لاڤان ئەمیر حاجی ڕەزا: تا ئێستا زۆرترین كڵاوم بۆ زۆربەی شارەكانی كوردستان و دەرەوەی وڵاتیش ناردووە

لاڤان ئەمیر حاجی ڕەزا:  تا ئێستا زۆرترین كڵاوم بۆ زۆربەی شارەكانی كوردستان و دەرەوەی وڵاتیش ناردووە

 

 

زۆرن ئەو ئافرەتە بەهێزانەی كە لەگەڵ هەموو بارودۆخێكدا خۆیان دەگونجێنن بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانیان كۆڵ نادەن و شەڕ لەگەڵ ئاستەنگەكان دەكەن، لاڤان ئەمیر حاجی ڕەزا خانمە گەنجێكی بە سەلیقە و دەستڕەنگینی شاری كۆیەیە و لە ئێستادا خاوەنكاری خۆیەتی و دییزاینی جلوبەرگی فۆلكلۆر و مۆدێرن بە هەموو بابەتەكانیەوە دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

لاڤان ئەمیر حاجی ڕەزا لە ساڵی 1994 لە شاری كۆیە لەدایك بووە و هەر لە كۆیەش نیشتەجێیە، دەرچووی كۆلێژی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكانی زانكۆی سەڵاحەدینە و لە ئێستادا بە شێوەی خۆبەخش لە هۆبەی باخداریی كۆیە كار دەكات، خێزاندارە و دایكی كوڕێكە، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان بەمجۆرە چیرۆكی سەركەوتنی خۆی دەگێڕێتەوە.

«سەرەتای دەست بەكاربوونم تەنیا جێبەجێكردنی خەونێكی منداڵیم بوو، كە هەموو كات خەیاڵم بۆی كردووە، خەونی ئەوەم هەبوو كە ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەو خەونەم بێتە دی و خۆم ببینم وەكو كەسێك كە كاری دییزاینی جلوبەرگ بكات، ئینجا جلوبەرگەكەش كوردی و فۆلكلۆر بێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە ئاواتم ئەوە بووە كە هەموو بابەتێكی كلتووری ناوچەكەم زیندوو بكەمەوە، هەر لە منداڵییەوە كڵاوم دروست دەكرد، ئەویش تەنیا بۆ خودی خۆم، كاتێك كە دەچوومە ناو خەڵك تاكە منداڵ بووم كە ئەو جۆرە كڵاوانەیان لەسەر دەبینیم، سەرەتا تەنیا دوو كڵاوم هەبوو، بەڵام كە گەیشتمە قۆناغی خوێندنی ئامادەیی كڵاوی سەروتاسی كۆییانم لەسەر شێوازە كۆنەكەی دووبارە دروست كردەوە، لەو كاتەوە هەر ساڵێك جۆرە كڵاوێكم لەسەر دەكرد تا وای لێهات وردە وردە بۆ خەڵكیشم دروست دەكردن، تەنانەت لە چەندین ڤیستیڤاڵ و بۆنە داوای كڵاوی كلتووری و كۆنیان لێ دەكردم، جگە لەوەش زۆر داوایان لێكردم پەیجێك یان دوكانێك دابنێم تا خەڵكی شارەكانی دیكەش بەو كڵاوانە ئاشنا بن، ئیتر لە خوا بەزیاد بێت ئێستا خاوەن پەیجی خۆمم و تا ئێستا زۆرترین كڵاوم بۆ زۆربەی شارەكانی كوردستان و بگرە دەرەوەی وڵاتیش ناردووە».

لاڤان ئەمیر حاجی ڕەزا سەبارەت بە ئامانجی لە كارەكەیدا دەڵێت: «وەكو هەر خانمێك ئامانجمی زۆرم هەیە، یەكەمیان هەر وەكو باسم كرد بریتییە لە پاراستنی كلتووری وڵاتی خۆمان، دووەم پاراستنی فۆلكلۆری ڕەسەنی كوردەواری سێیەمیش دووركەوتنەوە لە جلوبەرگی نەشیاو و جلوبەرگی بیانی وڵاتانی دیكە، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئامانجی سەرەكیم ئەوەیە كە هەر گەشتیارێك هاتە كوردستان بە جلوبەرگی ڕەسەنی كوردیمان ئاشنا بێت و بزانێت ئێمەی كورد لە كۆندا چۆن ژیاوین و چیمان بەكارهێناوە».

لاڤان ئەمیر سەبارەت بە هاندەرانی پشت سەركەوتنەكانی گوتی: «بۆ بابەتی هاندان ناتوانم بڵێم تەنیا كەسێك بووە، بەڕاستی زۆر كەس هەن لە ژیانم و دەوروبەرم كە زۆر زۆر هانم دەدەن و داوام لێدەكەن كە هەرگیز وازنەهێنم، ئەوان كارەكانی منیان بە دڵە و پاڵپشتیشن، پێموایە هەر كەسێك بە تایبەتی ئافرەت ئەگەر پاڵپشتیی خێزانەكەی لەگەڵ نەبێت سەركەوتوو نابێت و ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبێتەوە، لەبەر ئەوە لێرەوە سوپاسی ماڵی باوكم و هاوسەرەكەم دەكەم كە بەردەوام لە هەموو بارودۆخێكدا لەگەڵمدان».

 

Top