وێڕای نادادی و توندوتیژییەكان ئافرەت بەهێزە و دەتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت
لە كۆمەڵگە نەرێنییەكان و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرجار كچان و ئافرەتان ڕووبەڕووی كۆمەڵێك نادادی و توندوتیژی دەبنەوە، بە تایبەت لەلایەن خێزانەكانیانەوە تەنانەت هەندێكجار ئامۆزاش دەبێتە بەشێك لەو تراژیدیایە، لە كوردستانی خۆماندا لە ئێستا و لە ڕابردووشدا لە هەندێك ناوچەدا بە شێوەی جیاجیا ستەم لە ئافرەت دەكرێت و لە مافە سەرەتایی و شەرعییەكانی بێبەش دەكرێت.
نەجیبە خانمێكی تەمەن 46 ساڵەیەی دانیشتووی شاری هەولێرە و تاوەكو ئێستا ژیانی هاوژینی پێكنەهێناوە و لە ماڵی برا بچووكەكەی ژیان دەكات، ئەو خاتوونە داهاتی سەربەخۆی خۆی هەیە و كاری بەرگدرووی دەكات، هەر لە ڕێگەی كارەكەیەوە ناسیمان و داوامان لێكرد نهێنی هاوسەرگیری نەكردنی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان باس بكات، لە بەرانبەردا ڕازی بوو و بەمجۆرە چیرۆك و سەرگوزشتەی ژیانی خۆی گێڕایەوە.
كاتێك تەمەنم 19 ساڵ بوو بۆ برا گەورەكەم بە ژن درام واتا ژن بە ژنەیان لەگەڵ ماڵێكی دیاری شاری هەولێر پێكردم، ئەوكات زۆربەی خێزانەكان ئیرەییان بە ئێمە دەبرد كە لەگەڵ ئەو خێزانە تێكەڵ دەبین، لەبەر ئەوەی خێزانەكە باش و دەوڵەمەند بوون و كوڕەكەش زۆر ڕێكوپێك بوو من بێ یەك و دوو ڕازی بووم، هەموو شتێك ئامادەكرا و چاوەڕێ بووین ڕۆژی هەینی ئاهانگەكە بكرێت، ئێوارەی چوار شەممە من بە تەنیا لە ماڵەوە بووم، دایكم لە حەسار بوو مانگای دەدۆشی حەسارەكەش لە تەنیشت ماڵی خۆمانەوە بوو، بینیم پیاوێكی دەمامكدار لەسەر دیوار ئاودیوی ناو حەوشە بوو، ویستم هاواربكەم بەڵام دەستی خستە سەر دەمم و منی خستە ناو سەیارەكەی و بەزۆر منی ڕفاند.
ئەو ئامۆزایەم ژن و كۆمەڵێك منداڵی هەبوو، كەچی بەردەوام بە بابمی دەگوت نەجیبە هی خۆمە و نابێت بۆ كەس بێت، باوكیشم هەمووجارێك پێی دەگوت كوڕم ئەتو ژنەكت هەیە دەڵێی زێڕە، لە خوای بە زیاد بێ كوڕت هەیە و كچیشت هەیە، بەختی كیژەكەم ڕەش مەكە و بابچێتە ڕێی خۆی، هەر لەبەر ئەوەش بوو باوكم ئەمنی بە ژن دا تاوەكو ئامۆزاكەم قسەی نەیەت و واز بێنێت.
بەڵام ئەو دەستی خۆی وەشاند و منی ڕفاند، ڕۆژی دواتر باوكم و براكانم ئەمنیان هێناوە ماڵی خۆمان، بەڵام پاش چی پاش ئەوەی ژیانی لەناو بردم، لە ئەنجامدا هاوسەرگیرییەكەم هەڵوەشایەوە و ماڵی دەستگیرانەكەم بەهۆی ئەو كارە قێزەوەنەی ئامۆزاكەم كشانەوە و گوتیان هەردوولامان ژنەكان تەڵاق دەدەین و تەڵاقدرام، ئەو كارەی ئامۆزاكەم بووە پەڵەیەكی ڕەش هەموو ژیانی تاریك كردم، بەڵام لەو كاتەوە بڕیارمدا كاربكەم و لەسەر پێی خۆم ڕابوەستم، كە ڕێگەیان نەدام كاری دەرەوە بكەم، گوارەكەمم فرۆشت و مەكینەیەكی دوورمانم پێی كڕی، دوای مردنی دایك و باوكم لای برا بچووكەكەم مامەوە، هەرچەند لەسەر دەستی خۆمم و بەو مەكینەیە خەرجی خۆم و خەرجی ماڵەكەش دابین دەكەم، كەچی براژن و برازا بێزاریم لێدەكەن وەكو بێگانە ڕەفتارم لەگەڵ دەكەن، پاش ئەو هەموو ناخۆشی و زوڵم و تەعەدایەی لێم كرا، كەس خۆی بە خاوەنم نەكرد، براكەم كە من بۆی بە ژن درا بووم دوای دوو مانگ ژنی هێنا، جەژن و جەژنیش پێم ناڵێت خوشكم وەرە نانێك لە ماڵەكەم بخۆ، لەبەر هەموو ئەوانە هەمیشە دەڵێم حەمد و سەنا لۆ ئەو خوایە كە موحتاجی دەستی كەس نیم و بەخۆم خۆم بەخێو دەكەم.