پ. د. شوان محەمەدئەمین خۆشناو: پێویستە كەرتی تایبەت و حكومەت هاریكار بن بۆ دۆزینەوەی هەلی كار بۆ دەرچووان
پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر شوان محەمەدئەمین خۆشناو، بەرپرسی خوێندنی باڵا لە كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەڵاحەددین، لە دیدارێكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە ڕێكارەكانی بەكارخستنی توانای دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان لە هەلومەرجی ئێستادا دەكات، ئاماژە بەوەش دەكات كە وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانكۆكان پێویستیان بە بەستنی كۆنفڕانسێكی زانستی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەم پرسە و دواجار حكومەت پێویستە كار بە ڕاسپاردە و توێژینەوە زانستییەكان بكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
*وەك دەبینین لە هەرێمی كوردستان ڕێستۆرانت و چێشتخانەكان لە گەشەسەندندان و لەلایەكی دیكەوە لایەنی گەشتوگوزار لە فراوانبووندایە، كەچی تاوەكو ئێستا هەوڵ نەدراوە دەرچووانی بەشی گەشتیاری بەكاربخرێن. هۆكار چییە و چۆن ئەوە چارەسەر دەكرێت؟
- دیارە هەرێمی كوردستان سەرەڕای دەیان كێشەی كەڵەكەبوو زیاتر لە سی ساڵی ڕابردوودا، بەهۆی هەلومەرجی سیاسی و هەرێمی و نێودەوڵەتی لە لایەك و بارودۆخی ناوخۆیی لەلایەكەی دیكە و نەگەیشتووە بە هەرێمێكی تەواو دامەزراوەیی و بەربەستی زۆری بۆ دروست كراوە. زانكۆ لە وڵاتانی پێشكەوتووی دونیا ئاوەزی كارپێكراوە بۆ پێشكەوتنەكانی كۆمەڵگە و هێزی وڵاتەكانە، بەڵام وەك ئاماژەمان پێكرد، لە هەرێمی كوردستان ئەو سیستمە بە تەواوی بەركار نەبووە، تا بتوانین پێشبڕكێ لەگەڵ وڵاتە خاوەن كیان و قەوارە یاساییەكان بكەین. هاوكات فەرهەنگی خزمەتكردنی دڵسۆزانە لای تاكی كورد بە تەواوی بەرجەستە نەبووە، بۆیە زۆربەی گرفتەكان بۆ ئەم هاوكێشەیە دەگەڕێتەوە. لە وڵاتان بۆ ئەم پرسە چارەنووسسازانە، ئامۆژگای تایبەت هەیە، بە هەماهەنگی لەگەڵ زانكۆكان بە توێژینەی زانستی پلان دادەڕێژن و كار دەكەن بۆ كەمكردنەوەی ئەم ئاریشانە و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو.
* هۆی چییە خواستی قوتابیان لەسەر بەشە كشتوكاڵییەكان و مێژوو و جوگرافیا و فەلسەفە كەم بووەتەوە؟ ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە ئەو بەشانە بە بەشی دیكە پڕبكرێنەوە، كە هاوكار بێت لە دەستكەوتنی كار بۆ دەرچووانی زانكۆ؟
- دیارە دەرچووانی هەر بەشێكی زانستی پێویستە دەلیڤەی كاری بۆ بدۆزرێتەوە. زەوی سەرچاوەی داهات و بژێوی ژیانە، بەداخەوە كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان ڕوو لە كزییە و وەك پێویست سوودی لێ نەبینراوە، سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەكانی كابینەی نۆیەم بۆ هاندانی جووتیاران و كشتوكاڵكردن و بەبازاڕكردنی بەروبوومی خۆماڵی، بەڵام هێشتا لە هەرێمەكەمان شێوازی چاندن سەرەتاییە و ڕووبەرێكی بێ ئەندازەی خاكی بەپیت لە دەشت و دۆڵ و شاخەكانی كوردستان ڕووتە و سێبەرێكی تێدا نییە و سوودی لێ نەبینراوە. بۆیە دەرچووانی بەشی كشتوكاڵ بە نموونە باس دەكەین، دەرفەتی كاریان نییە، بەشەكانی دیكەش بە هەمان شێوە، مێژوو تیشكی ڕابردووە و داهاتوو ڕۆشن دەكاتەوە، لە هەرێمەكان ڕاوێژكردن بە پسپۆڕانی مێژوو نییە، دەرچووانی ئەم بەشە بە ڕێژەیەكی زۆر بە بێكاری دەكەونە بازاڕەكان و ئەوانەی لە مۆڵەكان و پاركەكان و بازاڕەكان كارێك دەكەن، دوور و نزیك پەیوەندی بە پسپۆڕییان نییە، چونكە ئەم بەشانە توێژەر پێدەگەیەنێت، نەك مامۆستا، چونكە وانەكانی دەروونزانی و وانەوتنەوەیان نەخوێندووە، بۆیە ئەم بەشە زانستییانە وەك شوێنەوار، مێژوو، فەلسەفە، كۆمەڵناسی، جوگرافیا و دەروونزانی دەرفەتی دامەزراندنیان زۆر كەمە و هەلی كاركردنیان بۆ ناڕەخسێت، ئەوەش دەبێتە هۆكاری كەمبوونەوەی خواستی قوتابیان. وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانكۆكان پێویستیان بە بەستنی كۆنفڕانسێكی زانستی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەم پرسە و دواجار حكومەت پێویستە كار بە ڕاسپاردە و توێژینەوە زانستییەكان بكات.
دەبێت كەرتی تایبەت و حكومەت هەماهەنگ بن لە چارەسەری دەرچووانی زانكۆكان لە هەموو بەشە زانستییەكان، چونكە دوای چوارساڵ خوێندن، هیچ دەرچوویەك نییە شتێك لە پسپۆڕی و بوارەكەی خۆی فێر نەبووبێت، بەڵام بە پەڕاوێزبوون و دانەمەزرانی، دوای چەند ساڵێك وای لێدێت، تەنیا هەڵگری بڕوانامەیەك بێت و پسپۆڕیی خۆی لەبیر بچێتەوە. بۆیە بەهەر شێوازێك بێت پێویستە بیر لە ئاپۆڕەیەك لە دەرچووانی دانەمەزراو و بێكار بكرێتەوە. سەبارەت بە نموونەكان دەربارەی دەرچووانی بەشی گەشتیاری، گومانی تێدا نییە، ئێمە كێشەی ستافی گەشتیاریمان هەیە لە هەرێمەكەمان، كە گەشتیاری كەرتێكە بڕبڕەی پشتی ئابووریی زۆرێك لە وڵاتانی جیهانە، ناوچە گەشتیارەكانی هەرێم بەراورد لەگەڵ شوێنانی دیكە بێ ناز و هەژارن لە ڕووی خزمەتگوزاری و پاكوخاوێنی و ستافی پێشوازی و بیرۆكەی ڕاكێشانی گەشتیاران، تەنانەت هەندێك جار لەم شوێنانە لە جیاتی گۆڕینی كەشێكی خێزانی بێزاری و خەمۆكی داتدەگرێت، بۆیە ئەگەر سوود لە تواناكانی دەرچووانی ئەم بەشە وەربگیرێت و بە شێوازی ستانداری زانستی بەڕێوەببرێت، بە دڵنیاییەوە كوردستان دەبێتە یەكێك لە تۆپی وڵاتە گەشتیارییەكان.
* ئەگەر سەیری ڕێژەی قوتابیانی كچ بكەین لە هەموو قۆناغەكانی خوێندن بە قۆناغی خوێندنی باڵاشەوە، دەبینین ژمارەی قوتابیانی كچ لە كوڕان زیاتر نەبن كەمتر نین، بەڵام لە بواری كاری حكوومی و سیاسی و بازاڕدا ئەو دەرفەتەی بۆ كوڕان و پیاوان فەراهەم دەبن، بۆ ئافرەتان فەراهەم نابن، هەروەها لەسەر ئاستی كاری ئەكادیمی و زانكۆكانیشدا هێندەی پۆستەكان بەر پیاوان دەكەون، هێندە بەر ئافرەتان ناكەون. ئایا وەك ئەكادیمییەك چۆن سەیری ئەم پرسە دەكەیت؟
- دیارە كچان و ژنان یان ئافرەتان ڕۆڵێكی كارایان هەیە لە دامودەزگا و فەرمانگەكان، بەڵام ڕێژەیان لە وەرگرتنی پۆستەكان كەمترە لە پیاوان، ئەوە بەشێكی پەیوەندی بە بونیاد و هەڵومەرجی سیاسی هەیە، كە ڕێژەیان دیاریكراوە، بەشێكی دیكەی پەیوەندی بە نەریتی بەڕێوەبردن هەیە لە ناوچەكە بەگشتی، بە هۆی ئەوەی بە شێوەیەكی گشتی پیاوان داینەمۆی بەگەڕخستنی سیاسەت و بەڕێوەبردن بوون و شەنگ و توانای سەربازی پیاو بووە و ڕووداوەكانی خوڵقاندووە و ڕەوتی مێژووی جووڵاندوە. ئەم شێوازە بیركردنەوانە، لە ئەزموونەكانی پێشترەوە سەرچاوەی گرتووە و تا ئاستێك ڕاستی تێدایە، بووەتە نەریت، جگە لە مەسەلەی ئایین و كۆمەڵێك باسی دیكە، لەگەڵ ئەوەشدا ئافرەتانی سەركەوتوو لە دامودەزگاكانی هەرێم توانیویانە شوێن و پێگەی خۆیان بكەنەوە و جێ پەنجەیان دیارە، ڕەنگە هەندێك كار هەبێت پێویستی بە توانای زیاتر هەبێت لە ڕووی جەستەییەوە بۆ كوڕان گونجاوتر بێت، ڕەنگە بەشێكی مەسەلەكە پەیوەندی بە جیاوازی ڕەگەزییەوە هەبێت، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی لە ڕووی توانای هزرییەوە هیچ جیاوازییەك لە نێوان دوو ڕەگەزەكە نییە، بەڵكوو ئافرەتی سەركەوتوومان هەیە لە شوێنی خۆی كە ڕەنگە پیاو وەك ئەوی پێنەكرێت، بۆیە دەتوانین بڵێین هەوڵ و تێكۆشانی تاكەكانە ڕۆڵ دەبینێت.
* ئایا لە هەلومەرجی ئێستادا بە چ میكانیزمێك دەتوانرێت دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان بەكاربخرێن و سوود لە تواناكانیان وەربگیرێت؟
- باشترین چارەسەر بۆ ئەم مەبەستە هاوكاریكردنی كەرتی تایبەتە بۆ حكومەت و دۆزینەوەی هەلی كارە، چونكە هیچ حكومەتێك ناتوانێت ئەم ڕێژە زۆرەی دەرچووان دابمەزرێنێت، بەڵكو دەلیڤەی كاركرن و دەستگیرۆیی كردنیان بۆ فەراهەم دەكەن، هەماهەنگی نێوانی كەرتی تایبەت و حكومەت بۆ خستنەگەڕی توانا و وزەی گەنجان، دواجار دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ڕێژەی بێكاری.
بەڕای من تەنیا بە بەستنی كۆنفڕانسێكی زانستی و نێودەوڵەتیی گەورە دەتوانین ئەو بارودۆخە چارەسەر بكەین و سوود لە تواناكانی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان وەربگرین، پاشان ڕاسپاردەكانی كۆنفرانسەكە بەركار بكرێت و كاری جددی لەسەر بكرێت.