بـــــڕیـــار پـــیـــرداود مـــەخـــمــووری: داوا لە هەموو كچێك دەكەم، لە پاڵ خوێندن پەرە بە بەهرەكانیان بدەن

بـــــڕیـــار پـــیـــرداود مـــەخـــمــووری:  داوا لە هەموو كچێك دەكەم، لە پاڵ خوێندن پەرە بە بەهرەكانیان بدەن

 

 

بڕیار پیرداود مەخمووری، كچە گەنجێكی دەستڕەنگین و پڕ وزەی شاری هەولێرە، ڕۆژانە فێركاریی و زانیاری دەربارەی خواردن دروست كردن بە تایبەت خواردنە كوردەوارییەكان لە پەیجە تایبەتەكانی بڵاودەكاتەوە. بڕیار پیرداود لە قەزای مەخموور لە دایكبووە و ئەو كچی فلكلۆردۆست پیرداود مەخموورییە، وەك خۆی باسی دەكات لە تەمەنی چوار ساڵییەوە لە هەولێر نیشتەجێن، دەرچووی زانكۆی سەلاحەدین كۆلیژی زمان/ بەشی زمانی كوردییە، لە ئێستادا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە فەرمانبەرە، لە دیمانەیەكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان چیرۆكی دەستڕەنگینی و هەنگاوە پڕ وزەكانی بە خوێنەران ئاشنا دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

«بەشانازییەوە كچی فلكلۆردۆست (پیرداود مەخمووری)م، هەمیشە هەوڵمداوە ناو و ناوبانگ و ڕێچكەكەی ون نەكەم، ئێمە سێ خوشك و سێ براین، لە تەمەنی چوار ساڵییەوە لە هەولێر دەژین، تەمەنی منداڵی و قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندییم لە گەڕەكی (نەورۆز) تەواوكرد. ڕۆژانە دوای دەوام جگە لە بەڕێوەبردنی پلاتفۆرمەكانم خەریكی كارەكانی ماڵەوەم، هاوكات بابم ئێستا تووشی نەخۆشی درێژخایەن بووە بەردەوام لەگەڵیدام».

بڕیار پیرداود سەبارەت بە ئەزموونی كارەكەی و هونەری چێشتلێنان و ئامانجی داهاتووی بەمجۆرە هاتەئاخافتن «هەرچەندە قسەكەشم دەبێتە تەقلیدی بەڵام ئەوە ڕاستییە هەر لە منداڵییەوە زۆر زەینم دەدا دەستی دایكم كە وەختێك خواردنی دروست دەكرد، تەنانەت ئەو كاتانەی لەگەڵ دەستەخوشكەكانم لە كۆڵان یاریمان دەكرد حەزم دەكرد خۆم بكەمە كابان و خواردنیان بۆ دروست بكەم، كە گەورەبووم ئەو حەز و ئارەزووەم ڕۆژ بە ڕۆژ زیادی دەكرد، بەردەوام لەسەر شێوازی جیاوازی خواردنەكانم دەكۆڵییەوە و تاقیم دەكردنەوە، چوار ساڵ پێش ئێستا پەیجی ئینستگرام و چەناڵی یوتوبم بە ناوی (Xwani.bryar.p) دانا، ڕۆژانە فێركاریی و زانیاریم دەربارەی خواردن دروستكردن بڵاودەكردەوە، پشت بە خوا ڕۆژێك دێت بینەرە خۆشەویستەكانم خواردنەكانم لە نزیكەوە دەخۆن و شوێنێكی تایبەت بەخۆمم دەبێت، گەورەترین ئامانجی من ئەوەیە ئەو خۆشەویستانەی چەند ساڵە فێركاری خواردنەكانم دەبینن بێن و لە نزیكەوە لە چێشتخانەكەمدا خواردنەكانم بخۆن و خزمەتیان بكەم، بەلام لە ئێستادا ئەو ئامانجەی كە پلانم بۆی داناوە بۆ كاتێكی نادیار ڕامگرتووە، ئەویش بەهۆی نەخۆشكەوتنی باوكم كە بە تاقیكردنەوەیەكی سەخت لەلایەن خوای گەورە تاقیكراینەوە، ئەلحەمدولیلا زۆر شوكر بۆ تاقیكردنەوەی خوای گەورە».

 لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا ئەو بەربەست و ڕێگرییانە چی بوون كە هاتنە سەر ڕێگەی دەركەوتنت؟ گوتی: «هەر كچێك و هەر ئافرەتێك لە چوارچێوەی ماڵ بێتە دەرەوە و كار بكات بەربەست دێنە سەر رێگەی كاركردنی، بەڵام دەبێت خانمان زۆر بەهێزبن و ڕووبەڕووی هەموو ئاستەنگەكان ببنەوە و كۆڵ نەدەن. من بەشبەحاڵی خۆم سوپاس بۆ خوا شكاندنی بەربەستەكانم ئاسانتر بوو، چونكە لە خێزانێك گەورە بووم هەر لە منداڵییەوە پێنووسم بە دەستی باوكمەوە دیتوە، بابم جگە لە پیشەی پیرۆزی مامۆستایی نووسەریش بوو لە بواری فلكلۆر، هاوكات برایەكانم كە دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانن ئەوانیش زیاتر شارەزاییان پێدەدام، لێرەوە زۆر سوپاسیان دەكەم».

بڕیار پیرداود مەخمووری سەبارەت بە هاندەر و پاڵپشتییەكانیشی دەڵێت: «هەر كچێك باب و دایك و برا و خوشكی پاڵپشتیان كرد، ئەوا ئەو كچە بەهێز تر دەبێت، ئەگەر ژیانیش زۆر هیلاكی بكات زیاتر هەوڵدەدات و بەردەوام دەبێت، بەم بۆنەیەوە دەمەوێ زۆر سوپاسی براژنەكانم بكەم ئەوانیش یارمەتیدەرن و هاوكاریم دەكەن، ئەو پیشە جوان و پیرۆزەی كە هەڵمبژاردووە كە ڕۆژانە زانیاری و فێركاری دەربارەی خواردن دروستكردن بڵاودەكەمەوە هیلاكییەكی زۆری دەوێت، چونكە ئەو فێركارییەی كە كە بینەر دەیبینێ ماوەكەی یەك خولەكە، ئەمن بەلای كەمەوە سێ كاتژمێر خەریكی خواردن دروستكردنەكە دەبم، بێجگە لە ڤیدیۆ چاككردن، بەڵام كە دەستخۆشی بینەرەكانم دەبینم دڵخۆش دەبم بەوەی كە توانیومە تائاستێك خزمەت بكەم».

ئەو خاتوونە دەستڕەنگینە دەربارەی گرنگی كاركردنی خانمان گوتی: پێویستە كچان و ئافرەتان ئیش بكەن و خاوەنكار و داهاتی خۆیان بن، داوا لە خانمان دەكەم لە تەمەنێكی زووەوە بەهرەی خۆیان بدۆزنەوە و بزانن چ بەهرە و حەز و خولیایەكیان هەیە، تاوەكو لە پاڵ خوێندن پەرە بە بەهرەكانیان بدەن و زانیاری لێ كۆبكەنەوە و ڕۆژانە خۆیان فێری كارەكە بكەن، چونكە ژیانی ئێستا پێویستی بە كاركردن و هەوڵدان هەیە، با ئافرەتیش شان بە شانی پیاو كار بكات و داهاتی خۆی هەبێت، چونكە ئەو كاتەی كە بەرهەمی ماندوو بوونەكەت دەخۆیت دەحەسێیتەوە.»

 

بـــــڕیـــار پـــیـــرداود مـــەخـــمــووری:  داوا لە هەموو كچێك دەكەم، لە پاڵ خوێندن پەرە بە بەهرەكانیان بدەن
Top