ئەڤین سەڵاح: خانمان دەتوانن سەربەرزانە بژێوی ژیانیان پەیدا بكەن، بێ ئەوەی كەس بوێریی ئەوە بكات پەنجەیان بۆ ڕابكێشێت
ئەڤین سەڵاح خانمە بلۆگەرێكی گەنج و بە سەلیقەی شاری سلێمانییە، لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بەهرە و تواناكانی پیشانی هەوادارەكانی دەدات، هەروەك خۆی باسی دەكات سەرەتا چەند كارێكی دیكەی كردووە و پاشان بڕیاری داوە بە شێوەیەكی جیاواز دەست بە كاری ڕیكلام بكات، ڕیكلامەكانیش بە جلوبەرگی كوردی و لە سرووشتە جوانەكەی كوردستان ئەنجام دەدات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
ئەڤین سەڵاح تەمەنی35 ساڵە دەرچووی قۆناغی ئامادەییە خێزاندارە و دایكی سێ كچە. لە دیدارێكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە شێوازی ڕێكلامەكان و ئەزموونی كاركردنی بۆ خوێنەران دەكات.
«جۆری كارەكەم بریتییە لە ڕیكلام و ناساندنی بزنسە موعتەبەرەكان لە ڕێی سۆشیاڵ میدیاوە، سەرەتا پەیجی ئۆنڵاینم هەبوو، كە تایبەت بوو بە بالەی شووشەواتی ئەورووپی و بۆ ناساندنی كارەكەم شێوازی تایبەت بە خۆمم هەبوو، تا وای لێهات لە سەرتاسەری كوردستان كارەكەم ناسرا و خەڵكێكی زۆر دەستخۆشیان لێدەكردم، بەشێكیش لە خاوەنكارەكان داوای ڕێكلامیان لێ دەكردم، لە ئاكامدا بڕیارمدا بە شێوەیەكی جیاواز دەست بە كاری ڕێكلام بكەم، واتا هەر كارێك ڕەزامەندی دیین و كۆمەڵگە و تەندروستی لەسەر بێت و سوود بە تاك و كۆمەڵ بگەیەنێت ناساندنی بۆ بكەم. ستایلی ڕێكلامەكانیشم جیاوازە، چونكە بە جلوبەرگی كوردی و لە سرووشتی كوردستاندا ئەنجامیان دەدەم».
ئەڤین سەڵاح سەبارەت بە ئامانجی لە كاركردن دەڵێت: «ئامانجم ئەوەیە هەم خۆم پێبگەینم هەم لە ڕێگەی پۆستەكانم خانمان فێری ئەوە بن بە شێوەیەكی ڕاست و دروست، سەربەرزانە بژێوی ژیانیان پەیدا بكەن، بێ ئەوەی كەس بوێری ئەوە بكات پەنجەیان بۆ ڕابكێشێت».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا كاركردن بۆ ئافرەتێك بەم شێوەیە و ڕاگرتنی هاوسەنگی لەنێوان كار و هاوسەرداری و دایكایەتی سەخت نییە؟ ئەو گوتی: «ئافرەت بە گشتی ماڵ بەڕێوەدەبات و منداڵ پەروەردە دەكات، كاركردنیشی لە دەرەوەی ماڵ زۆر زۆر سەخت دەبێت، بەتایبەتی بۆ من كە خاوەنی سێ كچم لە سێ تەمەنی جیاواز كە هەرسێكیان دەخوێنن، ئەگەرچی هەموو هەوڵ و ماندووبونێكم بۆ ئەوانیشە بەڵام نەمهێشتووە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بێ كەم و كوڕی بن، چونكە بە پشتیوانی خوای گەورە هیچ ڕۆژێكم بەبێ بەرنامە داڕشتن تێناپەڕێت، بۆیە توانیومە ئەو هاوسەنگییە تا ئاستێكی باش ڕابگرم، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا لە كارەكەمدا هاوسەرم هاندەر و پاڵپشتمە تەنانەت بۆ تۆماركردنی ڤیدیۆكانم لەگەڵمدایە و هەموو دەرچوونێكمان بەیەكەوەیە».
ئەڤین سەڵاح لە بارەی بەربەست و ڕێگرییەكانی سەر ڕێگەی دەركەوتنی دەڵێت: «بە دڵنیاییەوە هەركاتێك خانمان دەست بدەنە هەر كارێك بەربەست دێتە سەر ڕێگەیان، جا بەپێی كەسوكار جیاوازە جیاوازی من ئەوەیە كە لەگەڵ خانمانی دیكە ئەوەیە كە كاتێك بڕیاری كارێكی دروست دەدەم كە هەم سوودی بۆ خۆم و هەم بۆ خێزانەكەم هەیە، ئامادە نیم لە دەرەوەی خێزانەكەی خۆم گوێ لە هیچ پێشنیار و ڕەخنەیەك بگرم، بۆیە لەو ڕوانگەیەوە كەمتر ئاستەنگ بۆ من دروست بووە، باوكم و هاوسەرم و براكانم تەواوی باوەڕ و متمانەیان پێ بەخشیووم، خوا یار بێت تا لە ژیاندام لە ئاست متمانەیاندا دەبم».