هەنا عەلی: پێویستە خانمان ئەو بەهرەیەی كە هەیانە نەیشارنەوە و هەوڵی بۆ بدەن
هەنا عەلی خانمە گەنجێكی دەستڕەنگینی دانیشتووی تەوێڵەیە لە هەورامان، لە ڕێگەی پەیجەكەیەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فێركاریی چێشتلێنان و شیرینی دروستكردن بڵاودەكاتەوە، لە ئێستاشدا لە سەنتەری چالاكی و پاراستنی منداڵانی تەوێڵە بە شێوەی خۆبەخش وەكو ڕاهێنەری دروستكردنی خواردن دەست بە كار بووە.
هەنا عەلی ساڵی 2000 لە قەزای چەمچەماڵ لە دایكبووە و دەرچووی قۆناغی ئامادەییە و ژیانی هاوبەشی پێكهێناوە و دایكی كوڕێكی جوانە، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە هەنگاوەكانی دەستپێكی كارەكەی و سەركەوتنەكانی بۆ خوێنەران دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
«دوای تەواوكردنی قۆناغی ئامادەیی بەشی وێژەیی لەبەر چەند هۆكارێك نەمتوانی بچمە زانكۆ و درێژە بە خوێندن بدەم، دواتر هاوسەرگیریم كرد، دوای چوار ساڵ لە هاوسەرگیری خوای گەورە كوڕێكی جوانی پێ بەخشیم، خوا بیدات بەهەموو لایەك، بە حوكمی ئەوەی كاری دەرەوەم نەبوو، لە ماڵەوە بەردەوام شیرینی و خواردنم ئامادە دەكرد و زۆر كەس لە بارەی چۆنیەتیی دروستكردنەكەی پرسیاریان لێ دەكردم، منیش بیرم لەوە كردەوە كە پەیجێك دابنێم و فێركاری شیرینی و خواردنەكانم لەوێ بڵاوبكەمەوە».
لە درێژەی قسەكانیدا و سەبارەت بە سەرەتای كارەكەی دەڵێت «دوای ئەوەی كە پەیجەكەم دانا وردە وردە هەستم كرد خەڵك بە دڵیەتی و بۆیە لەگەڵ فێركارییەكان بلۆگەریشم دەست پێكرد، كە دەچمە شوێنێك یان گۆڕانكارییەك لە ماڵەكەمدا بكەم لەگەڵ فۆڵۆوەرسەكانم شەیری دەكەم، بەردەوامیش لە ستۆری ژیانی ڕۆژانەی خۆم لەگەڵیاندا بەش دەكەم، هەر لە ڕێگەی پەیجەكەمەوە دایكایەتی و دەستڕەنگینی خۆمیان پیشان دەدەم، سوپاس بۆ خوا زۆركەس پەیجەكەمیان بەدڵە ئەوەش بۆ من مایەی دڵخۆشی و بەردەوامییە».
هەنا عەلی دەربارەی پشتگیری و هاندەرەكانی دەڵێت «خێزانەكەم هەمیشە لە سەركەوتنەكانم پاڵپشت و هاندەرم بوون، بەتایبەت هاوسەرەكەم هاوسۆز و هاوكارێكی باشم بوو، هەمیشە پێی دەگوتم (قەت بەقسەی كەس نەڕووخێیت و نەڵێی واز دەهێنم)، چونكە ئەو دەیزانی كە چەند پەیجەكەمم خۆشدەوێت و چەند هۆگری بووم، بە تایبەت كە فۆڵۆوەرسەكانم بوونە بەشێك لە ژیانم، بۆیە ئەو پشتگیرییەی هاوسەرەكەم وای لێكردم بەردەوام بم و پەیجەكەی خۆمم زیاتر خۆشبووێت، چونكە لەڕیی پەیجەكەمەوە هەنگاوێكم بۆ پێشەوە هەڵگرت، ئێستاش لە سەنتەری چالاكی و پاراستنی منداڵانی تەوێڵە بە شێوەی خۆبەخش وەكو ڕاهێنەری دروستكردنی خواردن كاردەكەم، ئەوە زۆر خۆشحاڵی كردم كاتێك دەستڕەنگین منیان بینی لەلایەن ڕێكخراوی یونسێف وەكو ڕاهێنەر هەڵبژێردرام، ئەویش بۆ ئەوە بوو تاوەكو خانمانی تەوێڵە بتوانن بۆخۆیان شتێك فێربن و تێیدا سەركەوتووبن.
ڕاستە كارەكەم خۆبەخشییە بەڵام ئەوە یەكەم ئەزموونم بوو كە بتوانم نەك هەر لەپەیجەوە بەڵكو ببمە ڕاهێنەر و ڕاستەوخۆ بۆ خانمان سوودم هەبێت».
سەبارەت بە ئامانجیشی هەنا عەلی گوتی«ئامانجم لەو كارە ئەوەیە ئەو خانمانەی كە خواردن و شیرینی بەدەستیان دەرناچێ یان هەر نازانن دروستی بكەن، بتوانن لەڕێی پەیجەكەی منەوە بە شێوازێكی ئاسان فێری خواردن و شیرینییەكان ببن، سوپاس بۆ خودا زۆر كەس سوودیان لێ وەرگرتووە و پێم دەڵێنەوە و بەردەوامیش دەستخۆشیم لێدەكەن، هاوكات زۆر حەزم لە ڕازاندنەوەی سفرە و خوانە حەز دەكەم ئەگەر شتێكی كەمیش بێت بەجوانی بیڕازێنمەوە ئینجا پێشكەشی خێزانەكەمی بكەم».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا بۆ داهاتوو بیرۆكەی گەورەكردنی كارەكەت هەیە؟ ئەو گوتی«بە دڵنیاییەوە كار بۆ بەرەوپێشبردنی كارەكەم دەكەم، پەنا بەخوا گەورە پشتیوانم بێت هەوڵدەدەم و بیرۆكەی ئەوەم هەیە هەر لە ڕێگەی پەیجەكەمەوە فێركاری كاری دەستی پیشانی بینەرەكانم بدەم، لە ئێستادا دەستم پێكردووە بەڵام جارێ پڕۆژەكەم بچووكە بەڵام هەوڵی بۆ دەدەم كە هەر بە كەلوپەلی زیادەی ماڵەكەیان بتوانن كارە دەستییەكان ئەنجامبدەن».
هەنا عەلی لە كۆتایی قسەكانیدا دەڵێت «پەیامی من وەكو بلۆگەرێك بۆ خانمەكانمان ئەوەیە و پێیان دەڵێم خانمان هەوڵبدەن هەرگیز قسەی هیچ كەس كارتان تێنەكات، پێویستە خانمان ئەو بەهرەیەی كە هەیانە نەی شارنەوە و بەردەوام هەوڵی بۆ بدەن، هەر ئامانجێكیان هەیە هەرگیز كۆڵ نەدەن».