵگە پێی ناسرابیت ئەمرۆ بابەتی سەرۆک و سەرکردایەتی کردن بۆتە زانستیکی فراوان و تەواوی جومگەکانی کۆمەڵگەی گرتۆتەوە، ئەم دوو چەمکە گەرچی لێکەوە نزیکن بەڵام لە بنەرەتدا تەواو لیک جیاوازن لەم وتارەدا هەوڵەدەین هەردوو چەمکەکە شی بکەینەوە و بڕیار بۆ تۆی خوینەر بەجێ بهیڵین ئاخۆ لە ژیانکردنتدا دەتەویت وەک سەرۆک بژیت یان سەرکردە.

سەرۆک Head ship:
سەرۆک بریتیە لە کەسیکی پلە بەرزی دەوڵەتیک یاخود پارتیکی سیاسی یان دامەزراوەیەکی حکومی یان رێکخراویکی (نا حکومی) یان خێزان،کە یان بە شیوەیەکی سەپیندراو یا بۆماوەیی یاخود هەلبژیردراو بەرپرسیاریەتی وەردەگریت.

سەرکردە Leader ship:
سەرکردە بریتیە لەو کەسەی کە بە شێوەیەکی خۆرسک یاخود بە تواناو لێهاتووی خۆیی و کاریگەری بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگاوە بەرپرسیاریەتی دەکەویتە ئەستۆ.

جیاوازی نێوان سەرۆک و سەرکردە

١- کەسی سەرۆک پێگەیەکی فەرمیە و چەسپاوە بەسەر ئەو کەسانەی کە لە خوارەوەی ئەون، بەڵام سەرکردە دڵخواز و هەڵبژێردراوی تاکەکانە.
٢- مەرج نیە ئەو کەسەی دەبیتە سەرۆک دڵخوازی هەموان بیت، بەڵام سەرکردە هەڵبژیردراو پەسەندی دەوروبەرەکەیەتی.
٣- کەسی سەرۆک دەڵێت من بەڵام سەرکردە دەڵیت ئیمە.
٤- کەسی سەرۆک هەمیشە وابەستەی پۆست و پلە و پایەی کارگیڕییە، بەڵام کەسی سەرکردە هەمیشە پلە و پایەی خستۆتە خزمەت تاکەکانی کۆمەڵگا و ئەو کەسانەی لەگەلی کاردەکەن.
٥- سەرۆک توانایی سەرکردایەتی کردن و بریاردان داهینان و قەناعەت پێ هێنان و هاوسەنگی راگرتنی نیە، بەڵام سەرکردە توانای سەرکردایەتی کردن و بریاردان و توانای قەناعەت پێ هێنان و دروستکردنی کاریگەری لەسەر کەسانی دیکە هەیە.
٦- کەسی سەرۆک خاوەنی بیرۆکە و روئیا خۆی نیە، کەچی سەرکردە خاوەنی بیرۆکە و جیهان بینی تایبەت بە خۆیەتی.
٧- سەرۆک ئامانج و ئارەزوی کەسی هەیە، بەڵام سەرکردە ئامانجی هاوبەشی هەیە هەموان پێکەوە بە دەستە جەمعی هەوڵی بەدیهینانی دەدەن.

٨- کەسی سەرۆک پۆستەکەی دەخاتە خزمەت بەرژەوەندیە کەسیەکانی خۆی، بەلام سەرکردە هەمیشە بەرژەوەندی نیشتمان و هاوپیشە و هاوکارانی و ئەو دامودەزگایەی تیایدا سەرکردایەتی دەکات خستۆتە پێش بەرژەوەندیەکانی خۆی.

Top