شێنێ سوعاد: ئامانجم لە كارەكەم ئەوەیە زانیاری پێویست و ئەزموونی دایكایەتیم بخەمەڕوو
شێنێ سوعاد خانمە گەنجێكی بە سەلیقەی دانیشتووی شاری سلێمانییە، لە ڕێگەی پەیجەكەیەوە بەشێوەی ئۆنلاین شێوازی ژیانكردنی خۆی لەگەڵ بینەرەكانی دابەشدەكات و زانیارییەكانی لەبارەی ئەزموونی دایكایەتی و هونەری چێشتلێنان بڵاودەكاتەوە،
شێنێ سوعاد ساڵی 1998 لە شاری سلێمانی لە دایكبووە و بەشی ئای تی پەیمانگەی تەواو كردووە، خێزاندارە و دایكی كچێكە بە ناوی سۆفیا، شێنێ لە دیدارێكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان چیرۆكی سەركەوتنی خۆی و ئەزموونی ژیانی بۆ خوێنەران باس دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
«سەرەتای دەستپێكردنی ئەم كارەم و شێوازی كارەكەم بیرۆكەیەك بوو كە سەرەتا بۆ ئەوە بوو كەمێك خۆمی پێوە سەرقاڵ بكەم لەبەرئەوەی دوای ئەوەی دایكم كۆچی دوایی كرد زۆر تەنیا بووم و پێویستیم بەوە بوو لەو ناخۆشی و گۆشەگیرییە بێمەدەرەوە، ئەو پەیجەم دانا تاوەكو بەو زانیارییانەی كە لامە ببمە دەرمان و چارەسەر بۆ ئەو كەسانەی كە پێویستیان پێیە، سوپاس بۆ خوا هەمان ساڵ كە دایكمم لە دەستدا خوای گەورە كچێكی جوانی پێ بەخشیم بوو بە هاوڕێ و هاودەمی ڕۆژە سەختەكانم».
شێنێ سوعاد سەبارەت بە ئامانجی هاتنی بۆ ناو سۆشیال میدیا و دنیای ئۆنلاین دەڵێت «ئامانجم لە كارەكەم بریتییە لەوەی كە زانیاری پێویست و ئەزموونی دایكایەتیم بخەمەڕوو بەتایبەت بۆ ئەو كەسانەی كە بە باشی نازانن خواردن و شیرینی دروست بكەن، یان بۆ ئەو كەسانەی تازە هاوسەرگیری دەكەن، تەنانەت زۆرجار كە خواردنێكی تازە پەیدا دەبێت، من لێرە دووبارەی دەكەمەوە بە ڤیدیۆ و بە دەنگ بڵاوی دەكەمەوە، هەموو زانیارییەكان پۆست دەكەم بۆ ئەوەی بینەر سوودم لێ وەربگرێت و لێمەوە فێرببێت».
لەگەڵ ئەوەشدا شێوازی ژیانكردنی ڕۆژانەی خۆم دادەنێم، هەر لە چۆنیەتی ڕێكخستنی ناوماڵ و بەخێوكردنی منداڵ، چۆنییەتی دروستكردنی ئەو شۆربایانەی كە لە دوای تەمەنی 6 مانگییەوە بە منداڵ دەدرێن، هەموو ئەو زانیارییانە لە پەیجەكەی مندا بەردەستە».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا چۆن هاوسەنگی لەنێوان كارەكەت و دایكایەتی و بەڕێوەبردنی ماڵ ڕادەگریت؟ ئەو گوتی «هەمیشە هەوڵی ئەوە دەدەم كە بەردەوام بم، چونكە دڵنیام لەوە بینەرەكانم منیان خۆش دەوێت، ئەگەر یەك ڕۆژ دیار نەبم هەواڵم دەپرسن، بە خۆشحاڵییەوە پەیجەكە بووە بە ماڵی دوەمم.
ئەو خاتوونە لە كۆتایی قسەكانیدا بەمجۆرە هانی خانمان دەدات بۆ كاركردن و دەڵێت: «لە ژیانی ڕۆژانەماندا هەرچییەك ڕووبدات ژیان هەر بەردەوامە، ئێمە بەو بەردەوامیەوە جوانین، تكایە خانمان هەموو ڕووداوەكان وەلا بنێن و ئەو بەهرەیە بدۆزنەوە كە لە خۆتاندا بەدی دەكەن، نەترسن و باقسەی خەڵك لە بەدەستهێنانی ئامانجەكانتان ساردتان نەكەنەوە، بۆ دەستكەوتنی پاروویەك نانی حەڵاڵ دەست لە كەس پان مەكەنەوە و لەسەر مافی ڕەوای خۆتان وەرنەدەنگ».