ئامانجم ئەوەیە ڕێستۆرانتێكی گەورە بكەمەوە و هەمووان بتوانن تامی خواردنەكانمان بكەن

ئامانجم ئەوەیە ڕێستۆرانتێكی گەورە بكەمەوە و هەمووان بتوانن تامی خواردنەكانمان بكەن

 

پەیام مەحموود حەمە خانمە شێفێكی بە ئەزموونە و ماوەی چەند ساڵێكە لە ماڵەكەی خۆیدا خواردن و شیرینی دروست دەكات و لە ڕێگەی پەیجەكەیەوە بەرهەمەكانی بە بینەرەكانی ئاشنا دەكات، ئەو دایكی چوار كچە و وەك خۆی باسی دەكات كچەكانی لە ڕاپەڕاندنی كارەكانی هاوكاریی دەكەن.

 

پەیام مەحموود حەمە دانیشتووی گەڕەكی كوردساتی شاری سلێمانییە و ساڵی 1980 لەم شارەدا لە دایكبووە و دەرچووی قۆناغی ناوەندییە، لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان چیرۆك و ئەزموونی كاركردنی بۆ خوێنەران باس دەكات.

«ماوەی پێنج ساڵە دەستم بەو كارە كردووە، لە ڕێگەی پەیجەكەمەوە (پەیجی دایكی لالــــە) بەرهەمەكــــــــانم بە كڕیارەكانم دەناسێنم، دایكی چوار كچی جوانم دوو كچە گەورەكەم لە ئامادەكردنی خواردنەكاندا زۆر هاوكارمن، خۆشبەختانە جێگەی خۆمان لە دڵی كڕیارەكاندا كردۆتەوە و لە هەموو شار و شارۆچكەكانەوە داوای خواردنمان لێ دەكەن، زۆر دڵخۆشم بە كارەكەم چونكە بە دڵسۆزی خواردن بۆ كڕیارەكانم دروست دەكەم، كام شتی باش و فرێش بێت ئەوە بۆ كڕیارەكانم بەكار دەهێنم، هەرگیز شتێك بەكار ناهێنم بۆ كڕیارەكان كە بۆ خۆمی بەكار نەهێنم، خۆشبەختانە خەڵك زۆر لە خواردنەكانمان ڕازین، سوپاس بۆ خوای گەورە ئەوەی جارێك تامی خواردنەكانمان بكات دەبێت بە كڕیاری هەمیشەییمان، هەروەها لە وەرزی هاویندا لە چاڤی لاند لە كۆشكێكی بچووكدا خواردنەكانمان دادەنێین، جێگەی دڵخۆشییە كە گەشتیاری شارەكانی دیكە دێن و پێم دەڵێن بە تایبەت هاتووین تاوەكو تامی خواردنەكانت بكەین، لە سەرووی هەموو ئەوانەوە ئامانجم ئەوەیە كە لە داهاتوودا بە ئیزنی خوای گەورە ڕێستۆرانتێكی گەورە بكەمەوە و هەموو كەسێك بتوانێت سەردانمان بكات و تامی خواردنەكانمان بكات».

پەیام مەحموود لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا ئەو بەربەست و ڕێگرییانە چی بوون كە لە سەرەتادا هاتنە سەر ڕێگەی دەركەوتنت؟ ئەو گوتی: «سوپاس بۆ خوای گەورە هیچ بەربەست و ڕێگرییەك نەهاتووەتە بەردەمم، تەنانەت كارەكانم زۆر بە باشی بەڕێوەچوون، چونكە لە سەرەتاوە زۆر بە باشی پلانم بۆ كارەكانم دانابوو، هاوكات خێزانەكەشم زۆر پاڵپشتم بوون، دایكم و باوكم بە تایبەتیش هاوسەرەكەم كە زۆر هاوكارمە و زۆر یارمەتیم دەدات، هاوكات دەمەوێت زۆر سوپاسی زاواكەمان بكەم كە لە سەرەتای كارەكەمەوە زۆر هاوكارم بووە و یارمەتیدەرێكی باشم بووە، لێرەوە بە پێویستی دەزانم سوپاسی خێزانەكەم بكەم كە بەڕاستی هەموویان زۆر هاوكارمن و زۆر پاڵپشتیم دەكەن و یارمەتیم دەدەن».

پەیام مەحموود لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: «لەم سەردەمەی ئێستادا زۆر گرنگە كە ئافرەتان شان بە شانی پیاوان ئیشی خۆیان بكەن و ھەوڵ بدەن لە بوارێكدا بەهرەی خۆیان بدۆزنە، سەربەرزانە ئیش بكەن و خەونەكانیان بهێننەدی، تاوەكو خاوەن داهاتی خۆیان بن، من بە پێویستی دەزانم هەموو ئافرەتێك كارێكی تایبەت بە خۆی هەبێت و پشت بە خۆی بەستێت و بڕوای بە تواناكانی خۆی هەبێت و كۆڵنەدات، چونكە ئەم ڕۆژگارەی ئێستا واپێوست دەكات كە ھەموو كەسێك كارێكی تایبەت بە خۆی ھەبێت».

پەیام مەحموود لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە كاركردن بۆ ئافرەتێك بەم شێوەیە و ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان كار و هاوسەرداری و دایكایەتی سەخت نییە؟ دەڵێت: «بێگومان كاركردن لەگەڵ بەڕێوەبردنی ماڵ و پەروەردەكردنی منداڵ سەختیی زۆری تێدایە، بەڵام من هەوڵمداوە كاتەكانم بگونجێنم و كاتی تایبەت بۆ هەمووی دابنێم، بەڵام كە ئیشت كرد و ویستت ئیشەكەت بە باشی بڕوات، دەبێت كاتەكانت زۆربەی بۆ ئیشەكەت بێت، لەبەر ئەوە لە ئێستادا كاتم بۆ منداڵەكانم كەم بۆتەوە و لێرەوە داوای لێبووردنیان لێ دەكەم، بەڵام خۆشبەختانە ئەم ئیشەی من ئەوەی باشە كە لەناو ماڵەكەی خۆمدایە و دەتوانم لە كاتی كاركردنمدا ئاگاداری منداڵەكانیشم بم».

Top